رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی سامانە سرووشتییەکانی لوڕستان دەڵێت، لە سێ مانگی رابردوودا زیاتر لە 20 هەزار دۆنم دارستان و پاوانی سنووری پارێزگاکە سووتاوە، کە ''بەشێک لە ئاگرکەوتنەوەکان بەئەنقەست بوون."
حوسێن میرزایی، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە 21-03-2024ـەوە ئاگر لە 20 هەزار دۆنم (دوو هەزار هێکتار) زەوی، دارستان و پاوانی سنووری پارێزگاکە کەوتووەتەوە.
بەگوتەی حوسێن میرزایی، زۆرترین ئاگرکەوتنەوە لە سنووری شارەکانی چگنی، پولدوختەر و کوهدەشت بووە، بەشێکیان بەئەنقەست بوون.
بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و سەرچاوە سرووشتییەکانی لوڕستان گوتی، تاوەکو ئێستا 23 کەس بەتۆمەتی خستنەوەی ئاگر لە پارێزگاکە لەلایەن دەسەڵاتی دادی پارێزگاکەوە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە.
هاوکات سەعید ئەمیری، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی لوڕستان رایگەیاند "سزای ئەو کەسانەی ئاگر لە دارستانەکان بەردەدەن، لە سێ ساڵ کەمتر و لە 10 ساڵ زیندانیکردن زیاتر نابێت.''
رووبەری دارستانی زنجیرە چیای زاگرۆس زیاتر لە 24 ملیۆن دۆنمە و لەو رووبەرە زیاتر لە چوار ملیۆن و 800 دۆنمی دەکەوێتە سنووری پارێزگای لوڕستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ