رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت، وردبینی لە ناوەکانیان لە کۆتاییدایە و هەموویان دەبنە گرێبەست و بەغدا مووچەیان بۆ دەنێرێت.
عەلی رەئووف، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەدواداچوونی بۆ ناوەکانیان لە بەغدا کردووە و لە قۆناخی کۆتاییدایە لە دیوانی چاودێریی دارایی عێراق."
بە گوتەی ئەو نوێنەرە، دوای وردبینییەکە، بۆ ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی لە عێراق دەنێردرێت بۆ دامەزراندنیان.
9ی ئەم مانگە ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای جەژنی رەمەزان، وەزارەتەکەیان ئامادەکاری دەکات "لیستی مووچەی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو لەسەر بنەمای بەگرێبەستبوونی (کۆی وانەبێژان) لە رێگەی حکومەتی هەرێمەوە ئاراستەی حکومەتی عێراقی فیدراڵ بکرێت."
بەگوێرەی رێنوێنیی ژمارە 14ی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەو مامۆستا وانەبێژانەی هەڵگری بڕوانامەی دیبلۆمن، مووچەیان 350 هەزار دینارە و هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیش 400 هەزار دینار وەردەگرن.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری، ژمارەی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 35 هەزار و 543 وانەبێژە، بڕی بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانیان نزیکەی 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ