رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی لە چەند ناوچەیەک باران دەبارێت. کەشناسێک دەڵێت، بارانبارین پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئاسمان پەڵە هەور دەبێت و بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلە بەرز دەبێتەوە.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "سبەی لە شەودا لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان ئەگەری نمەباران هەیە و هەندێک کات دەگۆڕێت بۆ تاوە باران و برووسکە بە شێوەی پچڕ پچڕ و تاوەکو بەیانیی رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت".
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، شەپۆلەکە شەوی سێشەممە سەرەتا لە ئیدارەی گەرمیان دەبێت و دواتر دەگاتە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین.
ئەو کەشناسە دەڵێت، چەقی بارانبارینەکە دوای نیوەشەوی سێشەممە بۆ بەرەبەیانی چوارشەممە دەبێت و لە سلێمانی، هەڵەبجە، دووکان و بەشێکی گەرمیان "لێزمەباران و برووسکەی تووندی ناوبەناو دەبێت و پلەی گەرماش چوار پلە دادەبەزێت".
بە گوتەی محەممەد کەمال، "لە بەشی رۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی ئەگەری لافاوی کتوپڕ هەیە". گوتیشی، لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، کەرکووک و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەگەری بارانبارین لاوازە.
محەممەد کەمال گوتی، بارانبارینەکە بە بڕی جیاواز دەبێت و لەنێوان 10 بۆ 70 ملیمەتردا دەبێت؛ ئاماژەی بەوەش کرد، پێش نیوەڕۆی چوارشەممە کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە
لە هەولێر ئامادەکاری بۆ رێگری لە لافاو دەکرێت
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، "لە چوارچێوەى هەوڵەکانى رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانى پەنگخواردنەوەى ئاوی زیادە و دروستبوونی لافاو، هەڵمەتی گشتگیرى پاککردنەوەى سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆڵ، خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆ، کەند و رێرەوە سرووشتییەکانى ئاوى باران بەر لە وەرزی بارانبارین و زستانى ئەم ساڵ لە سنوورى پارێزگاى هەولێر دەستى پێکرد".
بەرپرسێکی باڵای کارگێڕی لە پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوی گوت، تیمەکانى فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان دەستیان بە کارەکەیان کردووە و هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت و هەموو هەنگاوێک بۆ رێگری لە لافاو دەگیرێتەبەر.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی پلەی گەرما لە باشووری کوردستان بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر؛ 34 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 32 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 36 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 38 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 35 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 34 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 19 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 31 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 39 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ