رووداو دیجیتاڵ
لە رێوەڕەسمێکدا لە (کۆڕبەندی قاهیرە بۆ پێشەنگی و وەبەرهێنان)، تۆڕی میدیایی رووداو وەک پڕبینەرترین دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی کوردستان خەڵاتکرا.
سەرۆکی لقی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نووسەرانی بێسنوور لە کۆڕبەندەکەدا بە نوێنەری رووداوی گوت، "سوپاسی متمانەی خەڵک دەکەین کە بە ئێوەی هەیە. ئەوەش بۆ رووداو بەرپرسیارێتییە."
رێوەڕەسمەکە رۆژی سێشەممە، 30ـی نیسانی 2024 لە قاهیرە بەڕێوەچوو و تێیدا رێکخراوی (ریادە) پڕبینەرترین میدیای لە هەرێمی کوردستان و عێراق خەڵات کرد. رێکخراوەکە بۆ سێ مانگ لە هەرێمی کوردستان بۆچوونی خەڵکی لەبارەی دامەزراوە میدیاییەکان بۆ دیاریکردنی پڕبینەرترین میدیا کردووە.
رێکخراوەکە دەڵێت: لەسەر بنچینەی راپرسییەکەی، تۆڕی میدیایی رووداوی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان وەک پڕبینەرترین تۆڕ دیاریکردووە و خەڵاتکردنی ئەمڕۆیشی لەسەر ئەو بنچینەیە بوو.
د. قەیس رەزوانی، سەرۆکی لقی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی رێکخراوی نووسەرانی بێسنوور لە کۆڕبەندەکەوە بە رووداوی گوت، "تۆڕی میدیایی رووداو، بە باشترین دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی کوردستانی عێراق دیاریکراوە. دەستنیشانکردنەکە لە رێگەی راپرسییەک بووە کە زیاتر لە سێ مانگی خایاندووە. سوپاس بۆ خودا رووداو بە جیاوازییەکی ئێجگار زۆر لە کێبڕکێکارەکانی، پلەی یەکەمی هێناوە."
رەزوانی گوتیشی، "ئەرکمان بوو بانگهێشتتان بکەین، بۆ ئەوەی رێزتان لێبنێین و سوپاسی متمانەی خەڵکیش دەکەین کە بە ئێوەی هەیە. ئەوەش بۆ رووداو بەرپرسیارێتییە، دەبێت رووداو زیاتر هەست بەرپرسیارێتی بکات.. پیرۆزبایی لە دامەزراوەی رووداو دەکەین بۆ ئەم دیاریکردنە، بەخێربێن بۆ قاهیرە و کۆنگرەکە."
ئەمڕۆ دووەمین کۆڕبەندی قاهیرە بۆ پێشەنگی و وەبەرهێنان بەڕێوەچوو، خولی یەکەمی کۆڕبەندەکەش ساڵی 2019 بەڕێوەچووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ