رووداو دیجیتاڵ
لە 10 رۆژی کۆتایی مانگی رەمەزاندا مزگەوتەکان بۆ شەوانی قەدر کراوە دەبن. بەرپرسێکی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، هەر مزگەوتێک بۆ شەوانی قەدر کراوە بێت، دەبێت رەزامەندی پێشنوێژ و گوتارخوێن وەربگیرێت.
ئەمڕۆ هەینی 19ـی مانگی رەمەزانە. شێخ ئیبراهیم بەرزنجی، یاریدەدەری پشکنەری گشتی لە دیوانی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە سبەی شەوەوە کە دەبێتە 20 لەسەر 21ـی رەمەزان، مزگەوتەکان بێ جیاوازی شەوانی قەدر کراوە دەبن".
شێخ ئیبراهیم بەرزنجی گوتی، کردنەوەی مزگەوتەکان دەبێت بە رەزامەندی پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتەکە بێت.
لە شەوانی قەدردا موسڵمانان بە نوێژ، نزا و پەرستشە جیاوازەکان رۆژ دەکەنەوە، بەتایبەتی شەوی 27ـی رەمەزان کە تێیدا زۆرترین موسڵمان شەوەکە بە خواپەرستی بەڕێ دەکەن.
مامۆستا ویسام بەرزنجی، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی ئیعجاز لە هەولێر ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شەوانی قەدر پیرۆزن؛ پەیامبەری خودا (د.خ) هەموو شەو و رۆژەکانی بە پیرۆزی راگرتووە، بەتایبەت 10 شەوی کۆتایی".
ئەو مامۆستا ئایینیە دەڵێت، زیندووکردنەوەی شەوانی قەدر لەسەر موسڵمانان سوننەتە و بە جەماعەت بکرێت پاداشتی زیاترە، بەڵام لە ماڵەوەش بێت ئاساییە.
مامۆستا ویسام بەرزنجی ئاماژەی بەوەشکرد، "کەسێک پاسەوانە، پزیشکە، دووکاندارە یان هەر کارێک کە ئەو شەوانە ناتوانێ بچێتە مزگەوت و لە ماڵەوەش نابێت، دەتوانێت لە شوێنی کارەکەی شەوەکە زیندوو رابگرێت و بەگوێرەی دەرفەت قورئان بخوێنێت".
ئەو پێشنوێژ و گوتارخوێنە لە هەولێر، رێنوێنی ئەو موسڵمانانە دەکات کە شەوەکانی قەدر زیندوو رادەگرن، جگە لە نوێژەکانی تەراویح، "باشترین پەرستش سەڵاوات و وێرد؛ قورئانخوێندنی زۆرە؛ شەونوێژیش زۆر گرنگە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ