دروێنەکردنی گەنم لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد

29-04-2023
فواد حەقیقی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دروێنەکردنی گەنم لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد و بەرپرسانی رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای ئیلام دەڵێن، دوو هەزار و 500 تۆن گەنم لە جووتیارانی شارەکانی مێران و دێلران کڕدراوە. 
 
رۆژی شەممە، 29-4-2023، حەشمەت زەڕین چوب، جێگری بەڕێوەبەری رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای ئیلام بۆ کاروباری باشترکردنی بەرهەمی رووەکی گوتی، چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ لەو پارێزگایەدا 350 هەزار تۆن گەنم هەبێت و جووتیارانیش 260 هەزار تۆنی بە حکومەت بفرۆشن. 
 
ساڵی رابردوو حکومەت کیلۆیەک گەنمی بە 11 هەزار و 500 تمەن لە جووتیاران کڕی، بەڵام ئەمساڵ بە 15 هەزار تمەن دەیکڕێت. 
عەلیڕەزا عەباسی، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی ئێران هەفتەی رابردوو گوتی، حکومەتەکانی وڵاتانی دراوسێی ئێران گەنم بە پارەیەکی زیاتر دەکڕن و هەربۆیە دەکرێت ئەو نرخەی ئێران دیاریکردووە ببێتە هۆی ئەوەی گەنم بەشێوەی قاچاخ ببرێتە ئەو وڵاتانە. 
 
نرخی گەنم لە ئێران ناوەندێک بە ناوی ئەنجوومەنی نرخدانانی بەرهەمە کشتوکاڵییە سەرەکییەکان دیاری دەکات؛ نرخەکەش بەپێی نرخی جیهانیی گەنم، هەڵاوسان لە بازاڕی ئێران و هەڵسەنگاندنی نرخی گەنم لەگەڵ بەرهەمە هاوشێوەکان دیاری دەکرێت.
 
لە ساڵانی رابردوودا حکومەت گەنمی بە گرانتر لە نرخی بازاڕی ئازاد کڕیوە و جووتیاران بەشی زۆری بەرهەمیان بە حکومەت دەفرۆشت، بەڵام درەنگکەوتنی پارەی گەنمی جووتیاران لە لایەن حکومەتەوە و دابەزینی بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار و پارەی وڵاتانی ناوچەکە وایکردووە، هەندێ لە بەرپرسان هۆشداری لەوە بدەن گەنمی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە قاچاخ ببرێتە وڵاتانی دیکە. 
 
حشمەت زەڕین چوب دەڵێ، لەو پارێزگایەدا 26 ناوەندی کڕینی گەنم و 16 سایلۆ ئامادەن گەنمی جووتیاران وەربگرن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە