رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەفربارینەوە، ئاستەنگی بۆ هاتووچۆی بازرگانی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران دروستبووە. گوتەبێژی دەروازەی باشماخیش دەڵێت، لای ئەوانیش بەفر باریوە، بەڵام هاتووچۆی بازرگانی ئاساییە.
رۆژی یەکشەممە، 29-1-2023، سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەفرێکی زۆر لە دەروازەکە باریوە و ئاستەنگی بۆ هاتووچۆی بازرگانی دروستکردووە، بەڵام بە تەواویی هاتووچۆ رانەگیراوە".
بەفربارین لە حاجی ئۆمەران بەردەوامە. سیروان حوسێن گوتی، تیمەکانیان بەردەوام کاردەکەن بۆ خاوێنکردنەوە و کردنەوەی رێگەکان و لابردنی هەموو ئاستەنگییەکان. گوتیشی: "دەبێت شۆفێران زنجیر لە تایەی ئۆتۆمبێلەکانیان ببەستن و بە وریاییەوە شۆفێریی بکەن".
لە دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخیش بەفر باریوە. ئەمڕۆ یەکشەممە، مەریوان کەریم، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەروازەی باشماخ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لێرە بەفر باریوە، بەڵام کەم باریوە؛ رێگەی هاتووچۆی بازرگانی زۆر ئاساییە و هیچ گرفتێک دروست نەبووە".
لە سنووری باشماخ بەفر زیاتر لە چیاکان باریوە، وەکو مەریوان کەریم دەڵێت، بەهۆی کەمیی بەفرەکەوە ئەوەی لە دەروازەکەدا باریوە تواوەتەوە.
بەهۆی "پەککەوتنی هاتووچۆ و دۆخی کەشوهەوا"وە، ئەمڕۆ یەکشەممە لە سەرجەم قوتابخانەکان سنووری سۆران پشووی فەرمی راگەیێندرا.
لە شەوی رابردووەوە شەپۆلێکی بەفربارین رووی لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە گوند و شارەکان کردووە و بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ