رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەخانەی کەرکووک ئامادەکارییەکانی بۆ پشکنینی زێڕ کردووە و چاوەڕێی حکومەتی عێراقە بۆ ئەوەی ئامێرەکانی پشکنین لە فڕۆکەخانەکە دابنێنن و پرۆسەکە دەست پێبکات.
هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی کەرکووک، ئەمڕۆ شەممە، (28-12-2024)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە فڕۆکەخانەی کەرکووک ئامادەکارییەکان بۆ پشکنینی زێڕ کراون و شوێنی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە دیاریکراوە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی کەرکووک، ئەوەی لە ئەستۆی ئەوان بووە کردوویانە و چاوەڕێی بەغدا دەکەن بۆ ئەوەی ئامێر و کەرەستەی پێویست ببەن و لە فڕۆکەخانەکەیان دابنرێن و دەست بە پشکینی زێڕ بکرێت، بۆ ئەوانەی بازرگانی زێڕدەکەن.
رۆژی 11-12-2024، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک فرۆشتنی دۆلار کرایەوە بۆ سەرجەم گەشتیاران بە نرخی فەرمی 132 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک گوتی: "بە گوێرەی ئەو بەشەی دیاریکراوە، رۆژانە 150 بۆ 200 گەشتیار سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی دۆلار بە نرخی فەرمی".
16ـی ئۆکتۆبەری 2022 بە ئامادەبوونی ناسر حوسێن، وەزیری گواستنەوە و شاندێکی حکومەتی عێراق لە رێوڕەسمێکدا فڕۆکەخانەی کەرکووک کرایەوە. یەکەم گەشتی نێودەوڵەتیی فڕۆکەخانەکە لە هەمان مانگدا بۆ تورکیا بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ