رووداو دیجیتاڵ
نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە بە فەرمی رانەگەیێندراوە، بەڵام بەگوێرەی کاژێرەکانی کارکردن، ئەم مانگە پارەی موەلیدە لە سلێمانی لە مانگی رابردوو زیاتر دەبێت و نرخی ئەمپێرێک کارەبای گەڕەکەکان دەگاتە 14 هەزار و 500 دینار و لە هەولێریش سبەی نرخ دیاری دەکرێت.
عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە 30ی ئادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نرخ ئەمپێر بۆ مانگی ئادار لە گەڕەکەکاندا کە موەلیدە بە خشتە کار دەکەن، لەنێوان 13 هەزار و 500 دینار بۆ 14 هەزار و 500 دینار دەبێت."
مانگی ئادار لە گەڕەکەکانی سلێمانیدا موەلیدەکان 330 کاژێر کاریان کردووە، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ و سبەی بگاتە 350 کاژێر، لە کاتێکدا مانگی رابردوو 300 کاژێر کاریان کردبوو.
ئەو گەڕەکانەی لە سلێمانی موەلیدەکانیان لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا 24 کاژیر کار دەکەن، نزیکەی 440 کاژێر کاریان کردووە. عوسمان محەممەد گوتی، ئەمپێر لەو موەلیدانە لەنێوان 20 بۆ 21 هەزار دیناردا دەبێت.
لە هەولێر کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکان بە خشتەی جیایە؛ هەندێک لەم مانگەدا زیاتر لە 300 کاژیر کاریان کردووە، ئەوانەشی لە 24 کاژێریدا کاریان کردووە زیاتر لە 500 کاژێر کارەبایان داوەتە هاونیشتمانیان.
خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نرخی ئەمپێرمان دیاری نەکردووە و سبەی دوای نیوەڕۆ بە فەرمی نرخ بڵاودەکەینەوە."
لە هەڵەبجەش نرخی ئەمپێر دیاری نەکراوە. لەنێو شاری دهۆکیش موەلیدەکان لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا 24 کاژێر کاردەکەن و ئەم مانگە رۆژانە 15 بۆ 16 کاژێر کاریان کردووە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ نرخ دیاری نەکراوە.
لەکاتی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانیدا، بەگوێرەی کاژێرەکانی کارکردن نرخی ئەمپێری موەلیدە دیاری دەکرێت.
مانگی رابردوو لە هەولێر کەمترین نرخی ئەمپێر 12 هەزار و زۆرترین 21 هەزار دینار بوو؛ لە دهۆک 19 هەزار و لە هەڵەبجەش 14 هەزار دینار بوو؛ لە سلێمانی زۆرینە کە ماڵانن 11 هەزار و 750 دینار و بازرگانیش 16 بۆ 17 هەزار دینار بوو.
بەگوێرەی رووپێوییەکی دەستەی ئامار، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە حەوت هەزار موەلیدەی ئەهلی هەن و لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا کارەبا دەدەنە هاوبەشانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ