رووداو دیجیتاڵ
پارێزەری دۆسیەی فەرید سادقی، مێرمنداڵە تەمەن 14 ساڵانەکەی خەڵکی شاری قوروە، کە لەلایەن دوو کەسەوە دەستدرێژیی سێکسیی کرابووە سەری و هاوینی ساڵی رابردوو لە تاران خۆی کوشت، رایگەیاند، دادگە سزای لەسێدارەدانی بۆ دوو تاوانباری سەرەکیی دۆسیەکە دەرکردووە.
غوڵامڕەزا رەزایی، پارێزەری دۆسیەی فەرید سادقی بە میدیاکانی ئێرانی راگەیاند، رۆژی 22ی کانوونی دووەمی 2025 دادگەییکردنی تۆمەتبارانی دۆسیەکە لە دادگەی سنە بەڕیوەچوو، دادگە سزای بەسەر تاوانباراندا سەپاند.
غوڵامرەزا رەزایی دەڵێت، دادگە بۆ هەردوو تاوانباری سەرەکیی دۆسیەکە بە ناوەکانی حەسەن تەهماسمپی و کوهیار عەباسی، سزای لەسێدارەدانی دەرکردووە.
بە گوتەی پارێزەری دۆسیەکە، دوو تاوانباری دیکەی دۆسیەکە کە لە خوار تەمەنی یاساییدان، بە سزای دارایی و زیندانیکردن سزادراون. ئاماژەی بەوەش کرد، تۆمەتباران دەتوانن لە دادگەی باڵای ئێران تانە لە بڕیاری دادگە بدەن.
لە 13-08-2024 هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە فەرید سادقی، مێرمنداڵێکی تەمەن 14 ساڵ و خەڵکی گوندی چەمەقلووی سەر بە شاری قوروەی پارێزگای سنە، لە تاران خۆی کوشتووە.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، دەرکەوت دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر فەرید سادقی و ئەو مێرمنداڵە لەژێر کاریگەریی گوشاری دەروونیدا خۆی کوشتووە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان و بەپێی ئەو وێنە و دەنگانەی لە مۆبایلەکەیدا هەبوون، دەرکەوت لە گوندەکەیان دوو کەس بە ناوەکانی حەسەن تەهماسمپی و کوهیار عەباسی دەستدرێژیی سێکسییان کردووەتە سەر فەرید و ڤیدیۆیان تۆمار کردووە.
ئەو دوو کەسە چەندین جار هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکەیان لە فەرید کردووە، ڤیدیۆکەیان بەکارهێناوە بۆئەوەی چەندین جاری دیکەش دەستدرێژی بکەنەوە سەر ئەو مێرمنداڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ