پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لەبارەی ئاگرەکەی گۆیژە: گومان لە دوو کەس دەکرێت

29-07-2024
عەدنان رەشید
دیمەنێکی ئاگرەکەی گۆیژە. وێنە: کۆژین ئیدریس - رووداو
دیمەنێکی ئاگرەکەی گۆیژە. وێنە: کۆژین ئیدریس - رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئاگرەکەی شاخی گۆیژەی سلێمانی دوای سێ کاژێر و سووتانی زیاتر لە 200 دۆنم دارستان و پاوان، کۆنتڕۆڵکرا. پۆلیس دوو کەس وەک "گومانلێکراو" بە هۆکاری ئاگرەکە دەزانێ. سەرپەرشتیاری شاخی گۆیژە رەتیدەکاتەوە "دەستی ئەنقەست" لە رووداوەکەدا هەبێت.
 
کۆمەڵێک خۆبەخش لە رووداوەکەی شاخی گۆیژە بەشدارییان لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە کرد. ئیدریس مام والی، ئەندامی تیمی فریاگوزاریی خێرا لە تۆڕی شاخەوانیی کوردستان، لە بەرپرسیار، گوتی: "کاژێر 4:00ـی بەیانی لە سەفەری ئێران گەڕامەوە، لە گرووپ چاتی شاخەوانی دوای بینینی هەواڵەکە، یەکسەر چوومە گۆیژە. هەر کاتێک رووداوێکی لەو شێوەیە هەبێ ئامادەییمان دەبێ."
 
پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە پێکهێناوە و پۆلیس دەڵێت بە "دڵنیایی"ەوە زانیویەتی هۆکاری رووداوەکە چییە.
 
عەمید هێمن کەمەرخان، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، لە بەرپرسیار، گوتی: "گومان لە رووداوەکە هەیە. گومان لە دوو کەس دەکرێت و لێکۆڵینەوە بەردەوامە و ئەنجامەکان دواتر رادەگەیێنرێن."
 
عەمید هێمن کەمەرخان، ئاشکرای نەکرد ئەو کەسانە کێن و دەستگیرکراون یان نا. گوتیشی: "ئەو دوو کەسە بەمەبەستی سەیران و گەشت لەوێ بوون. ناتوانین ئەوە بڵێین ئەنقەست بووە یان ئاگرەکەی لەدەست کەوتووە."
 
بە گوتەی عەمید هێمن کەمەرخان، ئاگرەکە زیاتر لە 200 دۆنم دارستان و پاوانی سووتاندووە و داری تەڕ و وشک سووتاون، بەشێکی دارەکان تەمەنیان سەرووی 50 ساڵ بووە. دەشڵێت"بای بەهێز هۆکارێکی تەشەنەسەندنی ئاگرەکە بوو".
 
شاخی گۆیژە جگە لە دارستان و پاوان، کۆمەڵێک ئاژەڵ تێیدا دەژین و لە ئاگرەکەی ئەمڕۆ زیانیان بەرکەوتووە. رەئووف بایز، سەرپەرشتیاری گۆیژە، لە بەرپرسیار، گوتی: "ئاژەڵەکانی کەروێشک، رێوی، گورگ، ئاسک و کۆمەڵێک باڵندەی جۆراوجۆر لە رووداوەکە زیانیان بەرکەوتووە." بەڵام لەو باوەڕەدا نییە دەستی ئەنقەست لە رووداوەکە هەبێت.
 
شاخی گۆیژە بەسەر شاری سلێمانی دەڕوانێ و شوێنێکی گەشتیارییە. ئاگربڕی بۆ دروستکراوە بۆ پاراستنی لە سووتان. پۆلیسی دارستان و ژینگە رێنمایی شۆفێران دەکات، جگەرەکانیان فڕێ نەدەن. گەشتیاران نێرگەلە و خەڵووز لە پاوانەکان دووربخەنەوە.
 
هەر کەسێک ببێتە هۆکاری رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە بەپێی یاسا ئەگەر"ئەنقەست" بێ رێکارەکان جیاوازن وەک لەوەی "بێ ئەنقەست" بێ. سزای سووتاندنی هەر دارێکی سەرووی تەمەن 100 ساڵ، پێنج ملیۆن دینارە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە