چوونی هاونیشتمانیان بۆ حەج بە رێگەی وشکانی دەستیپێکرد

29-05-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

چوونی هاونیشتمانیان بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج بە رێگەی وشکانی لە هەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکرد و دوای دوو رۆژ دەگەنە سعودیە.
 
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، کاژێر 07:00ی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایار، لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستانەوە هاونیشتمانیان بۆ بەجێهێنانی حەج بە رێگەی وشکانی بەڕێکەوتوون.
 
ئەو کەسانەی بە رێگەی وشکانی بەڕێکەوتوون، ژمارەیان 1460 هاونیشتمانییە. بەرپرسێک لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هاونیشتمانییەکان ئەمشەو لە شاری کەربەلا و نزیک لە دەروازەی عەرعەر دەمێننەوە و بڕیارە رۆژی 31ی ئایار بگەن.
 
هەروەها نایف ئاسوودە، خاوەنی کۆمپانیای حەج و عومرە، کە ئەم ساڵ لە رێگەی وەزارەتی ئەوقافەوە حاجییان دەبەنە سعودیە، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زیارەتکاران لە دەروازەی عەرعەر پشوو دەدەن و شوێنی تایبەتیان بۆ پشوودان بۆ دیاری کراوە و لەوێش نان دەخۆن، پاشان بەڕێدەکەون بۆ سعودیە."
 
نایف ئاسوودە گوتی، زیارەتکارانی حەج دوای ئەوەی دەگەنە سعودیە سێ بۆ چوار رۆژ لە شاری مەدینە دەمێننەوە و پاشان بەرەو مەککە بەڕێدەکەن.
 
26ی ئەم مانگە یەکەم کاروان لە زیارەتکارانی حەجی ئەم ساڵ لە رێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانییەوە گەیشتنە سعودیە. بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە، سبەی دوایین گەشتی ئاسمانیی زیارەتکارانی حەج دەگەنە سعودیە.
 
ئەم ساڵ لە پاڵ زمانە جیهانییەکانی وەکو عەرەبی، پاکستانی و ئینگلیزی، بە تابلۆی کوردی و بە "بەخێربێن" پێشوازی لە زیارەتکارانی کورد دەکرێت و بەشێکی رێنوێنی شوێنەکانیش بە کوردی لەسەر تابلۆکان نووسراوە.
 
ئەوانەی لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان و ئەم ساڵ حەج دەکەن، تیکتی فڕۆکە، هۆتێل لە سعودیە، خشتەی کاری رۆژانە، پاسی هاتووچۆ و باجیان بۆ ئامادە کراوە.
 
ئەم ساڵ 4685 هاونیشتمانی بۆ حەجکردن دەچنە سعودیە؛ لەو ژمارەیە 1460 کەسیان بە رێگەی وشکانی بەڕێکەوتوون.
 
جگە لەو ژمارە هاونیشتمانییە، بەشێکی دیکەی هاونیشتمانیان کە ژمارەیان نادیارە، ئەمساڵ پێشوەختە و بە ڤیزەی یەک ساڵیی چوونەتە سعودیە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، ئەوان بەرپرس نابن لەو کەسانە و بە گوتەی بەڕێوەبەرایەتییەکە، "ئەو جۆرە حەجە نایاساییە."
 
بەگوێرەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، حەجکردن ئەم ساڵ بە دینارە؛ بە رێگەی ئاسمانی 6 ملیۆن و 350 هەزار دینار و بە رێگەی وشکانیش 5 ملیۆن و 300 هەزار دینارە.
 
لە حەجی ساڵی 2023ـدا چوار هەزار و 685 هاونیشتمانی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چوونە مەککە کە 720ـیان بە رێگەی وشکانی و ئەوانی دیکە بە رێگەی ئاسمانی چوون و تێچووی حەج بە رێگەی ئاسمانی چوار هەزار و 500 دۆلار بە وشکانیش سێ هەزار و 800 دۆلار بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی لووتکەچیای هەڵگورد لە 30-12-2022ـی. چیای هەڵگورد بەشێکە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، وێنە: مەهدی فەرەج - رووداو

زانکۆی کوردستان: چیاکانی زاگرۆس کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە

جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان-هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی رەسەن لەسەر چیاکانی زاگرۆس نەکراوە، گوتیشی، ''لە کۆپ29 داوامان لە چەند زانکۆی نێودەوڵەتی کردووە، سەردانی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی توێژینەوە لەسەر چیاکانی زاگرۆس بکەن.''