لەگەڵ رەنج؛ مەترسییەکانی سەرژمێری لەسەر کورد

29-09-2024
ئاسۆ سەراوی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی كورد ترسی ئەوەیان هەیە سەرژمێریی گشتی لە عێراق كە لە ‏سەرەتای مانگی نۆی ئەم ساڵەوە هەنگاوەكانی دەستیان پێكردووە و بڕیار لە ‏‏20-11 ئەنجامبدرێت، ببێتە هۆكارێكی دیكە بۆ دابڕاندنی ناوچە ‏كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە كوردستان ‏بەتایبەت ئەگەر ئەو 110 هەزار خێزانە عەرەبەی لە دوای رووداوەكانی 16ی ‏ئۆكتۆبەر هێنراونەتە سنووری كەركووك وەكو كەركووكی ناویان لە‌و ناوچانە ‏تۆمار بكرێت.
 
ئەوە مژاری ئەم جارەی بەرنامەی لەگەڵ رەنج بوو، جگە لە ‏عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق؛ سەرجەم ‏ئامادەبووانی بەرنامەكە ئەو ترسەیان هەبوو كە سەرژمێرییەكە بۆ ‏مەبەستی سیاسی بەكاربێت، هەرچەند عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی ‏وەزارەتی پلاندانانی عێراق جەختی لەوە دەكردەوە كە سەرژمێرییەكە تەنیا ‏بۆ بواری گەشەپێدان سوودی لێوەردەگیرێ‌ نەك سڕینەوەی ناسنامەی ‏گەلێك.‏
 
فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی ‏دەرەوەی ‏‏ئیدارەی هەرێمی كوردستان وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە جەختی لەوە ‏كردەوە كە لەگەڵ سەرژمێریكدا نییە كە خاكی كەركووك ‌و خانەقین شنگال ‏تەسلیمی قەدەر بكات.‏

 

 
یوسف قاسم، كە گەنجێكی كەركووكییە ‌و قوتابی زانكۆی سەڵاحەدینە لە ‏كۆلێژی زانستە سیاسییەكان لەبەرنامەكەدا ئەوەی خستەڕوو بە هێندەی ‏برینی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر مەترسی ئەوەی هەیە سەرژمێریەكەش ‏ببێتە برینێكی دیكەی سارێژنەبووی كەركووكییەكان، ئەو گوتی: "هێشتا ‏برینی 16 ئۆكتۆبەر ساڕێژ نەبووە، خەریكە برینێكی دیكە لە جەستەی ‏شارەكەمدا". ئەو گەنجە كەركووكییە جەختی لەوە كردەوە سەرژمێریەكە ‏بەرگێگی یاساییە كراوەتە بەری تەعریب. ئەو گوتیشی: "شوانی حەویجەیی ‏هەیە هێنراوەتە كەركووك بە ملیۆن زەویان پێداوە، بڕوا بكە نازانێ‌ ملیۆنێك ‏چەند سفری هەیە، 168هەزار عەرەبی هاوردە هاتۆتە كەركووك ئەگەر ئەوانە ‏بەشداری سەرژمێری بكەن ئەوە خۆی لە خۆیدا بە یاسایی كردنی تەعریبە".‏
 
‏رێژە عەرەب لە كەركووك لە 21٪ـەوە گەیێندراوەتە 72٪
 
بەگوتەی  شوان جەبار، یاریدەدەری سەرۆكی ژووری ئۆپەراسیۆنی ‏سەرژمێریی ‏گشتیی ‏دانیشتوان لە هەرێمی كوردستان، یەكەم سەرژمێری لە عێراق ‏مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1927، دوایین سەرژمێریش كە كورد ‏بەشداریی تێدا كردووە، سەرژمێریی ساڵی 1987بووە، بەبێ‌ كوردیش لە ساڵی ‏‏1997 سەرژمێریەكی دیكە كراوە، بەڵام لەرووی نێودەوڵەتییەوە دانپێدانراو ‏نەبووە،  لەلای شوان جەبار ‌و زۆربەی شارەزایانی بواری ئامار، سەرژمێریی ‏ساڵی 1957 یەكێكە لە سەرژمێرییە باشەكان لە مێژووی عێراق دا چونكە ‏زانیارییەكان بە وردی وەرگیراوە. كوردیش لەو سەرژمێریەدا رێژەیەكی باشی ‏بەدەستهێناوە كە 48٪ بووە، بەڵام لە سەرژمێریی ساڵی 1997 رێژەی ‏كورد بۆ 21٪ دابەزیوە پێشتر رێژەی توركمان 21٪ بووە دواتر بووەتە ‏‏6٪، بەڵام رێژەی عەرەب لە21٪ لە 1997دا گەیشتۆتە 72٪.
 
 
یاریدەدەری سەرۆكی ژووری ئۆپەراسیۆنی ‏سەرژمێری گشتیی ‏دانیشتووان لە ‏هەرێمی كوردستان باسی لەوەش كرد لەو 110 هەزار خێزانەی لەدوای ‏رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە هێنراونەتە كەركووك، نزیكەی 600 هەزار ‏كەس دەكات. ئەوەشی بە ژمارەیەكی 'زۆر گەورە' پێناسەكرد ‌و گوتی: "لە ‏پڕۆسەی سەرژمێریدا لە كەركووك 60٪ بۆ 70٪ی كارەكان تەواو بوون، بەڵام ‏ئەوەی بۆ ئێمە جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە عەرەبە هاواردەكان نووسراون، ‏بەڵام ئاوارە كوردەكان نەنووسراون".‏
 
‏‏داوای تۆماری 1957 كراوە
 
شوان جەبار، باس لەوەش دەكات لەلایەن حكومەتی عێراقی چەندین جار ‏دڵنیایی ئەوەیان پێدراوە كە سەرژمێرییەكە بۆ مەبەستی سیاسی ‏بەكارناهێنن ‌و جەختی لەوەش كردەوە كە هەرگیز ئەوان ناچنە ژێر ‏باری سەرژمێرییەك كە زیانی بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ‏ئیدارەی هەرێمی كوردستان هەبێت، یاریدەدەری سەرۆكی ژووری ‏ئۆپەراسیۆنی ‏سەرژمێریی گشتیی ‏دانیشتووان لە هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش كرد بۆ كارەكانی سەرژمێرەكە لەگەڵ وەزارەتەكانی ناوخۆ ‌و ‏بازرگانی ‌و پلاندانانی حكومەتی عێراقی بەردەوام لەسەر هێڵن، بەڵام ‏هەست بەوە دەكەن بۆ داواكارییەكانیان وەك پێویست بە دەنگیانەوە ‏نایەن؛ "داوامان كردووە لە كەركووك تۆماری 1957 بكرێتە ‏بنەما، بەڵام هەست دەكەین دەستی بە دەستیمان پێدەكەن، جگە لەوە ‏دەبوو ژمێرەرانی كورد‌، عەرەب‌ و توركمان پێكەوە كاری ‏سەرژمێرییەكان بكەن، بەڵام ئەوەش بەو جۆرە نەبووە، هاوكات داوای ‏ئەوەشمان كردووە تەواوی زانیارییەكانی سەرژمێرییەكە راستەوخۆ بۆ ‏حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بێت، بەڵام هێشتا دیار نییە ئەوەش دەكەن ‏یان نا".‏
 
'ئەگەر داواكانمان جێبەجێ‌ نەكەن ئەگەری بایكۆت هەیە'
 
هەر لە بەشێكی دیكەی بەرنامەكەدا شوان جەبار ئەوەشی روونكردەوە كە ‏ئەوان رازی بوون بە لابردنی بڕگەی نەتەوە، چونكە لەدوای رووداوەكانی ‏‏16ی ئۆكتۆبەرەوە كوردێكی زۆری كەركووك ئاوارە بوو، هەرچەندە لە ‏فۆڕمەمەكەدا بڕگەی هۆكارەكانی ئاوارەبوون ‌و كۆچكردن هەیە 15 هۆكار ‏دیاری كراوە. شوان جەبار جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەوان لەگەڵ ‏سەرژمێرین، بەڵام بە مەرجی جێبەجی كردنی داواكارییەكانیان هەر لەسەر ‏جێبەجێ‌ كردنی داواكارییەكانیان لە مانگی حەوت دا بۆ ماوەی یەك مانگ ‏كارەكانی سەرژێریان سەڕكردوە سەرباری ئەوەش دەستی بەدەستیكردن ‏پێیان هەر بەردەوامە، شوان جەبار پێشنیازی ئەوەش دەكات ئەگەر لە ‏كەركووك ‌و ناوچە كێشەلەسەرەكان لەسەر سەرژمێری لەگەڵ حكومەتی ‏عێراق نەگەیشتنە ئەنجام، ئەوا پێشنیازێكی ئەوەش هەیە سەرژمیبَری لەو ‏ناوچانە دوابخرێت. لە كۆتایی قسەكانی ئەو بەرپرسە كوردەی بواری ‏سەرژمێری گوتیشی "ئەگەر لەسەرژمێریەكەدا داواكارییەكانمان بەهەند ‏وەرنەگیرێن ئەوا تاوەكو ئاستی بایكۆتیش دەڕۆین".‏
'30 ساڵە چاوەڕێی سەرژمێرین'
 
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق وەك میوانێكی ‏دیكەی بەرنامەكە جەختی لەوە كردەوە ئەوان وەك  وەزارەتی پلاندان ‏‏30 ساڵە چاوەڕێی ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێری بوون تاوەكو دواجار بە ‏راوێژ ‌و هاوبەشیكردنی بەرپرسانی پەیوەندار لە حكومەتی هەرێمی ‏كوردستان لە 2023دا بڕیاری سەرژمێریكردن دەرچووە. سەبارەت بە ‏پێشنەخستنی جێبەجێكردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق، ئەو ‏بەرپرسەی عێراق ئەوەی خستەڕوو: مادەی 140ـی دەستوور ‌و سەرژمێری دوو ‏شتی جیاوازن. 

 

 
‏هینداوی ئەوەش دەخاتەڕوو لە 2010دا هەوڵی سەرژمێرییان داوە، بەڵام ‏سەركەوتوو نەبوون. لەبارەی سەرژمێرییەكەی ئەم ساڵیش دەڵێت: "ئەم ‏سەرژمێرییە مرۆڤ دەكاتە ئامانج نەك پرسی سیاسی، دەمانەوێ‌ دۆخی مرۆڤ ‏بزانین تەنیا بۆ گەشەكردنە نەك هیچ مەبەستێكی سیاسی".‏
 
بەبڕوای عەبدولزەهرە هینداوی لە رابردووی عێراق دا نەك كورد، بەڵكو عەرەب ‏‌و توركمانیش تووشی زیانی گەورەبوون: "ئێمە سیاسەتەكانی ‏حكومەتی پێشوو لە ئەستۆ ناگرین". لەبارەی لابردنی بڕگەی نەتەوەش ‏لەسەرژمێریەكەدا هینداوی ئەوەی خستەڕوو ئەو كارە بەسازانی لاینەكان ‏كراوە ‌و گوتیشی: "ئەگەر باسی سیاسی بكەین ئەوا سەرژمێری لە عێراقدا ‏هەر ناكرێت، لابردنی بڕگەی نەتەوەش 5٪ سەرژمێریەكەت ناتەواو دەبێت، ‏بەڵام 95٪ ئیشەكەت دەكەیت بۆیە كردنی باشترە". ‏
 
گەڕانەوە بۆ تۆمار ‌و سەرژمێری 1957 ‏
 
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە واقعی نازانێ‌، سەرژمێری ساڵی ‏‏1957 بیكرێتە بنەمای كارەكانی ئێستا؛ "زیاتر لە 60ساڵ بەسەر ‏ئەو مێژووەدا تێپەڕیوە ئەو كاتەی ژمارەی دانیشتووانی عێراق 10 ملیۆن كەس ‏بووە ئێستا 44 ملیۆنە، جگە لەوە ئەگەر كەسێك لە كەركووك یان لە هەر ‏شوێنێك ئاوارە بوو بێت هۆكاری ئاوارەبوونەكەی دەنووسرێ‌".‏
 
عەبدولزەهرە هینداوی لەگەڵ ئەوەش نییە بە كەركووك ‌و ناوچەكانی ‏دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بڵێ‌ ناوچە جێناكۆكەكان. ئەو دەڵێت: ‏‏"ئەوانە ناوچە پێكەوەژیاوەكانن نەك ناوچە جێناكۆكەكان". سەبارەت بە ‏دروستكردنی سەنتەرێكی داتا و زانیاری لەسەرژمێرییەكەدا لەگەڵ هەرێمی ‏كوردستان، بەرپرسەكەی حكومەتی عێراق ئەوەی خستەڕوو دروستكردنی ئەو ‏سەنتەرەیان رەتنەكردووەتەوە؛ "بۆ پرسی سەرژمێری بەراستی ‏دەمانەوێ‌ بگەینە چارەسەرێكی هاوبەش، ئەوەی رێككەوتنمان لەسەر كردوە ‏جێبەجێ‌ دەكەین، ئەوەی لە كەركووكیش بۆ سەرژمێرەكە تاوەكو ئێستا ‏كراوە بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان كراوە".‏
 
 
عەبدولزەهرە هینداوی جەخت لەسەر پێویستی بوونی بەشداری كورد دەكات ‏لە سەرژمێری، چونكە لە سەرژمێری ساڵی 1997، لەبەر ئەوەی كورد ‏بەشدار نەبووە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سەرژمێرەیەكە دانپێدانراو نەبووە.‏
 
ئەو گوتیشی: "ئێستاش ئەگەر كورد بەشدار نەكات كەموکوڕی دەبێت رەنگە ‏دانی پێدا نەنرێت". ئەو بەرپرسی عێراق وەهاشی نابینێ‌ كە كەركووك ‏لەرووی خزمەتگوزارییەوە پشتگوێ‌ خرابێت. ئەو دەڵێت: "لە رووی پەرەپێدان ‏‌و بنیاتنانەوە كەركووك باشتر لە پارێزگاكانی ناوەراست ‌و باشوور".‏
‏ ‏
‏لە 23 ساڵدا زیاتر لە 270 هەزار عەرەب هێنراونەتە ‏كەركووك
 
ستار پاشا، كەسایەتی كەركووك ‌و شارەزای بواری ‏ئامار ‏‏میوانێكی دیكەی ‏بەرنامەكە بوو بەپێی زانیارییەكانی ئەو كەسایەتیەی كەركووك لە ساڵی ‏‏1980وە تاوەكو رووخانی دەسەڵاتی سەدام لەماوەی ئەو 23 ساڵەدا ‏‏270 هەزار‌و 750 عەرەبی هاوردە هێنراوەتە كەركووك. ستار پاشا جەخت ‏لەوە دەكاتەوە ئەو سەرژمێریانەی بەمێژووی دەوڵەتی عێراق كراون ‏هەموویان مەبەستی سیاسیان هەبووە ‌و گوتی: "لە سەرژمێری 1921، ‏ویلایەتی موسڵ كە 799 هەزار‌ و 90 كەس بووە 65% كورد بووە، ‏تەنانەت لە سەرمژێری 1957 كە كورد رێژەكەی باشە ئەوانەی ‏سەرژمێریەكەیان كردوە كورد نەبوون بە بەڵگەی ئەوە ناوی گوندەكانیان بە ‏كوردییەكی تەواو نەنووسیوە".‏
 
ئەو كەسایەتییەی كەركووك داوا دەكات بۆ ئەم سەرژمێرییە بڕگەی نەوتەوە ‌و ‏ئاین زیاد بكرێتەوە "ئەگەر ئەوە زیاد بكرێتەوە وەك كورد هیچ كێشەیەكمان ‏نابێت".‏
 
 
پاشا بەپێویستی دەزانێ‌ بۆ ئەم قۆناخەی سەرژمێری، ئەگەر لە خێمەشدا ‏نیشتەجێ‌ ببێت پێویستە خێزانە كوردەكان بگەڕێنەوە كەركووك خۆیان ‏تۆرمار بكەن؛ "لە چوارچێوەی مادەی 140 كاتی خۆی ‏عەرەبە هاوردەكان بۆ گەڕانەوەیان هەر خێزانێك 20 ملیۆن دینار قەرەبووی ‏وەردەگرت، بەڵام خێزانە كوردەكان 10 ملیۆن دیناریان وەردەگرت، ئەوەی ‏جێگای سەرنجە 18 هەزار خێزانی عەرەب كە نزیكەی 100 هەزار كەسێك ‏دەكات لەگەڵ ئەوەی قەرەبوویان وەرگرتووە دووبارە گەڕاونەتەوە ‏كەركووك".‏
 
'دوا بزمار لە جەستەی مادەی 140 دەدرێت'
 
د. محێدین حەسەن، ئەندامی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی ‏دەرەوەی ‏‏ئیدارەی هەرێم لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كە خۆی خەڵكی ‏سنووری دیبەگەیە جەخت لەوە دەكاتەوە كە سەرژمێریەكە بۆ كورد ‏مەترسیدارە بەتایبەت لە ناوچە كێشەلەسەرەكان، چونكە ماددەی ‏‏140دەستوور جێبەجێ‌ نەكراوە؛ "لەبەرئەوەی مادەی 140 ‏هەیە دەبێت سەرەتا قۆناخەكانی ئەو ماددەیە جێبەجێ‌ بكرێت، كە ئاسایی ‏كردنەوەی ناوچەكان ‌و گەڕانەوەی ئاوارەكان ‌و دواتریش سەرژمێری بكرێت، ‏نابێت ئێستا سەرژمێری لەو ناوچانە بكرێت تاوەكو دۆخەكە ئاسایی ‏دەبێتەوە".‏
 
د. محێدین حەسەن ئاماژەبەوەش دەكات لە كاتێكدا باس لەسەرژمێری ‏دەكرێت نزیكەی 580 هەزار عەرەبی هاوردە هێنراونەتە كەركووك پسوڵەی ‏خۆراكیان بۆ كراوە ئەو دەشڵێت "لە 1957دا یەك خێزانی عەرەب لە ‏مخمووردا هەبووە ئێستا 300 خێزان هەیە، لە سنووری قەراج 60 گوندی ‏كوردی هەیە 38 یان جۆڵن، جگەلەوە نزیكەی 300 هەزار ئاوارەی شنگال لە ‏سنووری دهۆكن، ئیتر چۆن سەرژمێری لەو ناوچانە بكرێت؟"
 
ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان جەخت لەوە ‏دەكاتەوە تاوەكو بەڵێننامەیەكی لێكتێگەیشتن لەسەر ئەنجامەكانی ‏سەرژمێری لەگەڵ حكومەتی عێراق نەكرێت نابێت رێگە بە ئەنجامدانی ‏سەرژمێری بدرێت‌و دەڵێت: "ئەگەر بەم حاڵەوە سەرژمێرییەكە هەر كرا ئەوا ‏دوا بزمار لە جەستەی مادەی 140ی دەستوور دەدرێت".  گومانێكی دیكە ‏كە د. محێدین حەسەن هەیەتی ئەوەیە لەكاتێكدا لە كوردستان حیزبەكان ‏سەرقاڵی بانگەشەی هەڵبژاردنن عێراق سەرژمێری دەكات ئەو دەڵێت "ئەوە ‏خۆی لەخۆیدا جێگای گومانە  بۆیە لەم قۆناخەدا لەگەڵ ئەوەم سەرژمێری ‏نەكرێت".‏
 
'دەترسم سەرژمێریەكە بكرێتە جێگرەوەی سەرژمێری 1957'‏
 
فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی ‏دەرەوەی ‏‏ئیدارەی هەرێمی كوردستان، لە كۆتاییەكانی ئەم بەرنامەیەدا بە دیدارێكی ‏تایبەت بەشداری كرد. لە دەستپێكی قسەكانی دا باسی لەوە كرد كە مادەی ‏‏140ـی دەستوور وەكو خۆی ماوە ‌و هێشتا جێبەجێ‌ نەكراوە. ئەو نەیشاردەوە ‏كە مەترسی لەسەر سەرژمێرییە چاوەڕوان كراوەكەی  20-11-2024 ‏هەیە و گوتی: "دەترسم ئەم سەرژمێریە بكرێتە جێگرەوەی سەرژمێری 1957، ‏بەڵام دڵم بەو بڕیارەش خۆشە كە سەرژمێریەكە تەنیا بۆ مەبەستی ‏گەشەكردن بەكاربێت".‏
 
فەهمی بورهان ئەوەش رووندەكاتەوە كە لە 10-6ـی ئەم ساڵ بۆ ‏ئاگاداربوون لە پرسی سەرژمێری ‌و مەترسییەكانی چونەتە كەركووك ‌و ‏بۆچوونی لایەنە سیاسییەكانیان وەرگرتووە؛ "لە سێ‌ مانگی رابردوو ‏هەوڵی زۆرمان بۆ ئەم پرسە داوە، هەوڵەكانیشمان جێگای خۆی گرتووە".‏
 
'دەبوو بڕگەی نەتەوەی تێدا بوایە'
 
فەهمی بورهان جەخت لەوەش دەكاتەوە كە وەكو كورد نابێت دژی ‏سەرژمێری بین، بەڵام ئەگەر بۆ مەبەستی سیاسی بەكاربێت ‌و بۆلێدان لە ‏لاینێك بێت،  ئەوا دژایەتی دەكەن ‌و گوتیشی: "ئێستاش ئێمە وەك كورد ‏زۆرینەین لە كەركووك ناوچەكانی، هەر بۆیە لایەنگری ئەوە بوو ئەم ‏سەرژمێرە بڕگەی نەتەوەی تێدا بێت".‏
 
ئەو بەرپرسەی هەرێمی كوردستان، ئەوەشی خستەڕوو بەڵێنی ئەوەیان ‏پێداوە، ئەوەی پێشتریش لە كەركووك ناوی تۆمار نەكرابێت ئەوا لە 20-11 ‏هیچ كێشەیەكی نابێت ‌و ناوی تۆمار دەكرێت.‏
 
ئەوەی فەهمی بورهان نیگەران دەكات ئەو عارەبانەیە كە لە حەوت ساڵی ‏رابردوو هێنراونەتە كەركووك ئەو گوتی: "بوونی 110هەزار خێزانی عەرەب ‏یەكێكی دیكەبوو لە نیگەرانییەكانی ئێمە، نەك ئێمە توركمانیش نیگەرانیان ‏هەیە توركمانەكانیش دەڵێن لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوو 50 هەزار ‏كەسمان كەركووكی جێهێشتووە، بۆیە دەبێت ئەو ئاوارە كەركووكییە لە ‏ناوچەیەكی دیكە ناوی تۆمار دەكرێت وەك ئەوە وابێت لە كەركووك بێت".‏
 
 
'كەسی كورد هەبووە ناوی خێزانی كوردی تۆمار نەكردوە'
 
سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی ‏دەرەوەی ‏ئیدارەی هەرێمی ‏كوردستان لەوە نیگەرانە كە كەسی كورد هەبووە كە وەك كارمەندی بژێر ‏كاری كردوە چۆتە ماڵێك كە زیاتر لە خێزانێكی كوردی تێدا بووە، بەڵام یەك ‏خێزانی تۆمار كردوە ‌و خێزانە كوردەكەی دیكەی تۆمار نەكردوە "ئەوە هەر ‏زۆر نیگەرانم دەكات."‏
 
فەهمی بورهان، خوازیارە داواكارییەكانی كورد لە سەرژمێریدا جێگای ‏بكرێتەوە ‌و دەڵێت: "ئەگەر بە قسەی كورد نەكرێت، دەبێت لە وشەی ‏بایكۆتی قورستر بەكاربهێنین بۆ سەرژمێرییەكە، دەبێت ئەوەش روون بێت ‏بەبێ‌ كورد سەرژمێری هیچ بەهایەكی نابێت لە 1997دا بەبێ‌ كورد لە عێراق ‏دا سەرژمێری كرا لەرووی نێودەوڵەتی بەهەند وەرنەگیرا".‏
 
بەرپرسەكەی هەرێمی كوردستان جەخت لەوە دەكاتەوە، چارەنووسی ‏هەڵەبجە، سلێمانی، هەولێر ‌و دهۆك گرێدراوی چارەنووسی كەركووك، ‏شنگال ‌و خانەقینە. سەبارەت بە بۆچوونی بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی ‏كوردستان بەتایبەت كەسی یەكەم ‌و دوومی حكومەتەكە فەهمی بورهان ‏گوتی: ‏"كاتێك باسی ئەو پرسەم بۆ سەرۆكی  حكومەتە ‌و جێگرەكەی كرد بە ‏خەندەوە وەڵامیان دامەوە كە هەڵبژاردنی كوردستان بێ‌ ئاگایان ناكات لە ‏سەرژمێری كەركووك، بەراستیش وایە كەركووك ‌و خانەقین ‌و شنگال گرنگترە ‏لە هەرشتێك كە روودەدا."‏
 
لە كۆتایی قسەكانیدا، فەهمی بورهان جەختی لەوە كردەوە، هەرگیز لەگەڵ ‏سەرژمێرییەک دا نییە كە خاكی كەركووك ‌و خانەقین و شنگال بداتە دەستی قەدەر ‌و گوتی: "ئەگەر داواكانی جێبەجێ‌ نەكرێت، نابێت لەم قۆناخەدا كورد ‏لەگەڵ سەرژمێریدا بێت"‏.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە