رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا دەڵێت، ئەم ساڵ زیاتر لە هەشت هەزار کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو ئەورووپا کۆچیان کردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''لەو ژمارەیە 46 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە''.
ئەمڕۆ شەممە 30-11-2024، ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماری ئەم ساڵی تایبەت بە کۆچبەرانی راگەیاند و گوتی، ''لە هەرێمی کوردستانەوە زیاتر لە هەشت هەزار کەس بەرەو ئەورووپا و بەریتانیا کۆچیان کردووە کە زۆربەیان گەنجن.''
ئەبوبەکر عەلی گوتی، دەڤەری راپەڕین پشکی شێری لە کۆچکردن بەرکەوتووە و رایگەیاند، ''لەو هەشت هەزار کۆچبەرە زیاتر لە دوو هەزار و 300 کەسیان خەڵکی دەڤەری راپەڕینن.''
بەگوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا، هەر ئەم ساڵ 46 هاونیشتمانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆچ گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان گەنج بوون و منداڵیشیان تێدا بووە.
وەک ئەبوبەکر عەلی دەڵێت، لەو هاونیشتمانییانەی لە رێگەی کۆچ گیانیان لەدەستداوە، 14ـیان خەڵکی دەڤەری راپەڕین بوون.
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا هۆکاری زۆریی کۆچکردنی گەنجانی دانیشتووی دەڤەری راپەڕینی بۆ نەبوونی دەرفەتی کار گەڕاندەوە و داوای لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئیدارەکە کرد ''ئاوڕێکی جیدی'' لە ناوچەکە بدەنەوە.
ئەبوبەکر عەلی گوتی، دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران لە وڵاتانی ئەورووپا و بەریتانیا رووی لە زیادبوونە و ''تەنیا ئەم ساڵ ئەڵمانیا 190 هاونیشتمانیی خەڵکی هەرێمی کوردستانی دیپۆرت کردووەتەوە، لە بەریتانیاشەوە 28 کەس و لە فەرەنساوە 9 کەس نێردراونەتەوە هەرێمی کوردستان؛ هەروەها لە نەرویجەوە 12 کەس دیپۆرتی عێراق و هەرێمی کوردستان کراونەتەوە.''
بەپێی راپۆرتێکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، لە 2015 تاوەکو شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵ، 591 کەس لە رێگەی گەیشتن بۆ ئەورووپا بوونەتە قوربانی، لەوانە 343 کەسیان گیانیان لەدەستداوە، 248ـیشیان بێسەروشوێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ