رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی رژانی سووتەمەنی بۆ نێو زێی بچووک لە سنووری قەزای دووکان، زیاتر لە 24 کاژێرە سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی شاری سلێمانی و چەند قەزا و ناحیەیەکی ناوچەکە راگیراوە. بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانییش دەڵێت، نازانن کەی دابەشکردن دەستپێدەکەنەوە.
هۆکاری پیسبوونی ئاوەکە رووداوێکی هاتووچۆ بوو لەنێوان دوو تەنکەر کە سووتەمەنییان دەگواستەوە.
ئەمڕۆ هەینی 29ی ئاداری 2024 ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "راگرتنی دابەشکردنی ئاو بەردەوامە؛ چاوەڕێ دەکەین هەرکات ئاوەکە پاکبووەوە، دابەشكردن دەستپێدەکەینەوە."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان لە بەرژەوەندیی تەندروستیی هاووڵاتییان و بۆ پاراستنی پرۆژەکانی ئاو، دابەشکردنی ئاویان راگرتووە.
پڕۆژەکانی 1 و 2ی ئاوی دووکان – سلێمانی راگیراوە، کە 70%ی ئاوی سلێمانی، چەمچەماڵ، شۆڕش، تەکیە، بازیان، گۆپاڵە، ئەڵایی و پیرەمەگروون دابیندەکەن. ئامانج جەلال گوتی، "بەگشتی ئەو دوو پڕۆژەیە سەرچاوەی ئاوی نزیکەی یەک ملیۆن کەسە."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی باسی لەوەش کرد، نازانن کەی ئاوەکە شیاو دەبێتەوە بۆ بەکارهێنان و لەگەڵ شیاوبووندا دابەشکردن دەستپێدەکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ