رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، مانگی شەش لە هەرێمی کوردستان کارەبای نیشتمانی تێکڕا 12 بۆ 14 کاژێر هەبووە. زۆرترین کارەبای نیشتمانی لە سلێمانی و هەڵەبجە بووە، پاشان دهۆک و هەولێر.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لەم مانگەدا کاژێرەکانی کارەبای هەولێر بەگوێرەی رۆژەکان جیاواز بووە، بەڵام تێکڕا 11 بۆ 12 کاژێر کارەبا هەبووە.
خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەم مانگە لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا هیچ هاونیشتمانییەک بێ کارەبا نەبووە و بە شێوەی 24 کاژێری کارەبامان دابینکردووە."
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە بەرپرسانی باڵای وەزارەتی کارەبا وەریگرتووە، ئەم مانگە لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، تێكڕا 14 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەبووە.
لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، سەرەتای ئەم مانگە رۆژ هەبووە 18 کاژێر و 45 خولەک کارەبای نیشتمانی هەبووە؛ هەر لەم مانگەدا کەمترین بڕی کارەبا 11 کاژێر بووە؛ تێکڕا لە 29 رۆژی ئەم مانگەدا 14 کاژێر کارەبای نیشتمانی لە سنووری ئەو دوو پارێزگایە هەبووە.
لە دهۆک کارەبای نیشتمانی کەمتر بووە لە سلێمانی. بەگوێرەی بەدواداچوونەکەی رووداو، لە مانگی شەشدا تێکڕا لە شەو و رۆژێکدا نزیکەی 12 کاژێر کارەبای نیشتمانی دراوەتە هاوبەشانی کارەبا لە سنووری ئەو پارێزگایە.
26ـی ئەم مانگە، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لەم مانگەدا خواست لەسەر کارەبا 4 هەزار و 800 مێگاواتە، بەڵام بەرهەمهێنانی کارەبا 3 هەزار و 989 مێگاوات بووە."
لە هەرێمی کوردستان لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا موەلیدە ئەهلییەکان کاردەکەن کە بەگوێرەی رووپێوییەکی دەستەی ئامار، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 7 هەزار موەلیدەی ئەهلی هەن و لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا کارەبا دەدەنە هاوبەشانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ