رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 18 کرێکار لە هەرێمی کوردستان لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە.
یوسف کەریم، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کرێکارانی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە، 30-06-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 9 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە".
هەر ئەمڕۆ چالاک رەئووف، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمساڵ 8 کرێکار لەکاتی کارکردندا لە سنووری سلێمانی گیانیان لەدەستداوە".
چالاک رەئووف گوتی، لە هەندێک لە قەزا و ناحیەکان کرێکاران لە شوێنی کارەکانیشدا گیان لەدەست دەدەن و تۆمارناکرێن. ئاماژەی بەوەش کرد: "ساڵانە سەتان کرێکار بریندار دەبن و لەلایەن خاوەنکارەکانەوە دەبرێنە نەخۆشخانە و برینداربوونەکە دەشارنەوە و رێگە نادەن بڵاوبکرێتەوە".
لە دهۆک ئەم ساڵ گیانلەدەستدانی یەک کرێکار تۆمار کراوە. وڵات ئۆزمانی، سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان ئەمڕۆ بە رووداوی گوت: "کرێکارەکە 16ـی مانگی 3 گیانی لەدەستدا و ناوی ئەحمەد وەلی، لەدایکبووی 1997 بوو".
ساڵانە کەمترین گیانلەدەستدانی کرێکاران لە هەڵەبجە تۆمار دەکرێت. کارزان محەممەد، سەرۆکی لقی هەڵەبجەی سەندیکای کرێکاران بە رووداوی گوت، لە سنووری پارێزگاکە هیچ گیانلەدەستدانێکی کرێکاران تۆمارنەکراوە: "کەمیی پڕۆژە لە سنوورەکەمان هۆکاری یەکەمی روونەدانی رووداوەکانی مردن و برینداربوونی کرێکارانە لە کاتی کاردا".
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، ساڵی رابردوو 73 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستدابوو.
بەگوێری ئاماری یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان بۆ رووداو، ئاماری گیانلەدەستدانی کرێکاران لە شەش ساڵی رابردوودا بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:
- ساڵی 2022: 41 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2021: 37 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2020: 35 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2019: 38 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2018: 25 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2017: 16 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2016: 62 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ