رووداو - هەولێر
ئاسایشی قەزای بەردەڕەش ئەندامێكی مەڵبەندی مووسڵی یەكێتی لە نێو بازاڕدا دەستگیردەكات، كەسوكارەكەی پێیانوایە هۆكاری سیاسی لە پشت دەستگیركردنیەتی، بەڵام ئاسایش دەڵێت ئەو كەسە بە بڕیاری دادوەر دەستگیركراوە.
رۆژی چوارشەممە 24/10/2018 ئاسایشی قەزای بەردەڕەش كەسێكی بەناوی خالید عەبدوڵڵا مەعروف كە ئەندامی مەڵبەندی مووسڵی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە و برای خەسرۆ گۆران، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتییە، لەناو بازاڕی قەزای بەردەڕەش دەستگیر كرد و كەسوكارەكەیان دەڵێن بە هۆكاری سیاسی گرتوویانە، بەڵام ئاسایش دەڵێت "بە بڕیاری دادوەری دهۆك دەستگیركراوە".
كوڕەكەی خالید عەبدوڵڵا لە سۆشیالمیدیا بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە گرتنی باوكی تۆمەتبار دەكات و هۆكارەكەشی بە گوتەی خۆی، زیادبوونی دەنگەكانی یەكێتییە لەو دەڤەرە و بەناوبانگبوونی باوكیەتی لە ناوچەكە.
عەلی خالید لە سۆشیالمیدیا نووسیویەتی كە هەڕەشە لە باوكی كراوە بۆئەوەی واز لە كاری سیاسی بهێنێت و دەڵێت "منیش وەكو باوكم، چەندینجار هەڕەشەم لێكراوە".
سەرچاوەیەك لە ئاسایشی بەردەڕەش بە (رووداو)ی راگەیاند كە ئەوان تەنیا ئەركی خۆیان جێبەجێ كردووە، ئەویش دوای ئەوەی كە فەرمانی دادوەر لە دادگای دهۆك گەیشتووەتە دەست ئەوان، ئەو كەسە بەپێی مادەی 2 ی تایبەت بە ئامێرەكانی پەیوەندی، بەڕێزەوە لە بازاڕ دەستگیركراوە و رەوانەی ئاسایشی ئاكرێ كراوە. ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "ئێمە لەسەر بنەمای یاسا كار دەكەین، هەر كەسێك لە هەر حیزبێك بێ، بڕیاری دادوەرمان بۆبێت، دەستگیری دەكەین".
غەیاس سورچی، كارگێڕی مەڵبەندی مووسڵی یەكێتی بە (رووداو)ی راگەیاند كە ئەوانیش بە دواداچوونیان بۆ ئەو بابەتە كردووە و گوتی: "خۆیشم گەیشتوومەتە قەناعەت كە بابەتەكە سیاسی نییە".
سەبارەت بەو پەیج و سایتانەی كە بابەتەیان كردووەتە سیاسی، بەرپرسەكەی یەكێـتی گوتی: "كێشەكە سیاسی نییە، رەنگە ئەم بابەتە تەنیا لەبەر ئەوە گەورە كرابێ، چونكە كاك خالید برای كاك خەسرۆ گۆرانە كە ئەندامی سەركردایەتی پارتیە، تەنیا نیگەرانی ئێمە ئەوەیە رۆژی چوارشەممە دەستگیریان كردووە، هەینی و شەممەی بەسەرداهاتووە، نەمانتوانیوە بە كەفالەت ئازادی بكەین، چونكە تا نیوەڕۆی رۆژی یەكشەممە لە ئاسایشی ئاكرێ بوو، رەوانەی پۆلیسی دهۆك نەكرابوو".
ئەمڕۆ سێشەممە 30-10-2018، رووداو پەیوەندی بە خەیاس سوورچی، گوتەبێژی مەڵبەندی یەکێتی لە موسڵ کرد و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ئەو ئەندام مەڵبەندە ئازادنەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ