سەرۆککۆماری ئەرمینیا کۆتایی بە سەردانەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ‌هێنا

29-02-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئەرمینیا کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق هێنا، ئەوەش دوای ژمارەیەک کۆبوونەوە و تاوتوێکردنی چەندین پرسی جێگەی بایەخی هەردوولا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراق. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی شوباتی 2024، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ڤاهاگن خاچاتوریان، سه‌رۆککۆماری ئه‌رمینیا لە فڕۆکەخانەی هەولێر لەلایەن مسته‌فا سه‌يد قادر، جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ به‌ڕێکرا".
 
سه‌رۆکی ئه‌رمینیا رۆژی دووشه‌ممه‌ به‌ سه‌ردانێکی فه‌رمی گه‌یشته‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای عێراق کۆبووه‌وه‌. ئەمڕۆ پێنجشەممەش گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە لایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.
 
دواتر ڤاهاگن خاچاتوریان چووە پیرمام و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەوە. 
 
بارەگای بارزانی لە بارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، سەرۆک بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی سەرۆکی ئەرمینیای کرد و ئاماژەی بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئەرمینیا دا و سوپاسی سەرۆکی ئەو وڵاتەیشی کرد بۆ رێزگرتن لە مافەكانی كوردانی نیشتەجێی ئەرمینیا. 
 
بارەگای بارزانی دەڵێت، "سەرۆكی ئەرمینیا ستایشی پێشكەوتن و ئارامیی هەرێمی كوردستانی كرد و رۆڵی سەرۆك بارزانی لە رەخساندنی ژینگەیەكی ئارام و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان و هەروەها رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تووندڕۆیی بەرز نرخاند".
 
هەر ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌ هه‌ولێر لەگەڵ سەرۆکی ئەرمینیا کۆبووەوە. 
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی، هه‌ردوولا باسیان له‌ ده‌رفه‌ته‌کانی بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی ئه‌رمینیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستان کرد له بواری بازرگانی، وه‌به‌رهێنان، که‌رتی تایبه‌ت، پزیشکی و گه‌شتیاری و "تیشکیان خسته‌ سه‌ر ده‌رفه‌تی گه‌شتی راسته‌وخۆی ئاسمانیی نێوان ئه‌رمه‌نستان و عێراق به‌ هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌".
 
له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا که‌ جێگرانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و وه‌زیرانی په‌یوه‌ندیداری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌ی بوون، په‌یوه‌ندییه‌کانی ئه‌رمینیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستان، "به‌تایبه‌تی له‌ بواری ئابووری تاوتوێکران و لەبارەی دۆخی عێراق و هه‌رێمی کوردستان و ره‌وشی پێکهاته‌کان، بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌".

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی بزووتنەوەی گۆڕان

بزووتنەوەی گۆڕان ناتوانێت بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکات

بۆ یەکەم جار لەدوای دامەزراندنیەوە، بزووتنەوەی گۆڕان ناتوانێت بەشداری لە هەڵبژاردنێکدا بکات. ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیش دەڵێت: "چاوەڕێین هەڵاواردنێک بۆ بزووتنەوەکە بکرێت بۆ ئەوەی بەشداری بکات."