کوردستان
دراوی 10 هەزار دیناریی عێراقی لە نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو بەدەست هاونیشتمانییەکەوە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و بڕیارە سبەی مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەش بکرێت. نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت، بودجەی ئەوان لەسەر خەرجییە و دیار نییە کەی مووچە وەردەگرن.
بڕیارە سبەی یەکشەممە 31ی ئادار، 13 وەزارەت، دەستە و کۆمیسیۆن مووچەی مانگی شوبات لە هەرێمی کوردستان وەربگرن، لەنێویاندا مامۆستایانی دامەزراو و گرێبەست لە وەزارەتی پەروەردە.
عەلی رەئووف، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو ئەمڕۆ نازانن کەی شایستە داراییەکانیان وەردەگرن.
عەلی رەئووف گوتیشی، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی پەروەردە و دارایی هەرێمی کوردستان قسەی کردووە و داوای کردووە، مووچەی وانەبێژان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەدا دابەشبکرێت و ئەوانیش پێش جەژن شایستە داراییەکانیان وەربگرن، بەڵام وەڵامی کۆتایی وەرنەگرتووە.
کەمترین مووچەی وانەبێژ 250 هەزار دینارە و زۆرترینیشیان 400 هەزار، ئەوەش بە گوێرەی بڕوانامەکانیان پۆلێن دەکرێت.
وانەبێژان جیان لە دامەزراوان و ئەوانەی بە گرێبەست دامەزراون. 21ی شوبات دابەشکردنی شایستەی داراییەکانی مانگی 11ی ساڵی رابردووی وانەبێژان دەستیپێکرد و مووچەی داهاتوویان مووچەی مانگی 12 دەبێت.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری، ژمارەی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 35 هەزار و 543 وانەبێژە، بڕی بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانیان نزیکەی 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ