ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازی لە میخایل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا کرد، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی حکومەت و کۆمپانیاکانی رووسیای کرد بۆ هەڵوێستی ئەرێنیان بەرامبەر هەرێمی کوردستان لە رۆژانی تەنگانەدا.
لە دیدارەكەدا نوێنەری تایبەتی سەرۆكی رووسیا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا سڵاوی پووتین و وەزیری دەرەوەی رووسیای بە سەرۆك بارزانی گەیاند. "وێڕای جەختكردنەوە لە پەیوەندییە مێژووییەكانی گەلی رووسیا و گەلی كوردستان و رۆڵی خانەوادەی بارزانی لەو پەیوەندییەدا، سەرۆك بارزانیشی وەك دۆستێكی مەزنی گەلی رووسیا ناوبرد".
کۆبوونەوەکە لە سەلاحەددین بەڕێوەچوو و ماكسیم ماكسیمۆڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق و ئۆلێگ لێڤین، كۆنسوڵی گشتیی رووسیا لە هەولێر و ژمارەیەك لە دیپلۆماتكار و بەرپرسانی كۆمپانیای گازپڕۆمی رووسی ئامادەی بوون.
جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا پێزانینیشی بۆ سەقامگیری و پێگەی هەرێمی كوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبوو و ویستی وڵاتەكەیشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەردوولا نیشان دا.
بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندی و دۆستایەتیی دێرینی نێوان هەردوو گەلی كوردستان و رووسیا كرد و بە پێویستیشی زانی ئەو پەیوەندییانە قووڵتر و فراوانتر بكرێن. هاوکات نیگەرانییەكانی خۆی لەبارەی ئایندەی گەلی كورد لە سووریا بە نوێنەری تایبەتی سەرۆكی رووسیا گەیاند و بۆچوون و پێشنیازەكانی خۆی بۆ چارەسەركردنی كێشەی گەلی كورد لە سووریا خستەڕوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ