رووداو دیجیتاڵ
موحسین دزەیی، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە هەڤپەیڤینێکدا باس لە کەسایەتیی مەلا مستەفای بارزانی و شۆڕشەکانی دەکات و دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی هەوڵی ئاشتەوایی دەدا و لەگەڵ شەڕ نەبوو، بەڵام ئامانجی دووری تێکۆشان بوو بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان.
هەڤپەیڤینەکە کۆنە و بۆ ساڵی 1993 دەگەڕێتەوە، موحسین دزەیی لە بەشێکی قسەکانیدا باس لە چۆنێتی ناسینی مەلا مستەفا بارزانی دەکات و دەڵێت، ''ساڵی 1943 منداڵ بووم و یەکەم جار بوو کە چاوم بە بارزانی کەوت، بێگومان لەوکاتەوە هەر لەسەر ئەو باوەڕە مامەوە کە بازرانی سەرکردەیەکی لێهاتووی کوردە و شتێک بۆ کورد دەستەبەر دەکات".
موحسین دزەیی لەبارەی هاوکارییەکانی مەلا مستەفا بارزانی بۆ قازی محەممەد و کۆماری مهاباد دەڵێت، بارزانییەکان هێزی سەرەکیی سوپای بەرگریی کۆماری مهاباد بوون و ''تاکە هێز'' بوون کە کاتی هێرشی سوپای ئێران، بەرگرییان لە کۆمار کرد.
هەر لەبارەی کۆماری مهاباددا ئەو ئەندامەی پێشووی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، ''کاتی تێکچوونی کۆمار، مەلا مستەفای بارزانی بە قازی محەممەدی گوتووە، خۆت رادەست مەکە، پێکەوە تاوەکو بمێنین بەرگری لە کۆمار دەکەین، بەڵام قازی محەممەد قبووڵی نەکردووە و گوتوویەتی، منیش لەگەڵ خەڵکەکە دەمێنمەوە و خۆم رادەست دەکەم، ئاڵای کوردستانیشی رادەستی بارزانی نەمر کردووە".
لە بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەدا، موحسین دزەیی باس لە پیلانگێڕییەکانی حیزبی بەعس بۆ مەلا مستەفا بازرانی و کوردستان دەکات و دەڵێت، ساڵی 1974 بارزانی پێیخۆش نەبوو شەڕ دروستببێتەوە، بەڵام بەعس بڕیاری دابوو و شەڕەکەی بەسەر کوردستاندا سەپاند.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ موحسین دزەیی
پرسیار: ئایا مەلا مستەفا بارزانی لە ساڵەکانی 1974 و 1975 کە درێژەی بە شۆڕش دایەوە، بڕوای تەواوی بە دۆستەکانی هەبوو؟ کەرکووک چەندە گرنگ بووە بە لای بارزانییەوە؟ پەیماننامەکەی جەزائیر چ کاریگەرییەکی لەسەر مەلا مستەفا بارزانی هەبوو و بۆچی درێژەی بە شۆڕش نەدا؟
موحسین دزەیی: سوپاسی هاتنتان دەکەین بۆ ئینگلتەرا، چونکە زەحمەتمان داون و رێکنەکەوت لە کوردستان بتانبینین، بەپێی توانا هەوڵدەدەم ئەو پرسیارانەی ئێوە روون بکەمەوە، هەرچەندە کە باس لە سەرۆک بارزانی، کەسایەتییەکی ئەوها مەزن، بۆ کەسێکی وەک من یان لە ماوەیەکی سنوورداردا زۆر ئەستەمە بە تێروتەسەلی باسی بکەین، بەڵام هەوڵدەدەم ئەو بیرەوەری و ئەو شتانەی کە لەیادمن باسیان بکەم، بەتایبەتی ئەوەی کە داواتان کرد لە ساڵانی 1974 و 1975.
دەمەوێت بەر لەوە، نەختێک بگەڕێمەوە بۆ مێژووی کۆن، کە من بارزانیم چۆن ناسیوە و کەی ناسیومە؛ من مناڵ بووم لە قوتابخانەی سەرەتایی بووم، وابزانم لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی کە ئەوکات قوتابخانەی یەکەمی هەولێریان پێدەگوت، لەوێ بووم. ساڵی 1943 لە مامۆستاکانم گوێم لێ بوو باسی شۆڕشێکیان دەکرد بە سەرکردایەتیی مەلا مستەفای بارزانی، کە شۆڕشێکی هەڵگیرساندووە.
ئەوکات شەڕی دووەمی جیهانی لە ئارادا بوو، هەروەها لە کاک ئەحمەدی برام کە لە من گەورەتر بوو و ئەم دەنگ و باسانەی دەزانی، جاروبار ئەم شتانەم لێ دەبیست. تۆزێک هەستم بەوە دەکرد حەزم دەکرد مەلا مستەفای بازرانی بناسم، کە کێیە؛ رۆژێکی زستانی 1944 بوو، سەرەتای ساڵی 1944 دوای ئەوەی کە گفتوگۆ پەیدا بوو لە نێوان میری ئەو کات و شۆڕشەکەی بارزانیی نەمر لە بارزان و بەڵێنیان پێدابوو، کە هەندێک لە داواکارییەکانی جێبەجێ بکەن.
رۆژێک لە نێو پۆل دانیشتبووین، لەکاتێکدا قەرەباڵخییەک پەیدا بوو و لە هەر پۆلێک قوتابییەکان رایان دەکردە دەرەوە بە مامۆستاکانیشەوە، ئێمەش لەگەڵیاندا [چووین]؛ پرسیارمان کرد چی بووە؛ [بینیمان] چەند کەسێک لە بەرامبەر ئێمە بە پێ بەرەو ناوشار دەهاتنەوە، 10 یان 12 کەس بوون، چەکدار بوون، یەکێکیان لە پێشەوە دەڕۆیشت. پرسیارمان کرد کێیە؟ گوتیان مەلا مستەفای بارزانییە، ئەوکات چووبوو بۆ باداوە بۆ پرسەی خوالێخۆشبوو مەلا فەندیی (ئەفەندی) هەولێر، کە پیاوێکی گەورەی ئایینی و سیاسی بوو لە هەولێر کە [مەلا مستەفای بارزانی] لەوێوە بەرەو ناوشار دەچوو.
ئەمە یەکەم جار بوو کە چاوم بە بارزانی کەوت، بێگومان هەر لەسەر ئەو بیروباوەڕە مامەوە کە بازرانی دەبێتە سەرکردەیەکی لێهاتووی کورد و شتێک بۆ کورد دەستەبەر دەکات. تاوەکو دوای ئەوە کە شۆڕشی 1945 دەستیپێکردەوە و بە تەواوەتی ئێمە بەدوادواچوونمان بۆ هەواڵەکانی شۆڕش دەکرد، کاتێک چووبوومە قۆناخی ناوەندی، هەواڵی ئەم شۆڕشەمان دەزانی، دواتر کە چوو بۆ مهاباد و لەگەڵ هاوڕێکانی لەوێ خزمەتی کۆماری مهابادیان کرد؛ من لەو کاتەوە زانیومە کە مەلا مستەفای بارزانی سەرکردەیەکە هەوڵدەدات کە ئامانجی کورد جێبەجێ بکرێت و شتێک بە کورد بگات و ئێمەش چاومان لەمە بڕی بوو.
دوای تێکچوونی کۆماری مهاباد، گەڕایەوە کوردستانی عێراق و دووبارە رێبڕینی مەسیری بەناوبانگ کە سێ یان چوار دەوڵەتی بە نێو دوژمندا بڕی و هەمووی بە شەڕ، کە ماوەی زیاتر لە شەش هەفتەی خایاند و گەیشتە خاکی سۆڤیەتی ئەو کات. نامەوێت بگەڕێمەوە سەر ئەو بابەتەی کە مەلا مستەفای بارزانی چۆن هاتەوە و چۆن پارتی ئەو کات پەیوەندی پێیەوە دەکرد و تاوەکو ئەو کاتەی گەڕایەوە و شۆڕشی ئەیلوول دەستیپێکرد.
ساڵی 1963 چوومەتە نێو شۆڕشی ئەیلوول، ئەوکات لە نزیکەوە زیاتر بارزانیم ناسی. بازرانی هەموو هەوڵ و کۆششی بۆ ئەوە بوو شتێک بۆ نەتەوەی کورد دەستەبەر بکات و پەیوەندیی بە هەموو لایەنێک دەکرد، کە بتوانن یارمەتییەکی میللەتەکە بدەن و بارزانی توانی لە ماوەیەکی کەم دەنگی کورد بگەیێنێتە جیهان و کورد بە دەرەوە بناسێنێت و بە هەر کەسێکت گوتبایە کە من کوردم، پرسیاریان لێدەکردی بازرانی؟ ناوی بارزانییان لەگەڵ کورد دەهێنا.
پرسیار: بارزانی مەبەستی بوو گرفتی کورد بکاتە بابەتێکی جیهانی؟
موحسین دزەیی: بەڵێ، مەبەستی ئەوە بوو، لەبەر ئەوە هەوڵی دەدا؛ هەرچەند ئەو کات دۆخەکە بەجۆرێکی دیکە بوو، لە سەرەتای شۆڕشەوە ساڵانە جارێک رۆژنامەڤانێک دەهات، یان بە دوو ساڵ جارێک دەهاتن. پەیوەندی گرتن زۆر ئەستەم بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەموو جۆرە هەوڵێکی دەدا و بەپێی توانا خەڵکی دەناردە دەرەوە کە بتوانن دەنگی کورد بگەیێننە دەرەوە.
قەناعەتی وابوو کە ئەگەر هێزێکی گەورە پشتگیریی کورد نەکات، ناتوانێت بگاتە ئامنجەکانی خۆی، لەبەر ئەوە بەردەوام هەوڵی دەدا هێزێکی سەرەکیی جیهان، ببێتە پاڵپشتی میللەتی کورد.
مەلا مستەفا کەسێکی سیاسی بوو، لەبەر ئەوەی وەک دەڵێن، هەموو هێلکەکانی نەدەخستە سەبەتەیەکەوە، هەوڵی دەدا لەگەڵ سۆڤیەت، ئەمریکا، بەریتانیا، لەگەڵ دراوسێکانمان لەگەڵ ئێران و تورکیاش هەوڵی [پەیوەندی] دەدا.
بێگومان کاتێک مەلا مستەفا دەیگوت کورد، مەبەستی تەنیا کوردستانی عێراق نەبوو، بەردەوام باسی لە هەموو کوردستان دەکرد، هەرچەند کە بۆ دۆخی ئێستای ئێمە لە کوردستانی عێراق دەمانەوێت شتێک دەستەبەر بکەین، بەڵام بەردەوام ئامانجی دووری ئەوە بوو کە کورد هەموو یەکە و نەتەوەیەکی دابەشکراوە.
بێگومان پێشتریش سەلماندوویەتی، لە دوو سێ پارچەی کوردستان شەڕی کردووە، لە ئێران تەنیا ئەو بوو بەرگری لە کۆماری مهاباد کرد و چەند شەهیدیان دا.
پرسیار: ئەمە روونە کە ئەگەر هێزی ئەوان نەبووایە، ئەو ساڵەش نەیاندەتوانی لە بەرامبەر هێرشەکانی سوپای ئێران بەرگری بکەن؟
موحسین دزەیی: بەڵێ، هێزی سەرەکیی سوپای کۆماری مهاباد بۆ بەرگری، بارزانییەکان بوون و چەند بەرەیەکی شەڕیان رادەست کرابوو و ئەوان شەڕیان دەکرد، چەند شەهیدێکیشیان هەبوو، ژمارەیەکی زۆریان شەهید هەبوو لە کوردستانی ئێران و خۆی کە چوو بۆ کوردستانی ئێران، چووە لای قازی محەممەد و گوتی، 'وەکو سەربازێک ئامادەمە بەرگری لە کۆماری مهاباد بکەم'.
پرسیار: هیچ بیرەوەرییەکی باس نەکردووە لەبارەی ئەو کات و بوونیان لە کۆماری مهاباددا؟
موحسین دزەیی: دوای تێکچوونی کۆماری مهاباد، بەر لەوەی قازی بگیرێت، من ئەم گوتەیەم لە هاوژینی [خانمی] قازی محەممەد دایکی کوڕی رەش بیستووە، بەر لەوەی بارزانی لە سۆڤیەت بگەڕێتەوە بۆ کوردستان، من لە ئەڵمانیا خانمی قازیم بینی، چوومە لای ئەو قسەی بۆ کردم و گوتی، ئەو کاتەی کۆماری مهاباد تێکچوو و خەریک بوو خۆیان رادەست بکەن، بارزانی داوای لە قازی کرد کە خۆی رادەست نەکات، 'وەرە من لەگەڵت دەبم و تاوەکو ماوین شەڕ و بەرگری دەکەین'.
بارزانی گوتوویەتی، 'ئەو ئاڵایەی کوردستانت بۆ دەپارێزم'، ئەمە خانمی قازی ئەم قسەیەی کرد، قازیش گوتویەتی، 'نەخێر، من بڕیارم داوە کە خۆم رادەست بکەم، لەبەر ئەوەی نابێ، خەڵک کە (بەزیوە) لە بەرگری، منیش لەگەڵ خەڵکەکە خۆم رادەست دەکەم، با مەسیرمان هەموو یەک بێت.'
کە بارزانی گەڕایەوە لە سۆڤیەت خۆی ئەم قسەیەی بۆ من گێڕایەوە، دەقی ئەم قسەیە بوو، گوتی، 'داوام لە قازی کردووە، قازیش گوتوویەتی نەخێر، ئاڵاکەی کوردستان رادەستی تۆ دەکەم، من دەبێ خۆم رادەست بکەم'. [بارزانی] گوتی ئەو جا ناچار بووم و بەرەو کوردستانی عێراق گەڕامەوە'، کە پاشان چووە سۆڤیەت.
ئیتر خۆتان دەزانن کە مێژووی شۆڕش چۆن بووە، ئەوکات شۆڕشەکە بەردەوام بوو تاوەکو رێککەوتنی 11ـی ئازار، کە حکومەتی عێراق دانی نا بە مافی کورد بۆ ئۆتۆنۆمی [حوکمی زاتی] و رێککەوتنێک لەسەر ئەم بنەمایە جێبەجێ کرا؛ ئەمە بۆ کورد گەورەترین دەستکەوت بوو، لە مێژووی نەتەوەی کورددا نەبوو کە حکومەتێک بە فەرمی دان بە مافی کورد بۆ ئۆتۆنۆمی دابنێت و رێککەوتنی فەرمی لە نێوان دوو لایەنەکە هەبێت. بێگومان مەلا مستەفا ئەمەی پێ دەستکەوتێکی گەورە بوو، کە دەستەبەر کراوە، هەرچەند قەناعەتی نەبوو بەعس رێکەوتنەکە جێبەجێ بکات.
پرسیار: واتا گومانی هەبوو لە رێککەوتنەکە و کردەوەکانی بەعس؟
موحسین دزەیی: بەڵێ، بەر لەوەی بچێت بۆ واژۆکردنی رێککەوتنەکە، دانیشتنێکی لەگەڵ ئێمە کرد و رای هەموومانی وەرگرت، هەمووان بۆچوونیان وابوو کە ئەم رێککەوتنە بکرێت و دەستکەوتێکی گەورەیە؛ گوتی، 'من بە گوێی ئێوە دەکەم بۆ ئەوەی نەڵێن رای خۆی سەپاند، مادام ئێوە زۆرینەن و راتان وایە رێککەوتنەکە بکەین، من رێکدەکەوم و ئەمە راستە شتێکی باشە، بەڵام من هیچ کات متمانەم بە حیزبی بەعس نییە، کە رێککەوتنەکە جێبەجێ بکات، بەڵام کێشە نییە واژۆی دەکەم.' گەڕایەوە بۆ ئەو ژوورەی کە سەدام حوسێنی لێبوو و رێککەوتنەکەیان واژۆ کرد.
بۆ ئێمە هەنگاوێکی زۆر گەورە بوو، بەڵام دەرکەوت دوای ماوەیەک بەعس دەستی بە پیلانگێڕی کرد و پاشگەز بووەوە و بەڵێنەکانی لە ماوەیەکی کەمدا لەبیر کرد.
پرسیار: یەکێک لە هۆکارەکانی بێ باوەڕیی بارزانی کردەوەی بەعسییەکان بوو، یەکێک لە پیلانگێڕییەکانیشیان پیلانی مەلاکان بوو.
موحسین دزەیی: بەڵێ، بێگومان پێتشتریش لە ساڵی 1963 ئەزموونی لەگەڵیان هەبوو، دەیناسین، لەبەر ئەوە قەت متمانەی پێیان نەبوو و گومانی لە راستبوونیان هەبوو، یەکێک لە نموونەی پاشگەزییەکەیان، ئەوە بوو کە پیلانگێڕییان لە دژی ژیانی [مەلا مستەفا] کرد.
ئەو کات من نوێنەر بووم لە پراگ، لە چیکۆسلۆڤاکیا، مانگی نۆ بە مۆڵەت گەڕابوومەوە بەغدا، بە ئۆتۆمبێل لە رێگەی موسڵەوە گەڕامەوە و نەچوومەوە بۆ هەولێر و یەکسەر چوومە بەغدا، خۆی وایە کە یەکێک لە دەرەوە نوێنەر (سەفیر) بوو، دەچێت لە تۆماری تەشریفات (سجیل تشریفات) لە کۆشکی کۆماری واژۆیەک دەکات، کە گەڕاوەتەوە و هەروەها چاوی بە سەرۆککۆمار و جێگرەکەی دەکەوێت. من داوای چاوپێکەوتنم لەگەڵ جێگری سەرۆککۆماری ئەو کات کرد کە سەدام حوسێن بوو، رۆژیان بۆ دیاری کردم بۆ رۆژێک دواتر بۆ ئێوارە، منیش بە هەلم زانی گوتم سەرێکی هەولێر دەدەمەوە، ئەو کات شێروانی کوڕم لەگەڵ بوو، منداڵ بوو، گوتم ئەویش دەگەیێنمەوە هەولێر، پاشان بەیانی من دەگەڕێمەوە و ئێوارە دەچم بۆ چاوپێکەوتنەکە.
هاتمەوە بۆ هەولێر ئەوەندەی پێنەچوو ئاگاداریان کردمەوە و گوتیان پیلانگێڕییەکی وا هەبووە، یەکسەر بروسکەیەکم نووسی بۆ کۆشکی کۆماری و جێگری سەرۆککۆمار کە چاوپێکەوتنەکەم دوابخرێت، من ناتوانم ئێستا بێم. یەکسەر بەرەو گەڵاڵە بەڕێکەوتم، بەرەبەیانی گەیشتم؛ چووم، گوتیان مەلا مستەفا لە قەسری سەلامە و رۆیشتم بۆ ئەوێ، بەرپرسی پاسەوانەکان کە ناوی (حاچک) بوو و لە ژوورەوە پیاسەی دەکرد، ئێستاش حاچک ماوە و یەکێک لە هەڤاڵەکانی بوو کە لەگەڵی چووبوو بۆ یەکێتیی سۆڤیەت و یەکێک لە قارەمانەکان بوو. حاچک کە چاوی بە من کەوت و زانی کە شڵەژاوم گوتی، 'لێرەیە بەڵام خەوتووە'، کە بینی قەناعەتم نەکردووە. بردمی و گوتی، 'لە پەنجەرەوە سەیر بکە'، منیش سەیرم کرد و بینیم خەوتووە، گوتی، 'تازە خەوتووە، با ئیستڕاحەت بکات و جێگەش بۆ تۆ دادەنێین ئیستڕاحەت بکە.'
بەیانی هەڵسام چوومە لای پێکەوە نانی بەیانیمان خوارد، بێگومان لەم پیلانگێڕییەی کە لەگەڵیان کرد، زۆر دڵگران بوو و بە موعجیزەش رزگاری بوو.
پرسیار: نەمر بارزانی خۆی چی دەگوت لەبارەی رووداوەکەوە؟ بابەتەکە سەرسوڕهێنەرە، لە نێوان کۆمەڵێک مەلادا روویدا.
موحسین دزەیی: بەڵێ، بەڵام دۆخەکە ئاوا بوو کە مرۆڤ سۆز و عاتیفەی دەجووڵا و بە سۆزەوە قسەی دەکرد، بەڵام ئەو نەشڵەژابوو و زۆر ئاسایی بوو، واتا ئێمە زیاتر شڵەژابووین، کە لەکاتی رووداوەکە لەوێش نەبووین، ئاگادار نەبووین و چاومان لێ نەبوو، بەڵام شڵەژابووین؛ بەڵام ئەو باوەڕی تەواوی هەبوو و گوتی، 'شتێک ئەگەر خودا رای لەسەر نەبێت، جێبەجێ نابێت، هەرچەند پیلانگێڕییەکی گەورەشت لەگەڵ بکەن، مرۆڤ رزگاری دەبێت.'
پاشان دوای یەک یان دوو رۆژ بۆی باس کردین رووداوە چۆن بووە و چۆن دانیشتوونە، چۆن مەلاکان تەقیونەتەوە، ئەوەی کە لە بەرامبەر ئەو دانیشتووە، ئەوەی شەهید بوو چایچییەکە بوو، کە کەوتووەتە نێوان سەرۆک بارزانیی نەمر و مەلاکەی کە تەقەمەنی لێ بەسترابوو، ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە [مەلا مستەفای بارزانی] پارێزراو بێت و ئەو پێشمەرگەیەش شەهید بێت. ئەمە یەکێک لە نموونەکان بوو کە حکومەت [لە رێککەوتنی 11ـی ئازار] پاشگەز بووبووەوە و بە هەموو شێوەیەک هەوڵی دەدا کە ئەم رێککەوتنە جێبەجێ نەکات.
پرسیار: ئەمە هۆکارێک نەبوو کە مەلا مستەفای بارزانی شەڕ رابگەیێنێت؟
موحسین دزەیی: هیچ کات؛ بەڵێ زۆر داواکرا کە وەزیرەکان و کاربەدەستان [لە بەغدا]، هەمووی بکشێنەوە و دەست لە بەرپرسیارێتیی لە حکومەت هەڵبگرن، بەڵام مەلا مستەفا قبووڵی نەکرد، رای بارزانی ئەوە بوو کە ئێمە نابێت بەڵگە بدەینە حکومەت کە ئەوان پاشگەز ببنەوە، ئێمە دەبێ ئەو ماوەیەی کە داندراوە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 11ـی ئازار، تەواوی بکەین، شەڕ نەبێتەوە بڵێن مەلا مستەفای بارزانی لەسەر خۆی شەڕی کردەوە، دەیگوت، 'میللەتی کورد لە من گەورەترە لەبەر ئەوە خەڵک چاوەڕێی ئەوە نییە کە من لەسەر ژیانی خۆم بڵێم دەست بە شەڕ بکرێتەوە، ئێمە دەبێ ئەم دەرفەتە بپارێزین تاوەکو ئەو چوار ساڵە تەواو دەبێت، بزانین ئایا جێبەجێی دەکەن یان نا'، ئەمە رای ئەو [مەلا مستەفای بارزانی] بوو.
کە ساڵی 1974 دانوستاندنیان لەسەر شێوەی ئۆتۆنۆمییەکە دەستپێکردەوە، من یەکێک بووم لە ئەندامانی شاندی کوردستان، دیار بوو کە پاشگەز بووبوونەوە، تەنانەت ئەوانەی کە بە ناو بەرەی قەومی و نیشتمانی-قەومی بووبوونە هاوبەشی بەعسییەکان لە حیزبەکانی دیکە، ئەوانیش پشتگیریی ئێمەیان نەکرد و زیاتر پشتگیریی بەعسیان دەکرد، کە دواتر زانیان بە هەڵە چوونە و دوای ماوەیەکی کەم [بەعس] رووی لەوانیش سووڕاند.
بێگومان ساڵی 1974 بارزانیی نەمر پێیخۆش نەبوو شەڕ ببێتەوە، لەبەر ئەوە دوایین جار خوالێخۆشبوو ئیدریس [بارزانی] بۆ گفتوگۆ ناردە بەغدا، بۆ ئەوەی هەرچۆنێک بێت رێگە نەدرێت شەڕ دەستپێبکاتەوە و ئیدریس وەک دوایین شت هەوڵی لەگەڵیان دا، کە هەموو شتێک بۆ ساڵێکی دیکە دوابخرێن، بەڵکو لەو ماوەیەدا متمانە بگەڕێتەوە نێوانیان کە قبووڵیان نەکرد و ئەوان بڕیاری شەڕیان دابوو و زیاتر بەعس شەڕەکەی بەسەر کوردستاندا سەپاند.
پرسیار: واتا بارزانی تاوەکو دوایین ساتەکان هەوڵی بۆ ئاشتەوایی دەدا؟
موحسین دزەیی: تاوەکو دوایین ساتەکان دەیویست لە رێگەی ئاشتی و دیپلۆماسییەوە رێککەوتنەکە سەر بگرێت و شەڕ نەبێتەوە، بەڵام [بەعسییەکان] قبووڵیان نەکرد بەهیچ شێوەیەک.
پرسیار: یەکێک لە هۆکارەکان کەرکووک بووە کە رێکنەکەوتوون، باسی ئەم بابەتەمان بۆ بکە.
موحسین دزەیی: بەڵی، لە دانوستاندنەکانی 1970 کە شاندی حکومەت بەر لە رێککەوتنەکە هاتن، یەکێک لەوان کە سامەڕایی، نازانم ناوەکانم نایەتەوە بیر، وابزانم ئەو کات وەزیری راگەیاندن و لە سەرکردایەتیی بەعس بوو، لە دانیشتنێکدا پێنووسی دا لە مێزەکە و بە عەرەبی گوتی، 'کێ دەڵێت کەرکووک شارێکی کوردییە؟' بارزانی وەڵامی دایەوە و گوتی، 'کەرکووک کوردستانە، پارچەیەکە لە کوردستان و کەس ناتوانێت، نە تۆ و نە من ئەم مافە لە میللەتی کورد وەربگرینەوە، ئەگەر داگیری دەکەن ئەوە جیایە، بەڵام بڵێن کورد نییە ئەمە ناکرێت (مومکین نییە)'.
بەڵێ کەرکووک یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان بوو کە شەڕ ببێتەوە. ئەو کات بە هیچ شێوەیەک بارزانیی نەمر ئامادە نەبوو کە لەسەر کەرکووک نەرمی بنوێنێت، بەڵام بەعس دەیویست ئێمە بە تەواوی نەرمی بنوێنین و پەیوەندییمان بە کەرکووکەوە نەمێنێت و بە کوردستان ئەژمار نەکرێت. بازرانیی نەمر مەبەستی ئەوە بوو بە کوردستان ئەژمار بکرێت، 'کێشە نییە ژێردەستی بەعسیش بێت، پارێزگاریشی عەرەب بێت، یان ئیدارەی هاوبەشی هەبێت'، ئەم شتانەی هەموو قبووڵ کرد، بەڵام کەرکووک پارچەیەکە لە کوردستانە.
پرسیار: واتا بارزانی بەو جۆرە قبووڵی بوو؟
موحسین دزەیی: بەڵی، بەو جۆرە قبووڵی کرد کە ئیدارەی هاوبەشی هەبێت، بەڵام دەبێ لە بواری جوگرافییەوە حکومەت دان بەوەدا بنێت کە بەشێکە لە کوردستان، بەڵام جاری وا بەرژەوەندییەکە لەمە دایە کە ئیدارەی هاوبەشی هەبێت و لە دەقی ئەو یاسایەی کە بڕیار بوو دابنرێت، دەبێ دەق هەبێت کە رێککەوتنی لەسەر کرابا و پارچەیەک لە کوردستان ئەژمار کرابا.
پرسیار: بارزانی پێداگر بوو لەسەر ئەوەی کە بە فەرمی لەوێ دان بەوە دانەنرێت کە کەرکووک بەشێک نییە لە کوردستان؟
موحسین دزەیی: بەڵێ، هیچ کات نەیدەویست و دەیگوت، 'نە من ئەو مافەم هەیە و نە کەس ئەو مافەی هەیە کە سەبارەت بە پارچەیەک لە خاکی کوردستان نەرمی بنوێنێت و بگوترێت کە ئەمە خاکی کورد نییە، چۆن دەتوانم وا بڵێم، کێ ئەم دەسەڵاتەی داوەتە من، کەس ئەو مافەی نییە.'
پرسیار: دەکرێ بڵێین هۆکاری سەرەکیی هەڵگیرسانی شەڕ، سەپاندنی ئەو داوایە لەلایەن بەعسەوە لەبارەی کەرکووک و قبووڵنەکردنی ساڵێک دواخرانی دانوستاندنەکان بوو؟
موحسین دزەیی: داواکردنی دواخرانی دانوستاندنەکان بۆ ساڵێک، چارەسەرێک بوو بۆ ئەوەی شەڕ نەبێت، ئەگەر نا ئەمە یەکێک لە هۆکارەکانی دروستبوونی شەڕ نەبوو، بەڵام ئەوان [بەعس] دەیانویست یاسای ئۆتۆنۆمییەکە بەو شێوەیە دابڕێژن، کە خۆیان مەبەستیان بوو؛ کە شتێک بێت هیچ دەسەڵاتێکی نەبێت، کیانێکی ئۆتۆنۆمی پێکبهێنن بە شێوەیەک کە خۆیان دەیانەوێت، نەک بەو شێوەیە کە کورد دەیەوێت؛ واتا دەسەڵاتێکی وای نەبێت و نەتوانێت هیچ بکات، بەڵکو زیاتر لە ژێر دەسەڵاتی دەزگاکانی حکومەتی بەعسدا بێت، بە هەموو دامەزراوەی ئۆتۆنۆمییەکەوە.
پرسیار: ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە شەڕ دەستپێبکات؟
موحسین دزەیی: بەڵی بووە هۆی دەستپێکردنەوەی شەڕ، کوردیش ناچار بوو بەرگری لە خۆی بکات. بێگومان بارزانیی نەمر هیچ کات متمانەی بە حکومەتی ئێران و حکومەتی ئەوکاتی شا نەبوو، کە ئەوان هیچ کات بەرگری لە مافی کورد ناکەن و نایانەوێت کیانێک بۆ کورد دروست بکرێت و [پشتگیریکردنی کورد] بۆ بەرژەوەندیی خۆیانە، لەبەر ئەوەی کە ناکۆکی هەبوو لە نێوان حکومەتی ئەوکاتی ئێران و حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، دۆسیەی کوردیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاردەهێنا، کوردیش ویستی ئەم دۆخە بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاربهێنێت و تا دەکرێ کەڵک لە دۆخەکە وەربگرێت؛ لەبەر ئەوە بارزانیی نەمر حەزی دەکرد حکومەتێکی گەورەتر بێتە نێو بابەتەکەوە، بۆ ئەوەی تەنیا ئێران [لە بابەتەکەدا] نەبێت، کە متمانەی تەواوی بە حکومەتی شای ئەوکات نەبوو.
ساڵی 1972 ریچارد نێکسن، سەرۆککۆماری ئەمریکا کە هات بۆ ئێران و شایان بینی و بڕیاردرا پشتگیریی دۆسیەی کورد بکەن و ئەمریکا پەیوەندیی بە کوردەوە کرد، ئەوکات بازرانی گوتی، 'مادام هێزێکی گەورە لە پشت ئێمەیە'، متمانەی بە ئەمریکا کرد و ئەوکات هاوکاریی زیاتر لەگەڵ ئێران دەستیپێکرد.
بێگومان دەرکەوت ئەوانیش راست نین، دەرکەوت ئەمە یارییەکە و زیاتر ئەندازیاری ئەم یارییەش کیسنجەرە و ئەویش تەنیا بۆ گوشارخستنەسەر حکومەتی عێراق بوو بۆ ئەوەی سیاسەتەکانی بگۆڕێت، کە حکومەتی عێراقیش سیاسەتی خۆی گۆڕی و بەرەو رۆژئاوا چوو و ئەوان وازیان لە دۆسیەی کورد هێنا، دواتر دەرکەوت کە سیناتۆر پایک لێکۆڵینەوەی لەسەر بابەتەکە کردووە و بڵاوکراوەتەوە کە ئامانجی سەرەکیی بابەتەکە چی بووە.
پرسیار: ئایا کیسنجەر (وەزیری دەرەوی ئەو کاتی ئەمریکا) بە تاوانبار دەبینی لە بەرامبەر کورددا؟
موحسین دزەیی: بەڵێ، من بە تاوانباری دەبینم کە بۆ مەبەستی خۆی خیانەتی لە گەلی کورد کرد.
پرسیار: بڕوام وایە بارزانیی نەمریش چاوەڕوانی ئەو یارییەی لە کیسنجەر نەبوو.
موحسین دزەیی: نەخێر بەو شێوەیە چاوەڕانی نەدەکرد کە دوای ماوەیەکی کەم [پشت لە دۆسیەی کورد بکەن]، بێگومان هەموو کەسێک ئەوە دەزانێت، ئەویش ئەوەی دەزانی کە هەر کەسە بێتە نێو دۆسیەکەوە بۆ بەرژەوەندیی خۆیەتی، بەرژەوەندیی خۆی دەوێت، بەڵام تا ئەو رادەیە کە هەموو بەرژەوەندیی کورد قوربانیی بەرژەوەندیی خۆی بکات و خیانەت لە دۆسیەی کورد بکرێت، ئەمە چاوەڕواننەکراو بوو.
پرسیار: کاریگەریی ئەو پیلانگێڕییەی کە لە جەزائیر کرا چی بوو لەسەر مەلا مستەفای بارزانی؟
موحسین دزەیی: بە رای من کاریگەری لەسەر هەموو کوردێک هەبوو، کاریگەری لەسەر بارزانیش دانا، دروستبوونی بارزانی و کەسایەتیی بارزانی جیا بوو لەگەڵ ئێمە و خەڵکی دیکە، کەس نەبوو ئەوکات نەشڵەژێت، بەڵام ئەو هیچ کات کۆنتڕۆڵی خۆی لەدەستنەدا، هیچ کات نەشڵەژا، هیچ کات بیر و باوەڕی بە میللەت نەگۆڕدرا، دڵنیا بوو رۆژێک لە رۆژان کورد دەتوانێت مافی خۆی وەربگرێت و دەبێ بەردەوام بێت لە خەباتی خۆی، هەرچەند خیانەتی لێ بکرێت، یان دوژمن بتوانێت بۆ ماوەیەکی کەم شۆڕشی پێ رابگرێت، یان بەرامبەری بوەستێتەوە.
بارزانی رای وا بوو کە ئەگەر بە ماوەیەکی کەم کورد دووبارە ریزەکانی خۆی باشتر رێکبخاتەوە دەتوانێت دەست بە شۆڕش بکاتەوە و لە جاران باشتر دەتوانێت ئەم کارە بکات.
بێگومان زۆر هۆکار هەبوون کە وای لێبکات بڕیار بدات ئەم شەڕە رابگیرێت، وای پێ باش بوو، یەکێک لە هۆکارەکان ئەوە بوو کە پێیوابوو ئەگەر شەڕەکە رانەگیرێت، دوای ئەو رێککەوتنەی جەزائیر کورد تووشی گرفتێکی گەورە دەبێت.
بەر لە راگرتنی شەڕ، رۆژێک نوێنەرێکی شا هاتە لای بارزانی و بە جیا بینی و پێیگوت، 'ئێمە رێککەوتووین لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەموو جۆرە رێککەوتنێک، و دەبێ سنووری ئێران کراوە بێت بۆ سوپای عێراق و سنووری عێراقیش بۆ ئێمە کراوە بێت، لەبەر ئەوە سوپای عێراق دێتە نێو ئێران و بە پشتەوەدا [خاکی ئێران] دێت و هێرش دەکاتە سەر کورد'؛ ئەو کەسەی کە ئەم بابەتەی باس کرد، ئەفسەرێکی کورد بوو و لەگەڵ شا کاری دەکرد، بەڵام نەختێک سۆزی هەبوو و پەیوەندیی تایبەتیشی لەگەڵ بارزانی هەبوو و ئەو هەواڵەی هێنا.
دوای چەند رۆژێک، یەک دوو رۆژ بینیمان کە ئەفسەری عێراقی بۆ پشکنین و کۆکردنەوەی زانیاری هاتوون بۆ خانێ (پیرانشار) کە لەسەر سنووری حاجی ئۆمەرانە، واتا خۆیان ئامادە دەکرد کە هێزێک بۆ ئەوێ بێنن و بمێننەوە.
راستییەکەی بازرانیی نەمر میللەتی لە کارەساتێکی گەورە رزگار کرد، هەرچەند دۆخی ئەو کاتی خەڵک زۆر خراپ بوو، هەرچەند کە تووشی دابڕانی زۆر بووین، بەڵام لە کارەساتێکی گەورە رزگاری کردین و شەڕ راگیرا. بۆیە دوای ماوەیەکی کەم توانرا دووبارە شۆڕش دەستپێبکاتەوە.
کە دەڵێن شۆڕشی گوڵان، من هەر بە درێژەی شۆڕشی ئەیلوولی دەزانم کە داڕێژەری ئەمیش هەر بارزانی بوو.
بارزانی خۆی دیاری دەکرد کە کێ و لە کوێ دەستپێبکات، کەی دەستپێبکەن، کێ بچێتەوە کوردستان، خۆی دیاری دەکرد، هەرچەند کە تووشی نەخۆشیش هاتبوو، بەڵام خۆی داڕێژەر بوو.
پرسیار: ئایا ئەم رێککەوتنە جیا لەوەی کە بە دژی کورد کرا، چاڵێک نەبوو بۆ حکومەتی عێراقی؟
موحسین دزەیی: دیارە حکومەتی عێراق زۆری نەرمی بۆ ئێران نواند و هەوڵی دەدا نەرمی بۆ ئێران بنوێنێت، بەڵام لەگەڵ کورد نەبێت.
پرسیار: ئەم نەرمی نواندنە چی بوو؟
موحسین دزەیی: بۆ نموونە لەسەر سەروەریی عێراق نەرمی نواند، لەسەر هەموو شەتولعەرەب کە پێشتر عێراقی بوو، قبووڵی کرد کە دابەش بکرێت و نیوەی بدرێت بە ئێران و نیوەش بۆ عێراق بێت، هەروەها هەندێک لە ناوچە سنوورییەکان کە ناکۆکی لەسەر بوو و عێراق بە خاکی خۆی دەزانی، نەرمی نواند بۆ ئێران.
پرسیار: ئایا ئەمەش هۆیەک نەبوو کە شەڕی ئێران و عێراق دووبارە دەستیپێکردەوە؟
موحسین دزەیی: بەڵێ، یەکێک لە هۆکارەکان ئەمە بوو، بێگومان نەرمییەکی زۆریان بۆ ئێران نواند و دوای شۆڕشی ئێران و لاوازبوونی حکومەتەکە و لاوازبوونی سوپای ئێرانی کە پاڵپشتیی نێودەوڵەتییان نەما، لە سەرەتای شۆڕش حکومەتی عێراق بە دەرفەتی زانی، کە ئەو کات سوپای عێراقیش بەهێز بووبوو، وای زانی کە دەتوانێت بە ماوەیەکی کەم دەسەڵاتی بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، لەبەر ئەوە هەوڵی دا کە بتوانێت ئەو شتانەی پێشتر نەرمی نواندووە، وەریان بگرێتەوە و یەکێک لە هۆکارەکانی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران ئەمە بوو. جگە لەوە حکومەتی عێراق بەڵێنی بە ئەمریکا و بە رۆژئاوا دابوو کە سیاسەتی خۆی بگۆڕێت، گۆڕی و نەرمیی بۆ داواکارییەکانیانی ئەوانیش نواند.
پرسیار: دوای ئەوە زۆری نەخایاند کە بەداخەوە بارزانیی نەمر نەخۆشییەکی کوشندەی گرت، من زۆرم بیستووە کە دەڵێن رێککەوتننامەی ئەلجەزایر کاریگەری لەسەر دانابوو و دڵگرانی کردبوو.
موحسین دزەیی: بێگومان کاریگەری لەسەر هەموو کەس دانا، بەتایبەتی لەسەر بارزانی، چونکە زیاتر هیوای ئەوە بوو کە شتێک بۆ کورد جێبەجێ بکات تا ئەو کاتەی کە خۆی لە ژیاندا ماوە، هەوڵی ئەوەی دا کە خزمەتێکی گەلی کورد بکات و دەیزانی کە دوای ئەو دابڕانەی کە بەسەر شۆڕشی ئەیلوولدا هات و خۆی تووشی ئەم نەخۆشییە بووە، ماوەیەکی کەمی ماوە، رەنگ بێت دەرفەتی نەبێت کە ئەم ئامانجانە جێبەجێ بکات، لەبەر ئەوە بێگومان کاریگەری لەسەر هەبوو و پێیناخۆش بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بارزانی هیچ کات کۆڵی نەدا، واتا بەپێی دەسەڵاتی خۆی و هەڵسەنگاندنی دۆخەکە، هەوڵی دەدا شتێک بۆ کورد جێبەجێ بکات.
ئەو ماوەیە من لە ئەمریکا لەگەڵیدا بووم، رۆژ نەبوو پەیوەندییەکی سیاسیی بە ئەندامانی کۆنگرێس، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا و رۆژنامەڤانان نەگرێت، بۆ ئەوەی دۆسیەی کورد لەگەڵ ئەمریکا و دەوڵەتانی دیکە باس بکات.
رۆژێک کۆتاییەکانی ساڵی 1976، ساڵڕۆژی راگەیاندنی مافی مرۆڤ بوو، لە نیۆیۆرک لەلایەن لیژنەی مافی مرۆڤەوە بانگهێشت کرابوو، کە سەر بە رێکخروای نەتەوە یەکگرتووەکانە، چووین بۆ ئەوێ و من لەگەڵیدا بووم، محەممەد سەعید دۆسکیی خوالێخۆشبوو ئەویش لەگەڵ بوو، چووین بۆ باڵەخانەکە کە بەرامبەر باڵەخانەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو و جادەیەکیان لە نێوان بوو.
بێگومان لەم بانگهێشتەدا داوایان لە بارزانی کرد کە قسەیەک بکات، هەڵسا لە جێگەی خۆی کە بچێتە لای مایکەکە بۆ ئەوەی قسە بکات، بەر لەوەی بچێت بۆ ئەوێ پەنجەرەیەک بەرامبەر باڵەخانەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەبوو، لە پەنجەرەکەوە سەیری کرد، نزیکەی دوو بۆ سێ خولەکێک وەستا، خەڵکەکە سەریان سوڕمابوو، کە بۆچی وەستاوە، سەیری کرد و پاشان گوتی، 'دەزانن بۆ وەستام؟ من سەیرم کرد، بەردەم باڵەخانەی رێکخروای نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاڵای هەموو وڵاتەکانی لێیە تەنیا ئاڵای کوردستان نەبێت، کورد کە میللەتێکە 30 ملیۆن کەسە، ئێمە تەنانەت ئەمەشمان داوا نەکردووە کە ئاڵامان [دابنرێت]، داوای ئەمەمان کردووە کە مافی ئۆتۆنۆمیمان بدەنێیە کە ئەمەشمان پێ رەوا نابینن'. لەوێ بە هەموو میوانەکانی گوت؛ ئەمە سەرەتای قسەکانی بوو، جا گوتی، 'کوا مافی مرۆڤ، ئێمە میللەتێکین کە 30 ملیۆن کەسین، مافی ئەوەمان نەبێت ئێستا ببینە ئەندام لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، میللەتیش هەیە دانیشتووانی بەقەد شارێکی کوردستان نابن، ئاڵایان لەوێ هەیە و ئەندامە.' ئیتر بوو بە چەپڵەڕێزان لە باڵەخانەکەو و دەستخۆشی لێکرا و پاشان درێژەی بە قسەکانی دا و محەممەد سەعید دۆسکیش وەرگێڕانی بۆ دەکرد.
پرسیار: واتا بارزانی لەم رۆژانەشدا بە بەردەوامی هەوڵی بۆ مافی کورد دەدا؟
موحسین دزەیی: تاوەکو دوایین رۆژەکان بە بەردەوامی بیری لێ دەکردەوە، تەنانەت رۆژێکیان رۆژنامەڤانێک هەبوو، ئەو رۆژنامەڤانەی کە راپۆرتی لەسەر پیلانگێڕییەکانی کیسنجەر و شا و بابەتی رێککەوتننامەی ئەلجەزایر و ئەوانە بڵاو کردەوە و ناوەکەی نهێنی بوو، لە تۆڕێکی میدیایی کاری دەکرد کە دواتر دەریان کرد، ئەم رۆژنامەڤانە بانگهێشتی کردبووین لە ماڵی خۆی، لە بارزانی پرسی، 'ئێوە ئەو هەموو هەوڵێکتان دا، ئەو هەموو ساڵە شۆڕشتان کرد و پیلانگێڕییەکی زۆر هەیە لەسەرتان، وا دیارە کورد ناتوانێت هیچ شتێک دەستەبەر بکات، بۆ ئێوە ئیمان بە ئەمری واقیع ناهێنن'؟
بارزانیی نەمر لێی پرسی و گوتی، 'چۆن؟ یانی کوردی عێراق بتوێتەوە لە نێو عەرەبدا؟ کوردی تورکیا لە نێو تورکدا بتوێتەوە؟ هیچ کات کورد ناتوێتەوە لە نێو نەتەوەیەکی دیکەدا و کورد هەر دەبێ بە مافەکانی بگات.'
رۆژنامەڤانەکە سەری سوڕمابوو و گوتی، 'لەگەڵ ئەوەی کە ئەو هەموو کارەساتە بەسەر کورد هاتووە و ئەمە نزیکەی 100 ساڵە ئەم شۆڕشانە دەکرێن لە هەموو پارچەکانی کوردستان و نەگەیشتوون بە ئامانجی خۆتان و تووشی ئەم کارەساتە بوونە، هێشتا هەر واز ناهێنن؟' بارزانی گوتی، 'هێشتا هەر واز ناهێنین تاوەکو بە ئامانجەکانی خۆمان دەگەین.' رۆژنامەڤانەکە گوتی، 'سەرم سوڕماوە لە ئێوە و ئەم میللەتە.'
بارزانیی نەمر هەموو بۆنەیەکی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی کە دۆسیەی کورد بناسێنێت و بزانێت کە چی سوودێک هەیە بۆ میللەتی کورد، هەوڵ بدات بەدەستیبهێنێت.
هەموو هەوڵدانی بارزانی بۆ پەیداکردنی دۆست بۆ کورد بووە، نزیکەی 11 ساڵ لە سۆڤیەت ماوە، بێگومان دۆستی زۆر بووە، لە نێو کاربەدەستان، لەوانەش خرۆشچۆف (سکرتێری گشتیی حیزبی کۆمۆنیست) کە دۆستی خۆی بوو، بەڵام بارزانی مەبەستی لەو دۆستایەتییە چی بوو؟ پەیوەندی هەر مابوو لەگەڵ سۆڤیەت، دەیویست شتێک بۆ کورد بکات، مەبەستی ئەوە بوو یارمەتییەکی کورد بدات؛ کە قەناعەتی بەوە هات هیچییان بۆ کورد پێ ناکرێت، هەوڵی دا ئەمریکا شتێک بۆ کورد بکات و دۆستایەتی لەگەڵ دامەزراند، دۆستایەتی لەەگەڵ لایەنی دیکە پەیدا کرد، کێ بتوانێت شتێک بۆ کورد بکات، ئامانجەکە بەرژەوەندیی کورد بوو.
پرسیار: پەیوەندیی لەگەڵ خەڵکی کوردستان چۆن بوو؟
موحسین دزەیی: بارزانی کەسێکی زۆر خاکی (متواضع) بوو، خۆی بە گەورەتر نەدەزانی لە هیچ کەس، منداڵێک چووبا بۆ لای، هەڵدەستا و بەخێرهاتنی دەکرد، لەگەڵ زۆر کەس دادەنیشت لە هەموو چین و توێژێک و لەگەڵ هەر کەسەش بەپێی دۆخی خۆی قسەی لەگەڵ دەکرد، بارزانی کەسێکی دووربین بوو، هەندێک جار کە بڕیاری لەسەر شتێک دەدا، یان بڕیاری لەسەر کەسێک دەدا سەبارەت بە بابەتێک کە لێکدانەوەی بۆ ئێمە ئەستەم بوو، لامان سەیر بوو کە دوای ماویەک، [بابەتەکە] یان بەو جۆرەی کە ئەو گوتبووی جێبەجێ دەبوو یان بۆچوونی ئەو بە راست دەردەچوو.
پاشان بارزانی هێزی خەڵک ناسینی زۆر بەهێز بوو، بۆ نموونە میوانێکی کە دەهات بۆ یەکەم جار بوو و نەیبینیبوو، دوای بەخێرهاتن، دەنگی نەدەکرد و دەرفەتی دەدا ئەو کەسە قسە بکات، ماوەیەک کە کەسەکە قسەی دەکرد، بۆی دەردەکەوت کە ئەم کەسە چۆنە و بەپێی عەقڵییەتی خۆی قسەی لەگەڵدا دەکرد.
کەسێک بوو باوەڕی بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی هەبوو، باوەڕی بە مافی میللەت هەبوو، باوەڕی بە مافی جووتیار هەبوو، دژی ستەم بوو، قبووڵی نەدەکرد بە هیچ شێوەیەک، پێشمەرگە یان بەرپرسێک ستەم لە کەسێکی دیکە بکات، تاوان لە کاتی ئەودا زۆر کەم بووبوو و ئەوەی کە سزا درابا دەبوایە جێبەجێ کرابا بۆ ئەوەی ببێتە ئەزموون بۆ خەڵکی دیکە.
وەک گوتم بارزانی خۆی لە هەموو کەسێک بە بچووکتر دەزانی. خۆی مەسەلەیەکی بۆ گێڕامەوە و گوتی ساڵی 1963 لە ناوچەی بارزان شەڕ دەستیپێکردبوو، فڕۆکە دەهات و دەچوو، گوتی 'خەڵکەکە لەبەر فڕۆکە دەچوونە دەرەوە، منیش دەگەڕام بەسر خەڵکەکەدا، جارێکیان سابیری کوڕم یەکێک لەوانە بوو کە چووبووە دەرەوە، بۆ ئەوەی خۆی لە فڕۆکە بپارێزێت، بینیم سابیر نەختێک بە ناڕاحەتییەوە دانیشتووە و تووڕەیە، گوتم، سابیر چییە بۆ وا ناڕاحەتی؟ گوتی گورگۆ قسەی پێ گوتووم'.
گورگۆ یەکێک بوو لەو پێشمەرگانە کە پیاوێکی پیر بوو، یەکێک بوو لەوانەی کە لەگەڵ بارزانیی نەمر چووبوو بۆ سۆڤیەت، سابیری کوڕی گوتبووی، 'گورگۆ خۆی لێ تووڕە کردووم'، بارزانی گوتبووی چی پێ گووتوی؟ سابیر گوتوویەتی 'پێی گوتووم بۆ من خوڵامی باوکی تۆم؟' بارزانی گوتی، 'منیش پێکەنیم و گوتم سابیر تۆ تازە دەزانی کە من و تۆ هەردووکمان خوڵامی گورگۆ و پێشمەرگەکانی وەکو گورگۆین؟ ئێمە خوڵامی ئەوانین'. گوتی کە ئاوام گوت، سابیر بێدەنگ بوو.
جا خۆی بە خوڵامی هەموو کەس دەزانی، لەبەر ئەوە ئەو ناوبانگەی دەرکرد و ئەم خۆشەویستییەی لە نێو خەڵک بەدەستهێنا.
یەکێک هەیە بە ناوی عەبدولڕەحمان بناوی، کە چێشتلێنەرە لە مەکتەبی سیاسی کە ئێستاش ماوە، پێی دەڵێن باپیر، ئێستا پیر بووە، ئێستاش لەسەر چێشتخانە و ئەوانە چاودێرە، لە ئەمریکا بووین، عەبدولڕەحان بناوی چێشتلێنەری تایبەتی خۆی بوو لەگەڵی هاتووچۆی دەکرد بۆ هەر شوێنێک کە چووبایە.
کاخەزێکی بۆ بارزانی نووسیبوو، وەڵامی دایەوە و بە خەتی خۆی بۆی نووسییەوە و لە ژێرەوە کە واژۆی کردبوو، نووسیبووی ''خادمکم'' مستەفا بارزانی؛ ئێستاش نووسراوەکە لای ئێمە ماوە، جا بە نیسبەت خەڵک ئەو بەو شێوەیە بوو و خۆی بە خزمەتکاری ئەو میللەتە دەزانی نەک گەورەی خەڵک، لەبەر ئەوەش میللەت وا رێزی لێنا و خۆشەویست بوو.
کەسێکی زۆر خۆنەویست بوو و کەسێک بوو کە هیچ شتێکی بۆخۆی نەدەویست، من بینیومە بە دەستی خۆی جلوبەرگی خۆی دووریوەتەوە یان پێڵاوی خۆی پینە کردووە، بینیومە لەسەر بەتانییەک لە ژێر بەردێک خەوتووە، تەنیا نان و ماستێکی خواردووە.
رووداوێکم بیر هاتەوە، وابزانم ساڵی 1969 بوو، من بەرپرسی بەشی دادوەریی مکتەبی تەنفیزیی ئەو کات بووم، بەشی دادگە و ئەوانە لە ئەستۆی من بوون، رۆژێک کەسێک کەسێکی دیکە بریندار کردبوو و دەستگیرکرابوو، خزمێکی ئەوەی دیکە چوو بۆ لای بارزانیی نەمر و بە شێوەیەک تێێگەیاندبوو کە خزمەکەی تەحەدای لەوەی دیکە کردووە و دەستگیرکراوە، بارزانیی نەمریش ناردبووی کە ئەم کەسە ئازاد بکرێت، دادوەرەکە هات بۆ لای من و گوتی ئازادیان کردووە، منیش پێمناخۆش بوو و تووڕە بووم کە نەدەبوایە ئەمە کرابا؛ کۆبوونەوە هەبوو لە حاجی ئۆمەران کە من نەچووم بۆ کۆبوونەوەکە، کۆبوونەوەیەکی مەکەتەبی سیاسی و مەکتەبی تەنفیزی هەبوو بە سەرپەرشتیی بارزانیی نەمر کە پریساری کردبوو بۆچی دیار نییە، گوتبوویان تووڕە بووە، فەرمووبووی لە چی؟، رووداوەکەیان بۆ باس کردبوو. بازرانی ئەمری کرد و منیش چووم و دانیشتم، گوتی وەرە دابنیشە تا کۆبوونەوەکە تەواو دەبێت، دوای کۆبوونەوەکە هات دەستی خستە سەر شانم و گوتی، 'ئێوە هەمووتان هەڵە دەکەن، من دەنگ ناکەم لێتان خۆش دەبم، جارێکیش کە من هەڵەیەکم کرد حەق وایە ئێوە لێمببوورن و داوای لێبوردن دەکەم. منیش پێمگوت تۆ چۆن داوای لێبوردن لە من دەکەیت، بەڵام نەدەبوایە کاخەز بۆ بەندیخانە بنێریت و یەکسەر بە منت گوتبایە و خۆم دەمناردەوە، گوتی نا، جا ئێستا بنێرن کابرا بگرنەوە؛ گرتمانەوە، دواتر کابرا عەریزەی نووسی، سوڵحیان کرد جا ئینجا ئازادکراوەتەوە.
پرسیار: کەواتە شتێک کە روویدەدا، نەیدەویست بەو شێوەیە بمێنێتەوە و دەبوایە چارەسەر کرابا.
موحسین دزەیی: بەڵێ، یەکسەر دەیەویست چارەسەری بکات، یەکسەر ئەوەی کە تۆمەتبار بوو، یان تەحەدای کردبایە، دەبوایە دادگایی کرابا و دەیگوت، دەبێ سزا بدرێت، بۆیە ئەو کات تاوان کەم بوو، کەس بوێری نەبوو تەحەدا لە کەسێکی دیکە بکات.
پرسیار: وابزانم بازرانی خۆی سەرکردایەتیی زۆربەی شەڕەکانی کردووە، لەوبارەوە هیچ شتێکت لەیادە؟
موحسین دزەیی: زۆربەی شەڕەکان خۆی سەرکردایەتی کردووە، زۆربەی شەڕەکانی کە ئەو لە بەرەی شەڕدا بووە؛ لە شۆڕشی 1943 و 1945 لەو ناوچەیەی کە ئەو لەگەڵ هێزێکی لەوێ بوو، خۆی سەرپەرشتیی کردووە و خۆی سەرکردایەتیی شەڕەکە بووە و بەردەوام دوژمنی شکاندووە. لە رووداوێکدا حەسۆی فاتێ هەبوو، کە پێشمەرگە بوو و ئێستا ئەمری خودای کردووە، ئەو بۆی گێڕامەوە، لە کوردستانی ئێران کە شەڕ بوو لە نێوان ئەوان و حکومەتی ئێران کە دەڕۆیشتن بۆ [سۆڤیەت]، ئەو حەسۆیە بریندار دەبێت و خەریکە جێبمێنێت کە بارزانی دەچێت خۆی رزگاری دەکات و دەیهێنێتەوە، جا ئەوکات تانکێک (دەبابە) گەیشتبوووە سەریان و بە موعجیزە توانیبوویان تانکەکە بشکێنن بۆ ئەوەی نەگاتە سەر سەریان و ئەم بریندارەی رزگار کردبوو و نەکەوتبووە دەستی دوژمن، تاوەکو ئەم ساڵانەش هەر مابوو.
پرسیار: ئەی چۆن باسی مەسیرە مێژووییەکەی بارزانیی نەمر دەکەیت کە سنووری چوار دەوڵەتی بڕیوە؟
موحسین دزەیی: مەسیرە مێژووییەکەی [چوونی بارزانی و هاوڕێیانی بۆ سۆڤیەت] مەسیرێکی بەناوبانگە و زۆر لە کتێبەکانی دەرەوە و رۆژنامەکاندا باسکراوە، کە توانیوێتی بە ئیمکاناتی زۆر کەمەوە بەرگریی لە بەرامبەر سوپاکاندا بکات. رۆژ هەبووە کە نانیان بۆ خواردن نەبووە، بەڵام بەو رێگە ئەستەمەدا و لەو دۆخە سەختەدا رۆیشتوون.
پرسیار: بۆچی بارزانی بڕیاریدا بڕوات بۆ رووسیا؟
موحسین دزەیی: بێگومان ناچار بوو، بێ حکومەت نەیدەتوانی لە عێراق بمێنێتەوە ئەوکات، لە ئێران سوپای ئێرانی قبووڵیان نەدەکرد کە بمێنێتەوە و تەنیا وەکو خۆیان دەڵێن شا بارزانیی نەمری بانگ کردبوو و داوایان لێ کردبوو کە چەکەکانیان رادەستی حکومەتی ئێران بکەن و بچن لە باشووری ئێران دابنیشن و واز لە کوردستان بهێنن و ئەمەش ئاکامەکەی دیار نەبوو کە پاشان رادەستی عێراقی دەکاتەوە یان نا، و ئەو کات یەکێتیی سۆڤیەت پشتیوانی میللەتان بوو و [بارزانیی نەمر] ناچار بوو بەرەو سۆڤیەت بڕوات و ئەوێی هەڵبژارد کە ئەگەری هەبوو یارمەتییەکی کورد بدەن و پشتگیرییان بکەن.
کە چوو بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، ماوەیەک لە ئازەربایجان بوو، ئەو کات سەرۆکوەزیران و سکرتێری حیزبی شیوعیی ئازەربایجان باقرۆف بوو، کە نەیدەویست شتێک بۆ کورد بکرێت، دەیانویست بارزانییەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاربهێنن، بەتایبەتی خودی بارزانیی نەمر کە بۆ ئەوان کار بکات؛ بارزانیی نەمریش پێی گوتبوو کە 'من بۆ ئەمە نەهاتوومەتە ئێرە، بۆ ئەمە هاتووم کە پشتگیرییەکی میللەتی ئێمە بکەن و یارمەتییەکی ئێمە بدەن؛ کە باقرۆف زانی ناتوانێت کاریگەری لەسەر دابنێت، ئەم جارە بڵاوەی پێ کردن و بەسەر کۆمارییەکانی دیکەدا دابەشکران، کە بۆ ماوەی چەند ساڵێک یەکدیان هەر نەبینی و نەیاندەزانی لە کوێن و هەموو لە یەکدی دابڕان و هەر چەند کەسەو ناردبوویان بۆ شوێنێک و دۆخێکی خراپیان هەبوو. دوای ستالین و دوای ئەوەی کە گۆرباچۆف و خۆرشچۆف هاتن، بارزانی پەیوەندی پێوە گرتنەوە.
یەکێتیی سۆڤیەتیش بەرژەوەندیی خۆی لەبەرچاو بوو، ئەویش وەکو ئەمریکا و وەکو وڵاتانی دیکە زیاتر لە بەرژەوەندیی خۆی دەگەڕا کە ئەو حکومەتانەی کە کوردی تێدا دابەشکراوە، پەیوەندی باشی لەگەڵیان هەبوو، بۆیە ئەوەندە بایەخیان بە دۆسیەی کورد نەدەدا، زیاتر بەرژەوەندیی خۆیان بۆ گرنگ بوو. یەکێک لەوانە رێککەوتنێک بوو کە لەگەڵ ئێران کردیان، رێککەوتنی نێوان ستالین و قەواموسەڵتنە کە سەرۆکی حکومەت بوو، بەڵێنیان بە سۆڤیەت دا کە نەوتی باکووریان بدەنێ، بۆیە لە کوردستان و کۆماری مهاباد و کۆماری ئازەربایجان لە 1947ـدا کشانەوە، کە دواتر قەواموسەڵتەنە لێیان پەشیمان بووەوە، واتا ناردیان بۆ پەرلەمانی ئێران و لەوێ رەزامەندی لەسەر نەدرا.
پرسیار: واتا ئەم خیانەتە بە هۆی نەوتەوە لە کورد و بارزانی کرا؟
موحسین دزەیی: بەڵێ، هەر بەو شێوەیەی کە گوتم، هەر دەوڵەتێک بەرژەوەندیی خۆی هەیە، کە ئەویان لا گرنگترە تاوەکو مافی میللەتێک.
پرسیار: پێمخۆشە ئەگەر بیرەوەری تایبەتی دیکەت لەگەڵ بازرانیی نەمر لەیادە باسیان بکەیت.
موحسین دزەیی: لە سەرەتاوە گوتم زۆر ئەستەمە مرۆڤ بتوانێت هەموو تایبەتمەندییەکانی بارزانی باس بکات؛ لە دانیشتنێکی کورت و بۆ کەسێک ئەستەمە؛ ئەوەندە تایبەتمەندیی باشی هەبوون کە کاتی پێویستە مرۆڤ بیربکاتەوە بۆ ئەوەی باسیان لەسەر بکات، بەڵام بێگومان کەسایەتییەکی زۆر گەورە بوو، کەسێک بوو خزمەتی کوردی کرد و بێگومان شێوەی بیرکردنەوە و کارکردنی ئەو جیا بوو لەگەڵ بیر و باوەڕی نەوەی نوێ، بەڵام بەشێوەی خۆی، تا ئێستا لە مێژووی هاوچەرخی کورددا نەبووە کە یەکێک وەکو بارزانی خزمەتی گەلی کوردی کردبێت و هەوڵی دەستەبەرکردنی مافی گەلەکەی دابێت. ئەم دۆخەی کە ئێستا بۆ سەرکردەکانی کوردستان هەڵکەوتووە، ئەگەر ئەم دۆخە بۆ بارزانیی نەمر لەوکاتەدا کە مابوو رەخسابا، بێگومان ئەو دەیتوانی دەستەبەری کیانێکی کوردی بکات. ئێمە ئەوەین، ئەو سەرکردانەی کە ئێستا هەن ئەم نیمچە کیانەی کە هەبوو ئەوەشمان تێکدا، بەداخەوە.
پرسیار: مەبەستت ئەوەیە کە جێگەی داخە ئەم سەرکردە گەورەیەمان لەدەستدا
موحسین دزەیی: بەڵێ، ئەگەر ئێستا لەم دۆخەدا کەسێکی وەکو بارزانیی نەمر هەبوایە، هیچ گومانم لەوەدا نییە بەرەو دەستەبەرکردنی کیانێکی دەبردین.
پرسیار: دەکرێ باس لە هۆکاری ناکۆکیی بارزانیی نەمر و مەکتەبی سیاسیی پارتی لە ساڵی 1964 بکەیت کە بووە هۆی جیابوونەی ئەم دەستەیە لە ساڵی 1966؟
موحسین دزەیی: بەداخەوە ئەم ناکۆکییە کۆنتر بوو لە ساڵی 1964، من ساڵی 1963 کە چوومە نێو شۆڕش، لەو قسانەی کە دەمبیست هەستم بەو ناکۆکییانە کرد، ئەو کات بەرپرسیارێتییەکی ئەوتۆم نەبوو لە نێو شۆڕشدا، بەڵام گوێم لەو قسانە دەبوو، تەنانەت لە خەڵکی ئاساییش.
بێگومان (هەر کەس تەعبیری لە شعوری سەرکردە و بەرپرسی خۆی دەکرد). هەستم بەوە کرد کە ناکۆکی هەیە، ئەوەی کە لە ساڵی 1964ـیش روویدا، ئەوەی جیابوونەوە روویدابوو، بەرژەوەندیی کوردی تێدا نەبوو، بەڵکو دژی بەرژەوەندیی کورد بوو و بارزانی نەیدەویست کە ناکۆکی و دابەشبوون دروست بێت و هەوڵی دەدا هەموو کورد یەکگرتوو بێت نەک تەنیا حیزبەکە ناکۆکی نەبێت. بازرانی هیچ کات خۆی بە تەنیا بە سەرۆکی حیزب نەدەزانی، بەپێچەوانەوە خۆی بە بەرپرسیاری هەموو میللەت دەزانی و رای وابو کە حیزب ئامێرێکە بۆ خزمەتکردنی میللەت، لە رێگەی حیزبەوە دەتوانێت خزمەتی میللەتەکەی بکات، هەرکات ئەگەر حیزبێک گەیشتە ئەو رادەیەی کە بایەخی زیاتری بە بەرژەوەندیی تەسکی حیزبایەتی دابوایە و بەرژەوەندیی میللەتی لەبەرچاو نەگرتبایە، قبووڵی نەدەکرد و ئەو حیزبەی نەدەویست.
پرسیار: واتە زیاتر ئامانج و ستراتیژییەکەی خزمەتکردنی میللەتی کورد بوو
موحسین دزەیی: بەڵێ، بۆیە ئەگەر یەکێک حیزبی نەبوایە، بەڵام کاری باشی کردبا، لای ئەو لە حیزبییەک بەهای زیاتر بوو و خۆشەویستتر بوو. پێوەری ئەو حیزبایەتی نەبوو، بەڵکو پێوەری ئەو کارکردن و خزمەتی میللەت بوو، کە ئەم کەسە دەتوانێت چ خزمەتێک پێشکێشی میللەتەکەی بکات.
پرسیار: بارزانیی نەمر لەگەڵ نوخبەکان و کەسانی خوێندەوار چۆن بوو؟ زۆر دەگوترا کە بارزانی دژی رۆشنبیری و نوخبەکانە کە وابزانم زۆر شت هەن دەتوانن ئەم قسەیە رەتبکەنەوە.
موحسین دزەیی: نەخێر، بارزانیی نەمر هیچ دژی بیر و باوەڕ و دژی رۆشنبیری نەبوو، بەپێچەوانەوە پاڵپشتیی دەکرد و ئەوانەی لەگەڵیشی بوون کە دوایە جیابوونەوە خۆ هەر رۆشنبیر بوون (جاهیل نەبوون). بەپێچەوانەوە بارزانیی نەمر زۆر باوەڕی بە دیموکراسی هەبوو، پێشتر گوتم، کاتێک رێککەوتنی 11ـی ئازار واژۆ دەکرا، گوتی من قەناعەتم نییە، باوەڕم بە بەعس نییە و ئەم رێککەوتنە جێبەجێ ناکەم، بەڵام لەبەر ئەوەی کە ئێوە زۆرینەن و بڕیارتان داوە، منیش رەزامەندم؛ ئەمەش بە مانای ئەوەیە کە باوەڕی تەواوی بە دیموکراسی هەبوو.
پرسیار: وەکو کۆتا پرسیار ئایا بارزانی لە دۆستایەتیی شا و ئەمریکادا هەڵە بوو؟
موحسین دزەیی: من بە هەڵەی نازانم، چونکە ئێستاش مرۆڤ ئەگەر بزانێت بەرژەوەندییەک لە دۆستایەتی لەگەڵ شەیتانیشدا بێت، هەوڵ دەدا ئەم دۆستایەتییە بەکاربهێنێت بۆ بەرژەوەندیی میللەتەکەی؛ لەبەر ئەوە من هیچ بە هەڵەی نازانم و بارزانی قەناعەتی وابوو کە لە رێگەی دۆستایەتی بتوانێت بەرژەوەندییەکی کورد جێبەجێ بکات، هەرچەند باوەڕی بە [دۆستایەتیی] شا و ئەمریکا نەبووە، بەڵام ئەو کات هەر ئەوان بوون کە ئامادەییان پیشان داوە پشتگیریی کورد بکەن، بارزانی نەمریش هەوڵی داوە کە ئەم دۆستایەتییە بۆ بەرژەوەندیی کورد بەکاربهێنێت، لەبەر ئەوە من بە هەڵەی نازانم.
پرسیار: ئەو لەو روانگەیەوە بینیوێتی کە لە خزمەتی کورددایە.
موحسین دزەیی: بەڵێ، هەموو پەیوەندییەکانی بارزانی هەڵقوڵابوو لەوەی کە بەرژەوەندیی کوردی تێدا بێت، هەر جۆرە پەیوەندییەکی دروست کردبێت، دەیویست کە بەرژەوەندییەکانی کوردی تێدا بێت.
پرسیار: خۆی بابەتەکە لێرەوە دێت کە بەرژەوەندیی کورد دەستەبەر نەبوو.
موحسین دزەیی: بەڵێ دەستەبەر نەبوو، بەڵام ئەمە ناگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە لۆمەی مەلا مستەفا بکرێت، ئەو وای بینیوە و ئیتر لایەنەکەی دیکە خیانەتی کردووە و لۆمەکە دەگەڕێتەوە سەر ئەوان.
پرسیار؛ زۆر سوپاست دەکەین بەڕاستی، زۆر ماندوومان کردی.
موحسین دزەیی: نەخێر، سوپاسی ئێوە دەکەم بۆ هاتنتان و ئومێد دەکەم سوودبەخش بێت، هەر وەک لە سەرەتاوە گوتم مومکین نییە بتوانین کە هەموو شتێکی بارزانی باس بکەین، هەموو تایبەتمەندییەکانی سەرکردەیەکی ئەوها مەزن بە تێروتەسەلی باس ناکرێت بەڵام ئەوەی توانیمان، ئومێد دەکەین کە سوودی هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ