رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی باڵای تۆماری بنەتۆ لە وەزارەتی كشتوكاڵ دەڵێت، هەزار و 600 تۆن بنەتۆویان بەشێوەی پاڵپشتی داوەتە جووتیارانی ناوچە جیاوازکان.
زانا محەممەد، ئەندامی لیژنەی باڵای تۆماری بنەتۆو لە وەزارەتی كشتوكاڵ و ئاودێریی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵ هەزار و 600 تۆن گەنمی بنەتۆومان داوەتە جووتیاران لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، ئەویش بە نرخی پاڵپشتیکراو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە".
هەر جووتیارێک بەگوێرەی پانتایی زەوییەکەی بنەتۆوی پێدراوە؛ جووتیار هەبووە پێنج تۆنی وەرگرتووە و جووتیاریش هەبووە 500 کیلۆگرام.
بە گوتەی زانا محەممەد، تاوەکو ئامادەکردنی بنەتۆوەکە هەر تۆنێکی ملیۆن و 40 هەزار دینار لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کەوتووە، لە بەرامبەردا بنەتۆوی تۆمارکراو تۆنی 640 هەزار دینار و بنەتۆوی باوەڕپێکراو تۆنی بە 600 هەزار دینار دراوەتەوە جووتیاران.
دوای پێگەیشتنی گەنم لیژنەی بنەتۆو لە وەزارەتی کشتوکاڵ بەدواداچوون بۆ ئەو زەوییانە دەکات کە بە گەنمی بنەتۆوی پاڵپشتیکراو چێندراون، ئامانجیشی زانینی بڕشتی بنەتۆوەکەیە بۆ ئەوەی پەرەی زیاتری پێبدەن.
ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت. زانا محەممەد گوتی، "ئەم ساڵ گەنمی کەمتری هەرێمی کوردستان وەردەگرن کە 350 بۆ 400 هەزار تۆن دەبێت، ئەوەش هەر لە ئێستاوە نیگەرانیی جووتیارانی لێکەوتووەتەوە".
لە هەرێمی کوردستاندا ساڵانە زیاتر لە 120 هەزار تۆن گەنمی بنەتۆو دەچێندرێت. بە گوتەی زانا محەممەد، لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە نزیکەی 50 هەزار تۆن گەنمی بنەتۆو پێویستە و ئەوی دیکەش لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دەچێندرێت.
لەبارەی ئەو بۆشاییەی لە کەمی بنەتۆو دروست دەبێت، ئەو ئەندامەی لیژنەی باڵای تۆماری بنەتۆو لە وەزارەتی كشتوكاڵ گوتی، بەشێکی جووتیاران ساڵانە خۆیان بنەتۆو بۆ خۆیان بەرهەم دەهێنن و چەند کۆمپانیایەکی نێوخۆییش گەنمی بنەتۆو ئامادە دەکەن.
لە پێنج ملیۆن دۆنم زەویی دێمی لە هەرێمی کوردستان، ساڵانە نزیکەی سێ ملیۆن دۆنم بە گەنم و جۆ دەچێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ