نان لە پارێزگای سنە گرانکرا

29-07-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی یەکێتی نانەواخانەکانی سنە دەڵێت، نرخی نان لەو پارێزگایە بە رێژەی 25٪ گران کراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، خشتەی نوێی نرخی نان ئامادە کراوە و دراوەتە نانەواخانەکان.
 
عەلی عەبدی، سەرۆکی یەکێتی نانەواخانەکانی سنە رایگەیاند، چوار ساڵ بوو هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخی ناندا نەکرابوو، لەکاتێکدا تێچووی ئاو، کارەبا و گاز، هەروەها کرێ، مووچە و بیمەی کرێکارانی نانەواخانەکانیش زیاتر بووە.
 
بەگوتەی عەلی عەبدی، ئێستا نرخی نانی لەواش لە پارێزگای سنە لە 400 تمەنەوە بووەتە 500 تمەن (سەنتێک)، نرخی یەک دانە نانی سەنگەکی ئاساییش لە 1700 تمەنەوە بۆ 2100 تمەن (4 سەنت) و سەنگەکی تایبەتیش لە 2000 تمەنەوە بۆ 2500 تمەن (5 سەنت) بەرز بووەتەوە.
 
عەلی عەبدی گوتی، نرخی نانی بەربەریی ئاسایی لە 1500 تمەنەوە بووەتە 1875 تمەن و بەربەریی بە کونجیش لە 2500 تمەنەوە بووەتە 3300 تمەن؛ هەروەها ئێستا نرخی کولێرەی بە رۆن 10 هەزار تمەن و کولێرەی ئاساییش 8 هەزار تمەنە. 
 
فەرزاد سەردارزادە، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پیشەسازی، کانزا و بازرگانیی پارێزگای سنە بۆ کاروباری چاودێریکردن ئەمڕۆ (دووشەممە) رایگەیاند، بەرزکردنەوەی نرخی نان لەو پارێزگایە لە سەر داوای یەکێتیی نانەواخانەکانی پارێزگاکە بووە.
 
سەردارزادە گوتی، بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی نان بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئابووریی خەڵک و پشتگیری لە نانەواخانەکان دراوە.
 
لە پارێزگای لوڕستانیش بڕیار لە سەر گرانکردنی نرخی نان دراوە، بەڵام جێبەجێ نەکراوە.
 
رۆژی 25ـی تەممووزی 2024، سیروس ئیبراهیمی، جێگری پارێزگاری لوڕستان بۆ کاروباری ئابووری رایگەیاند، بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی نان دوای چەندین کۆبوونەوە لە لایەن ئەنجوومەنی ئارد و نانی پارێزگاکە درا و، لە هەفتەی داهاتووەوە جێبەجێ دەکرێت.
 
سیروس ئیبراهیمی گوتی، بەگوێرەی بڕیارەکە نرخی نان لەو پارێزگایە لەنێوان 25٪ بۆ 35٪ زیاد دەکرێت.
 
حکومەت بەشێک لە ئاردی نانەواخانەکان دابین دەکات کە هەر فەردەیەکی بە 50 هەزار تمەنە، بەڵام ئەو ئاردە بەشیان ناکات و ناچارن لە بازاڕی ئازاد بە 650 هەزار تمەن بیکڕن، ئەوەش کاریگەری لەسەر نرخی نان دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شارەزوور.

قایمقامی شارەزوور: قوتابخانەمان هەیە 97٪ی کارەکانی تەواوکراوە، بەڵام لەبەر پارەیەکی کەم راگیراوە

رزگار غەفوور، قایمقامی قەزای شارەزوور میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی لە کێشە و گرفتەکانی سنووری قەزای شارەزووری کردو رایگەیاند، قەیرانی دارایی و گرفتی نەختینەیی گرفتی گەورەی بۆ دروست کردووین، "بەجۆرێک زۆرینەی ئەو پرۆژانەی هەمانن بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەوە راگیراون".