د.ئامانج رەحیم: کازمی دڵنیای کردینەوە لە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان

29-07-2021
گۆڤەند مستەفا
 د.ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
د.ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
نیشانەکردن ئەمریكا گفتوگۆی ستراتیژیی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت سەرۆکوەزیرانی عێراق دڵنیایی پێداون لە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان. هەروەها باسی ئەوەش دەکات کە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە دڵنیاکراونەتەوە کە هاوکارییە داراییەکانیان بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.
 
د.ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە وەک نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری ئابووری و وزە بەشداریی لە دوایین گەڕی دیالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکادا کردووە، لە هەڤپەیڤینی تایبەتیدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، باسی لەوەکرد، کە هەرێمی کوردستان بەشدارێکی سەرەکی گفتوگۆی ستراتیژییە لە نێوان عێراق و ئەمریکا.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د.ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
 
رووداو: بۆ هەرێمی کوردستان لەو گەڕەی گفتوگۆی ستراتیژیی لەگەڵ ئەمریکا چی بەدیهات؟ 
 
ئامانج رەحیم: ئێمە وەکو شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوا گەڕی دیالۆگی ستراتیژیی بەشداریمان کرد، دیالۆگی ستراتیژیی بەرهەمی رێککەوتنێکە لە چوارچێوەیەکی ستراتیژی، کە لە ساڵی 2008 بە فەرمی واژۆ کراوە و پەرلەمانی عێراقیش پەسندی کردووە، کە خۆی لە چوار تەوەری سەرەکی دەبینێتەوە.
تەوەری یەکەمیان کە سیاسی و سەربازی و ئاسایشە، تەوەری دووەمیان بریتییە لە تەوەری ئابووریی و وزە، لە ئیدارە نوێیەکەی بایدنیش بابەتێکی دیکە زیادکراوە لەسەر وزە، ئەویش بابەتی گۆڕانکارتی کەشوهەوای جیهان و مەترسییەکانی سەر گۆڕانی کەشوهەوایە.
بەشی سێیەمیان تایبەتە بەبوارەکانی خوێندن و خوێندنی باڵا، بەشی چوارەمیشیان پەیوەندیدارە بە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی بە تایبەتیش پشتیوانی و هاریکارییەکانی ئەمریکا و رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتە ئابووری و تەندروستییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا. 
 
رووداو: چ دەستکەوتێکی بۆ هەرێمی کوردستان هەبوو؟
 
ئامانج رەحیم: لەسەر ئاستی پێشمەرگە، رۆژی 23-07-2021 کە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تەوەرەکانی دیالۆگی ستراتیژیی دەستیپێکرد، دوای تەواوبوونی تەوەرەکان، راگەیێندراوێکی هاوبەشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراق دەرچوو، بە خۆشحاڵییەوە باس لەپێشمەرگە کراوە. کە پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراق، پێموایە پێشمەرگە سوودمەند دەبێت لە هەموو ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنانەی کە عێراق لەگەڵ ئەمریکا واژۆی دەکات، ئەوەی جێگەی خۆشحاڵیشە ئێمە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە دڵنیا کراینەوە کە ئەو هاوکارییە داراییەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بڕی 17 ملیۆن دۆلار مانگانە خەرجی دەکات وەکو مووچە بۆ لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2022 بەردەوام دەبێت.
ئەوەشیان پێ راگەیاندین ئەگەر بێت چاکسازی زیاتر بکرێت لە وەزارەتی پێشمەرگە، هێزەکانی 70 و 80 بە جۆرێک لە جۆرەکان لە چوارچێوەی هێزێکی نیشتمانیی کوردستانی رێکبخرێنەوە، پێمانوایە کە ئەم پشتیوانی و هاوکارییە داراییە بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبێت و بگرە زیاتریش دەبێت. لە هەمان کاتدا پشتیوانیکردنی دابینکردنی پێداویستییەکانی پێشمەرگەش هەر بەردەوام دەبێت.
دوێنێ کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجامدرا، بە سەرپەرشتی بەڕێز مستەفا کازمی و بە ئامادەبوونی هەردوو وەزیرانی نەوت و دارایی عێراقی فیدراڵ، بەندەش وەکو نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی ئەو کۆبوونەوەیە بووم، کە ژووری بازرگانی ئەمریکی ئامادەیان کردبوو، زیاتر لە 60 گەورە وەبەرهێنەر و کۆمپانیا هەرە گەورەکانی ئەمریکا ئامادەی ئەو دانیشتنەبوون، کە نزیکەی 2 کاژێر و نیوی خایاند، بواری ئەوە بە ئێمەدرا ئەو بوارانە بخەینەڕوو کە لەبارن بۆ وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی ئەمریکا لە بوارەکانی پیشەسازی، بازرگانی، گەشتیاری، کشتوکاڵی و وزە.
ئەم ئیدارە تازەیەی ئەمریکا گرنگییەکی زۆر بە بەکارهێنانی سەرچاوەی پاک دەدەن بۆ وزە. ئێستا عێراق هەموو ساڵێک 16 ملیار مەتر سێجا غاز دەسووتێنێت، ئەو بڕە غازە 10 هێندەی ئەو بڕە غازەیە کە هاوردەی دەکات و وەکو سەرچاوەیەک بۆ وزەی کارەبا بەکاری دەهێنێت. ئەمریکییەکان ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە لە رێگەی کۆمپانیاکانی (general electric) و (honey well) کە کۆمپانیای گەورەی بواری وزەن لە ئەمریکا پاڵپشتی عێراق بکەن بۆ ئەوەی ئەو وزەیە نەسووتێندرێت، کە جۆرێکە لە غاز لەگەڵ نەوتدا پەیدا دەبێت و ئێستا عێراق دەیسووتێنێت، سەرەڕای ئەوەی ئەمە زیانێکی گەورە بە کەشوهەوای جیهانی دەگەیێنێت، لە هەمان کاتیشدا هەموو ساڵێک نزیکەی 3 ملیار دۆلار زەرەر بە عێراق دەگەیێنێت.
هەرێمی کوردستانیش سوودمەند دەبێت لە هەموو یاداشتە لێکتێگەیشتنانەی کە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا واژۆکراوە. هەروەها لە بواری وەبەرهێنان.
ئەمڕۆش سەرلەبەیانی کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەگەڵ بانکی ئێکزیم کرا کە سەر بە حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، بڕیاریانداوە تاوەکو نزیکەی 5 ملیار دۆلار پاڵپشتیی دارایی ئەو پرۆژانە بکەن کە لە عێراق جێبەجێ دەکرێن، ئێمەش وەکو هەرێمی کوردستان چەندین پرۆپۆزەلی خۆمان پێشکەشکردووە، ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە پێش هاتنی ئێمەش بۆ دیالۆگی ستراتیژیی، 5 پرۆژەی کارەبا بڕیارە بە قەرزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جێبەجێ بکرێن، کە یەکێکیان گەیاندنی بۆری غازی سرووشتییە بۆ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە دهۆک.
پێموایە بەشێوەیەکی گشتی، لە هەموو ئەو ڤاکسینانەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەکو هاوکاری دەینێرێت بۆ عێراق، هەرێمی کوردستان بەشی خۆی وەرگرتووە. هەروەها هەموو ئەو ریفۆرم و پشتیوانیانەی کە لە بواری خوێندنی باڵا پێشکەشی عێراق دەکرێت، لە نوێکردنەوەی تاقیگەکانی نەخۆشخانەکان، زیاتر لە 12 یاداشتی لێکتێگەیشتن ساڵی رابردوو واژۆکراوە، ئەمساڵیش بە هەمانشێوە جەختکرایەوە لەسەر جێبەجێکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنانە، بێگومان هەرێمی کوردستانیش بەپێی بەشی خوی سوودمەند دەبێت.
 
رووداو: سوودمەندبوونی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکە کە ئەمریکا راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات یان لە رێگەی بەغداوە؟
 
ئامانج رەحیم: بێگومان گفتوگۆی ستراتیژیی دەتوانین بڵێن لەنێوان واشتن و بەغدا و هەولێرە، واتە هەرێمی کوردستان بەشدارێکی سەرەکی گفتوگۆکانی ستراتیژییە، بۆ هەر یەکێک لەو چوار تەوەرەی باسمکرد نوێنەری خۆمان هەبووە، لەوێ جێگیرکراوە کە هەرێمی کوردستان بەشی خۆی لەم هاوکاری و پشتیوانیانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێت.
 
رووداو: لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال هیچ رێککەوتنێک کرا؟
 
ئامانج رەحیم: بابەتی سەربازی و ئەمنی لای بەندە نەبوو، من زیاتر نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانم کرد لە بواری ئابووری و وزە، کە جێگەی بایەخی حکومەتی ئێستای بایدنە، مەسەلەی کەشوهەوا و بەکارهێنانی سەرچاوەی پاک بۆ وێستگەکانی کارەبا بەشێوەیەکی گشتی. لەوانەیە وەڵامی ئەو پرسیارە زۆر لای من نەبێت، لای برای بەڕێزم کاک هەژار بێت، کە نوێنەرایەتیی وەزارەتی پێشمەرگە و هەروەها بەڕێز کاک فەوزی هەریری کە دۆسیەی سیاسی لای بەڕێزیان بووە.
 
رووداو: دوای گفتوگۆی ستراتیژی، کاری کۆمپانیا ئەمریکییەکان، بابەتی وەبەرهێنان و پرۆژەکان، لە هەرێمی کوردستان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت؟
 
ئامانج رەحیم: ئەمە دوایین دیالۆگی ستراتیژی بوو لەنێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بۆ لەمەودوا لە رێگەی لیژنەی هاوبەشی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و ئەمریکا کار دەکرێت بۆ ئەوەی هەموو ئەو بڕگانەی لە چوارچێوەی دیالۆگی ستراتیژی رێککەوتنیان لەسەرکراوە بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.
لەو کۆبوونەوەیەی کە ژووری بازرگانی ئەمریکی ئامادەیان کردبوو، بواری ئەوە رەخسا کە باس لە هەموو ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانە بکەین کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و باسمان لەوەکرد کە دۆخی ئاسایش و سەلامەتی لە هەرێمی کوردستان هەمیشە باشترە لە باقی عێراق، تاوەکو ئێستاش تەنانەت سەربازێکی ئەمریکیش لە هەرێمی کوردستان بریندار نەبووە.
ئەوەی جێگەی دڵخۆشیشە ئێمە توانیمان دۆکیۆمێنتێک لەگەڵ خۆمان ببەین کە زیاتر لە هەزار هەلی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان لە هەموو ئەو بوارانەی باسمانکرد لەخۆدەگرێت و دامانە وەبەرهێنەرانی ئەمریکی، دوای کۆبوونەوەکەش زۆربەی کۆمپانیاکانی ئەمریکا پەیوەندییان لەگەڵ هەم بەیان خان هەم لەگەڵ بەندە کردووە کە چۆن ئاسانکارییان بۆ بکەین بۆ ئەوەی بێن لەو بوارانە وەبەرهێنان بکەن لە هەرێمی کوردستان.
 
رووداو: هیچ کەسێک لە شاندی هەرێمی کوردستان بەشداریی دانیشتنی نێوان کازمی و بایدنی کرد؟
 
ئامانج رەحیم: دیارە ئەمساڵ جیاواز لە ساڵی رابردوو، بابەتی دیالۆگی ستراتیژی جیاکرابووەوە لە سەردانەکەی بەرێز مستەفا کازمی، تەنیا بەڕێز دکتۆر فوئاد حوسێن، کە وەزیری دەرەوەی عێراقە لە هەمان کاتیشدا بەڕێزیان نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن لە حکومەتی فیدراڵ، بەڕێزیان ئامادەی ئەو کۆبوونەوەیە بوون.
لە شاندەکەی خۆمان کە راستەوخۆ لە هەرێمی کوردستانەوە چووین بۆ ئەمریکا، بەشداریی لە کۆبوونەوەکانی کۆشکی سپی کراوە، بەڵام کۆبوونەوەی راستەوخۆ بەڕێز کاک دکتۆر فوئاد حوسێن، وەکو کوردێک و وەکو وەزیرێکی کورد ئامادەی کۆبوونەوەکان بووە.
 
رووداو: ناردنی 200 ملیار دینارەکە لە بەغداوە بەردەوام دەبێت؟
 
ئامانج رەحیم: ئەو بابەتە جێگەی بایەخ و گرنگی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە، چونکە خەڵک دڵی خۆشە، لە هەمان کاتدا تا راددەیەکیش نیگەرانە یاخود دوودڵە لەوەی ئایا تەنیا بۆ ئەو مانگەیە یان بەردەوام دەبێت؟ لە راستیدا خۆم زۆر مەبەستم بوو لە واشنتن بەڕێز مستەفا کازمی ببینین، بەڕێز عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق و وەزیری نەوت لێرەن. بە خۆشحاڵییەوە دوێنێ کۆبوونەوەیەکی تایبەت کرا، کە بەندە و بەڕێز کاک فەوزی هەریری ئامادەی ئەو کۆبوونەوەیە بووین، کە راستەوخۆ لەگەڵ بەڕێز مستەفا کازمی قسەمان کرد.
ئێمە باسمان لەوەکرد کە هەرێمی کوردستان پشتیوانی حکومەتەکەی بەڕێز مستەفا کازمییە، رۆژی چوارشەممە لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی و پێشوازی خۆی بۆ دەرئەنجامی دیالۆگی ستراتیژی خستەڕوو، دەستخۆشیشی لە بەڕێز مستەفا کازمی و شاندی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد. بۆیە وەکو هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوامانکرد ئەو 200 ملیار دینارەی ئەم مانگە هاتووە، مانگەکانی داهاتووش بەردەوامبێت. ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە بەڕێز مستەفا کازمی جەختیکردەوە کە حکومەتی عێراقی لە چوارچێوەی یاسای بودجەی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی 2021، نکۆڵی لەوە ناکەن کە ئامادەن بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دابین بکەن.
ئەگەر بێت و ئەو 200 ملیارە لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە مانگانە دابین بکرێت، بێگومان حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامی خۆی جێبەجێ دەکات، بە زیادبوونی ئەو داهاتە جارێکی دیکە نەگەڕێینەوە سەر بابەتی لێبڕینی مووچە، چونکە بەڕاستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە یاسا چەسپاوە، ئەوەی کە من گوێم لێبوو لە بەڕێز عەلی عەلاوی و بەڕێز مستەفا کازمیش، هیچیان نکۆڵیان لەوە نەکرد کە حکومەتی فیدراڵی بەردەوامبێت لەسەر خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان. لە هەمان کاتیشدا بەو پێیەی خۆم بەشدار بووم لە هەموو گەڕەکانی دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە ماوەی ساڵ و نیوی رابردوو 22 جار سەردانی بەغدامان کرد.
بۆ بەڕێزیانم شیکردەوە کەوا یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2021 پابەندییەکانی ئێمەی دەستنیشان کردووە، ئەو سێ پابەندییەی بۆ ئێمە دەستنیشانکراوە، ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ جێبەجێکردنی، ئێستا لیژنە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێریی دارایی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە وەزارەتەکانی ئێمەن بۆ مەسەلەی وردبینیکردنی داهاتە نانەوتییەکان و میلاکی وەزیفی، هەرێمی کوردستان شەفافانە هیچ لارییەکی نەبووە بۆ ئەوەی هەموو داتاکانی خۆی بخاتە بەردەست دیوانی چاودێریی دارایی. ئەوەی پەیوەندیداریشە بە نەوتەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە کە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت بداتە وەزارتی دارایی عێراقی فیدراڵ لە چوارچێوەی یاسای بودجە، ئێمە گوتمان لە بەرامبەر هەموو پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان شایستەی خۆمانە کە مانگانە 200 ملیار دینارمان بۆ خەرج بکرێت تاوەکو چیتر نەگەڕێینەوە سەر سیستەمی ناچاریی کەمکردنەوەی مووچەی چەسپێندراوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
 
رووداو: واتە مستەفا کازمی و عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق بەڵێن و دڵنیایی ئەوەیاندا کە لەمەودوا ناردنی 200 ملیارەکە مانگانە بەردەوام دەبێت؟
 
ئامانج رەحیم: ئەو 200 ملیارەی کە خەرجکراوە پێش هاتنی بەڕێز مستەفا کازمی بۆ واشنتن، ناوی لێنراوە پێشینە، ئێمە لێرە جەختمان کردەوە کە ئەمە مافێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە بەرامبەر جێبەجێکردنی پابەندییەکان، ئەوەی کە ئێمە دڵنیاییمان پێدرا بەڕێز مستەفا کازمی دڵنیای کردینەوە کە حکومەتی فیدراڵی بەردەوام دەبێت لەسەر خەرجیکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2021، لە بەرامبەریشدا ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان تەئکیدمان کردەوە کە ئێمەش پابەندییەکانی خۆمان لە چوارچێوەی ئەو یاسایە جێبەجێ دەکەین.
 
رووداو: ئەگەر بەغدا 200 ملیار دینارەکە نەنێرێت، جارێکی دیکە پەنا بۆ لێبڕینی مووچە دەبردرێتەوە؟
 
ئامانج رەحیم: ئەوە دەمێنێتەوە سەر وەزارەتی دارایی و کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵام پێویستە گەشبین بین بەوەی حکومەتی عێراقی بەردەوام دەبێت لەسەر ناردنی ئەو 200 ملیار دینارە، چونکە پێموایە هەرێمی کوردستان هیچ بەهانەیەکی بۆ حکومەتی فیدراڵی نەهێشتووەتەوە، کە وای لێبکات یاسای بودجەی ساڵی 2021، جێبەجێ نەکرێت، لە کۆتاییشدا هەرێمی کوردستان بێبەشبێت لە بەشە بودجەی خۆی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یەکێک لەو ئەی تی ئێمانەی لە دهۆک شکێندرا

لە دهۆک سێ ئامێری ATM شکێندران

لە سەنتەری پارێزگای دهۆک، سێ ئامێری ATMـی راکێشانی پارە تایبەت بە هەژماری من، شكێندراون و تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی دیار نییە.