رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، زانکۆلاینی بۆ پێنج رۆژی دیکە درێژکردەوە.
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "لەپێناو پێدانی دەرفەتی زیاتر بە دەرچووانی 12ـی ئامادەیی، ئەمڕۆ بڕیاردرا کارابوونی زانکۆلاین بۆ پێنج رۆژی دیکە درێژبکرێتەوە".
بەگوێرەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، تاوەکو کاژێر 12:00ـی شەوی 05-10-2024 زانکۆلاین کارا دەبێت.
وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "بڕیارەکە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و پێدانی دەرفەتی زیاترە بە دەرچووان کە بەهەر هۆکارێک بێت نەیانتوانیوە فۆرمی زانکۆلاین پڕبکەنەوە. ئێستا دەتوانن سوودمەندبن لەم دەرفەتە. هەروەها دەرچووانی خوێندنگە کوردییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش بەهەمان شێوە لەم ماوەیەدا دەتوانن سوود لەم دەرفەتە وەربگرن".
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، تاوەکو پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 71%ـی دەرچووانی ئەم ساڵ داواکارییان لە رێگەی زانکۆلاینەوە پێشکێش کردووە، واتە 39 هەزار دەرچووی ئەم ساڵ و 6 هەزار دەرچووی ساڵانی پێشوو.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژە بەوە دەکات، وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ریزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچووان لە زانکۆلاین پێشکێشی دەکەن بە رەچاوکردنی کۆنمرەی قوتابى.
17ـی ئەیلوول، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، نمرەی دەرچووانی ئامادەیی لە وەزارەتی پەروەردەوە رادەستی وەزارەتەکەیان کراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، وەزارەتی پەروەردە نمرەی 55 هەزار و 720 دەرچووی 12ـی ئامادەیی رەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە و بەراورد بە ساڵی رابردوو 19 هەزار دەرچووی زیاتر هەن.
ساڵی رابردوو بۆ ماوەی 8 رۆژ زانکۆلاین کارابوو و دواتر جارێک کاتەکەی درێژکرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ