رووداو دیجیتاڵ
یەکی ئایار، جەژنی کرێکارانە. بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، لە ساڵی 2016وە 339 کرێکار لەکاتی کارکردندا لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە. لەو ژمارەیە 12یان ئەم ساڵ گیانیان لەدەستداوە.
ئەم ساڵ زۆرترین کرێکار گیانی لەدەستدابێت لە سلێمانی بووە؛ پاشان هەولێر و دواتر دهۆک؛ لە هەڵەبجە هیچ گیانلەدەستدانێکی کرێکار تۆمار نەکراوە.
یوسف کەریم حەمەد، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کرێکارانی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوەی بە فەرمی تۆمار کرابێت ئەوەیە، ئەم ساڵ لە سنوورەکە چوار کرێکار لەکاتی کاردا گیانیان لەدەستداوە.
لە سلێمانی ئەم ساڵ حەوت کرێکار گیانیان لەدەستداوە کە دوایین کرێکار ئێوارەی دوێنێ گیانی لەدەستدا.
چالاک رەئووف، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تەنیا ناوی ئەو کرێکارانەمان تۆمار کردووە کە ئاگادار کراوینەتەوە و خۆمان بەدواداچوونمان کردووە."
هەر ئەمڕۆ وڵات ئۆزمانی، سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە رووداوی گوت، لە هەشت لقی سنووری سەندیکاکەیان ئەم ساڵ یەک گیانلەدەستدانی کرێکاریان بە فەرمی تۆمار کراوە.
لە هەڵەبجە هیچ گیانلەدەستدانێکی کرێکار تۆمارنەکراوە. کارزان محەممەد، سەرۆکی لقی هەڵەبجەی سەندیکای کرێکاران بە رووداوی گوت، نەوەک ئەم ساڵ، ساڵی رابردووش هیچ گیانلەدەستدانێکی کرێکاریان تۆمار نەکردووە.
لەبارەی هۆکاری گیانلەدەستدانی کرێكاران لەکاتی کاردا، یوسف کەریم، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کرێکارانی کوردستان گوتی، نەبوونی سەلامەتیی پیشەیی هۆکاری سەرەکی مردنی کرێکارانە. گوتیشی، "لەم رۆژانەدا کرێکارێک کاژێر 11:00ی شەو لە باڵەخانەیەک کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا، لەکاتێکدا ناکرێت لەو کاتەی شەودا مۆڵەت بە کۆمپانیا بدرێت کار بە کرێکار بکات."
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، ساڵی رابردوو 73 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێری ئاماری یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان بۆ رووداو، ئاماری گیانلەدەستدانی کرێکاران لە شەش ساڵی رابردوودا بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:
- ساڵی 2022: 41 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2021: 37 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2020: 35 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2019: 38 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2018: 25 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2017: 16 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2016: 62 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ