رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی کەمتر لە 10 رۆژدا، سێیەمین وەزیری تورکیا سەردانی عێراقی کرد. عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانیی تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆبووەوە، لەنێویاندا سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران، هاوتا عێراقییەکەی و ژمارەیەک وەزیری دیکە.
ئەنوەر عەبدوڵڵا، سەرۆکی موسیاد ئاماژە بەوە دەکات، لە عێراق بە زەحمەت کاری ڤیزە بۆ بازرگانانی تورک جێبەجێ دەکرێت، دەبێت لە رێگەی بانگهێشتنامە و گرووپات بێت، وەزیری بازرگانی کە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە، گوتی، "دەبێت ئاسانکارییەکان وەک هەولێر بن و زوو کارەکان بکرێن."
وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان و تورکیا، تائێستا چەندین جار کۆبوونەتەوە. بڕیاریشە کۆتایی مانگی داهاتوو وەزیری بازرگانیی تورکیا بێتە هەولێر. فراوانترکردنی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان، هەرزانی و کارئاسانی بۆ وەرگرتنی ڤیزە، فراوانترکردنی سنوورە فەرمییەکانی نێوانیان گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت.
کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، هاوئاهەنگیی زیاتر باس دەکەین کە چۆن بتوانین ئاڵوگۆڕ و پەیوەندییەکانمان هێشتا بەرفراوان بکەین و، دەروازەی دیکەی سنووری بکەینەوە، ئەوانەی ئێستاش فراوانتر بکەین.
هەرێمی کوردستان ساڵانە بە بڕی زیاتر لە 20 ملیار دینار کاڵا و کەلوپەل لە وڵاتان دەکڕێت، 50٪ـی کاڵاکان تورکین، قەبارەی هەناردەش بۆ تورکیا 0٪ـە.
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران دەڵێت: کاڵا و کەلوپەلی تورکیا هەرزانە و کوالێتیشی باشە، هەروەها زوو دەگات و خواستیشی زۆرە، ئەوە هۆکاری ئەوەیە کە بازاڕ نیوەی کاڵای تورکی بێت.
تورکیا و هەرێمی کوردستان سێ دەروازەی سنوورییان پێکەوە هەیە، بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانی، تاوەکو مانگی تەممووز قەبارەی بازرگانی زیاتر لە سێ ملیار دۆلار بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ