رووداو دیجیتاڵ
دوای دووجار درێژکردنەوەی ماوەی تۆمارکردنی حیزب و بەربژێرەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سبەی دوایین رۆژە. بەرپرسێک لە لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ پارتی، یەکێتی و گۆڕان لیستی بەربژێرەکانیان رادەست نەکردوون.
13ی ئاداری 2024، دەرگەی تۆمارکردنی ناوی حیزب و لیستی بەربژێرەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە. دوای دوو جار درێژکردنەوە، سبەی 31ـی ئاداری 2024 دوایین دەرفەتە بۆ حیزبە سیاسییەکان.
فەرهاد ئەسعەد شێتنە، بەرپرسی هۆبەی لایەنە سیاسییەکان لە لقی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عیراق، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ 17 بەربژێری سەربەخۆ لە لقەکەمان تۆمار کراون".
فەرهاد ئەسعەد شێتنە گوتی، ئەمڕۆ کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لیستی بەربژێرەکانی رادەستکردوون و عەبدولستار مەجید، سەرۆکی لیستەکەیانە لە هەولێر.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو ئەمڕۆ دوو هاوپەیمانی پێکهێندراون. یەکێکیان (هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان)ـە و پێکهاتووە لە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، حیزبی شیوعی کوردستان و حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و محەممەدی حاجی مەحموود سەرۆکایەتی دەکات.
ئەوی دیکەیان هاوپەیمانیی (سەردەم)ـە کە پێکهاتووە لە پارتی رەنجدەرانی کوردستان، یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، پارتی پارێزگاران و عەبدوڵڵای حاجی مەحموود سەرۆکی هاوپەیمانییەکەیە.
فەرهاد ئەسعەد شێتنە گوتی، هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە بەڵام لیستی بەربژێرەکانی رادەست نەکردوون؛ گوتیشی، هاوپەیمانیی سەردەم تەواوی رێکارەکانیان جێبەجێ کردووە.
بەرپرسی هۆبەی لایەنە سیاسییەکان لە لقی هەولێری کۆمیسیۆن گوتی، نەوەی نوێ لیستی بەربژێرەکانیان بردووە، بەڵام "کەموکورتی هەبووە" و بردوویانەتەوە و بڕیارە سبەی یەکشەممە رادەستیانی بکەن.
فەرهاد ئەسعەد شێتنە گوتی، "پارتی، یەکێتی و گۆڕان تاوەکو ئەمڕۆ لسیتی بەربژێرەکانیان نەهێناوە، بەڵام زۆرینەی حیزبەکانی دیکە رێکارەکانیان جێبەجێ کردوون".
18ی ئەم مانگە پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بەنایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."
راگەیێندراوەکەی پارتی هەر کاریگەری لەسەر حیزبەکان نەبووە، بەڵکو بەربژێرە سەربەخۆکانیشی سارد کردووەتەوە. رووداو زانیویەتی، چەند بەربژێرێک لە هەولێر چوونەتەوە کۆمیسیۆن و پرسیویانە، ئەگەر هەڵبژاردن بەڕێوەنەچێت، پارەکەیان دەدەنەوە یان نا.
دوای بڕیارەکەی پارتی، هەریەکە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایانگەیاند، ئەوان لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا.
رۆژی 10ـی حوزەیران بۆ هەڵبژاردنەکە دیاریکراوە. هەڵبژاردنەکە بێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسیەکی دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان.
پێشتر 15 پارتی کریستیان لە دوو راگەیێندراوی جیادا بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، ئەو هەڵوێستەیان وەک رەتکردنەوەی ئەو دیفاکتۆیەیە کە سەپێندراوە بەسەر کریستیانەکان لە رێگەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و هەموارنەکردنی یاسای هەڵبژاردن و تایبەتنەکردنی دەنگدان لەنێو پێکهاتەکەدا.
هەروەها لە 12ـی ئاداردا 10 حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە هەمان هۆکار بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و رایانگەیاند، "تاوەکو ئەو کاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ