رووداو دیجیتاڵ
لە دارستانی رانیە زیاتر لە چوار هەزار درەختی سنەوبەر وشک بوون. بەڕێوەبەری ژینگەی سنوورەکە دەڵێت، گۆڕانی کەشوهەوا و کەڕوو، هۆکارن.
دارستانی رانیە لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکانی سەتەی رابردوودا لە بناری چیای کێوەڕەش لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لەسەر پانتایی نزیکەی 915 دۆنم زەوی دروستکراو، نزیکەی 25 هەزار درەختی جۆری "سنەوبەری زاویتە"ـی لێ چێنراوە.
محەممەد کەریم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 30ـی ئایاری 2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وشکبوونی درەختەکان لە ساڵی 2020ـەوە دەستیپێکردووە و بە چەند پلەیەک تاوەکو ئەمڕۆ گەیشتووە بە وشکبوونی زیاتر لە چوار هەزار درەخت، بەڵام زۆرترینیان ئەمساڵ وشکبوون.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین گوتی، بەگوێرەی راپۆرتی هاوبەشی لایەنە پەیوەندیدارەکان، هۆکاری وشکبوونی درەختەکان کەڕوو و گۆڕانی کەشوهەوایە. گوتیشی "تەمەن و کواڵیتی درەختەکەش هۆکارە".
ئەو جۆرە کەڕووەی لە درەختەکانی داوە، بۆ درەختی دیکەش دەگوازرێتەوە. محەممەد کەریم گوتی، بۆ پاراستنی تەواوی دارستانەکە، دەبێت درەختەکان لە رەگەوە هەڵبکێشرێن و دووربخرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ