پۆلیسێکی هاتووچۆ لە هەڵەبجە بە فەرمانی دادوەر زیندانی دەکرێت

30-04-2019
ئەمەل ناجی
پسووڵەیەکی 15 هەزار دیناری بۆ دادوەرەکە کردووە
پسووڵەیەکی 15 هەزار دیناری بۆ دادوەرەکە کردووە
نیشانەکردن هاتووچۆ
A+ A-

رووداو - هەولێر

بە فەرمانی دادوەرێک، پۆلیسێکی هاتووچۆی خورماڵ لەسەر دوو دۆسییە زیندانی کراوە، ئەوەش دوای ئەوەی سزای 15 هەزار دیناری بۆ دادوەرەکە نوسیووە.

رێپێدراوەکەی هاتووچۆ بەناوی "میقداد کەمال" نزیکەی دوو ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی نەبوونی ئاگرکوژێنەوە لە ئۆتۆمبێلەکەیدا، دادوەرەکەی بە 15 هەزار دینار غەرامە کردووە.

رووداوەکە لە مانگی 10 ساڵی 2017 بووە، کاتێک لە بازگەیەکی کاتیی پۆلیسی هاتووچۆی خورماڵ لە سێڕییانی "سەیدسادق- خورماڵ- هەڵەبجە" بە بیانووی سەرپێچیکردن لە یاساکانی هاتووچۆ پینج کارمەندی پۆلیسی هاتوچۆ لێپێچینەوەیان لەگەڵ دادوەرێک کردووە، کە ئەندامی داواکاری گشتیی سلێمانییە.

ئەمڕۆ ژمارەیەک فەرمانبەری پۆلیسی هاتووچۆ لە خۆرماڵ بۆ ئازادکردنی هاوپیشەکەیان گردبوونەوە، ئەوەش لەکاتێکدا کە ئەمڕۆ سێ رۆژە ئەو پۆلیسەی هاتووچۆ راگیراوە و بڕیارە تاوەکو 12 رۆژی دیکەش لە زیندان بێت تاوەکو دادگا بڕیاری کۆتایی دەدات..

عەتا مستەفا، کارمەندی ھاتووچۆیە و لەکاتی رووداوەکەدا لەوێ بووە، دەڵێت "ئۆتۆمبێلێکی ژمارە کاتی ھات بەسەر خۆڵدا لای راستی گرتبوو. کارمەندانی ھاتووچۆش وەک پیشەیی ھەمیشەیی خۆیان ئەویشیان راگرت، داوای مۆڵەت و ساڵانەیان لێکرد، کە مۆڵەتەکەی بەدەست کارمەندەکەوە دا، داوای ئاگرکوژێنەوەیان لێکرد، سندووقەکەی ھەڵدایەوە و گوتی خۆتان بگەڕێن. ئێمەش گوتمان ئێمە فێرنەکراوین کە سەیری سندووق و ئۆتۆمبێل بکەین، دابەزی بەڵام ئاگرگوژێنەوە و سێگۆشەکەی نەداینێ، لە ئەنجامدا ئەو کارمەندەی، کە ئێستا بۆ ماوەی 15 رۆژە گیراوە، پسوڵەیەکی بۆ کرد کە ئاگرگوژێنەوەی پێ نییە".

کارزان عەزیز، کارمەندی ھاتووچۆی خورماڵ دەڵێت "گوتوویەتی ئێوە ناتوانن داوای مۆڵەت و ساڵانە بکەن، لەبەر ئەوەی دەبێت زابت داوای مۆڵەت و ساڵانە بکات. منیش بەم بەڕێزە و داواکاری گشتی و وەزیری ناوخۆ دەڵێم، کارمەندای ھاتووچۆ لە ھەموو شوێنەکان پسوڵە دەکەن بەڵام لە ھەڵەبجە بە ئێمە راگەیێندراوە کە کارمەندی ھاتووچۆ بۆی نییە وەسڵ بکات، سبەی لە شوێنێک رووداوێک روودەدات، یان ئۆتۆمبێلک لە منداڵێک دەدات، چۆن بتوانم داوای مۆڵەت و ساڵانە لە شۆفێرەکە بکەم".

رێپێدراوەکەی بنکەی پۆلیسی هاتووچۆی خورماڵ بۆ ماوەی 15 رۆژ راگیراوە، دۆسییەکە ئێستا لە دادگای بەرایی پارێزگای هەڵەبجەیە، تاوەکو ئێستا دانیشتنی دادگا بۆ ئەو دۆسیەیە بەڕێوەنەچووە.

بەختیار محەممەد، بەڕێوبەری داواکاری گشتیی ھەڵەبجە دەڵێت "ئەو کەسە دوو دۆسیەیە لەسەرە، کەیسێکیان ئەوەیە کە بەپێی مادەی 331 لە سنووری کاری فەرمانبەری خۆی لایداوە و پسوڵەیەکی کردووە بۆ ئەو دادوەرە کە گوایە ئاگرکوژێنەوەی پێ نییە، لەکاتێکدا پێی بووە. دووەمیشیان لەسەر ئەوەیە کە ئەم بۆی نییە داوای مۆڵەتی شۆفێری بکات، بەپێی یاسای ھاتووچۆ چونکە زابت نییە مفەوەزە، بەڵام دۆسییەکە لەسەر ئەوە نییە، بەڵکو لەسەر ئاگرکوژێنەوەکەیە. دۆسیەی دووەمیش لەسەر ئەوەیە کە دادوەرەکە بانگەشەی ئەوە دەکات کە سووکایەتی پێکراوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە