رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی لە کۆبوونەوەی نوێنەری پێکهاتەکان گوتی، پارتی نوێنەری پێکهاتەکانی بۆ مەبەستی سیاسیی خۆی بەکارهێناوە، نوێنەرێکی پێکهاتەکانیش داوا دەکات، لایەنە سیاسییەکان دەستوەردان لە کاروباریاندا نەکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 28-12-2023، نوێنەری پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری چەند لایەنێکی سیاسیی کوردستانی کۆبوونەوە و ئەو سکاڵایەی کە لە دادگەى فیدراڵیى عێراق دژى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراوە، شێوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و دۆخی پێکهاتەکانیان تاوتوێکرد.
لە کۆبوونەوەکەدا لوقمان وەردی، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، لە خولەکانی پێشووی پەرلەماندا نوێنەری پێکهاتەکان سەربەخۆیی خۆیان لە بواری سیاسییەوە نەپاراستووە و گوتی ''بوونەتە بەشێک لە قووڵکردنەوەی ناکۆکی و ململانێی سیاسیی نێوان پارتەکانی دیکە.''
هەر سەبارەت بە ناڕەزاییەکانی یەکێتی لە یاسای هەڵبژاردن، سکاڵایەک لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە؛ تێیدا سکاڵاکاران داوای نادەستووریبوونی مادەکانی (1، 9، 12، 15 و 36)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە کە پەیوەندییان بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، کورسیی کۆتاکان، تۆماری دەنگدەران و بازنەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە.
لوقمان وەردی گوتی، ''هێزێکی سیاسیی دیاریکراو، کادیران و ئەندامانی خۆی بەربژێر دەکات، دواجار دەیانکاتە نوێنەری پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان. ئێمە نامانەوێت ئەندامان و کادیری یەکێتی نوێنەری پێکهاتەکان بن، بەڵام هەر وەک بۆخۆمانی بە رەوا نابینین، بۆ هێزی سیاسیی بەرامبەریش بە رەوای نابینین.''
مۆنا قەهوەچی، لە پشکی تورکمان، سکرتێری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بوو، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی پێیوایە، ''سکرتێری پەرلەمان لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا تەنیا بۆ یەک جاریش سەربەخۆیانە بیری نەکردووەتەوە و رای خۆی دەرنەبڕیوە، بەڵکو لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمان [لە پشکی پارتی] بەردەوام سەرقاڵی پیلانگێڕی بەرامبەر بە سەرۆکی پەرلەمان [لە پشکی یەکێتی] بوون.''
لوقمان وەردی ئەوەشی خستەڕوو، یەکێتی خوازیارە یاسای هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان یاسایەک بێت کە بەربژێران نوێنەرایەتیی جوگرافیایەکی هاوسەنگ لە نێو شار و شارۆچکەکان بکەن و پێکهاتەکانیش بتوانن نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت و نەبنە بەشێک لە ململانێ سیاسییەکان. گوتیشی، ''ئێمە خوازیارین کورسیی پێکهاتەکان هاوشێوەی کورسیی گشتیی پەرلەمان بەسەر بازنەکاندا دابەش بکرێن.''
بڕیارە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات، کە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، رۆژی 25-02-2024 دیاریکراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاردانی لەبارەی سکاڵایەکی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ 21-01-2024 دواخستووە، پێدەچێت دووبارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخرێت.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی گوتی، ''هیچ هێزێکی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان دژی مافی پێکهاتەکان نییە، بەڵکو تێبینی و سەرەنجی جدی لەسەر نوێنەرایەتیکردن و شێوازی مامەڵەکردنیان لە خولەکانی رابردووی پەرلەمانی کوردستان هەیە.''
''90٪ـی تورکمانەکان لە هەولێرن''
پێشتر پێشنیاز هەبوو، کە 11 کورسییەکەی کۆتای پێکهاتەکانی پەرلەمانی کوردستان بە پشتبەستن بە یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دابەش بن بەسەر سلێمانی (4 کورسی)، هەولێر (4 کورسی) و دهۆک (3 کورسی).
ئازاد کورەچی، سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کە نوێنەری پێکهاتەی تورکمانیشە لەوبارەوە بە بەختیار قادر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''90٪ـی تورکمانەکانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەژین و تەنیا 10٪ـیان لە کفرین، ئەوە لەکاتێکدا لە دهۆکیش هیچ تورکمانێکی لێ نییە، بۆیە دابەشکردنی کورسیی کۆتاکان بەسەر چوار بازنەدا کارێکی دادپەروەرانە نییە.''
ئازاد کورەچی داوا دەکات، هیچ لایەنێکی سیاسی دەستوەردان لە کاروباری پێکهاتەکاندا نەکەن، بۆ ئەوەی بتوانن نوێنەرایەتیی خۆیان بکەن، گوتیشی، ''ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان بە ململانێی نێوان یەکێتی و پارتییەوە نییە و ئەوان ئێمە دەهێننە نێو بابەتەکەی خۆیان.''
''یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان یاسایەکی ئاڵۆزە''
ئەو مادانەی یاسای هەڵبژاردن کە سکاڵاکەیان لەسەر تۆمارکراوە:
مادەی یەکەم: پەرلەمانی کوردستان - عێراق لە 111 ئەندام پێکدێت.
مادەی نۆیەم: هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک بازنەی دەنگدان دادەنرێت.
مادەی 15: بۆ هەرێمی کوردستان تۆمار بە ناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن، بەپێی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەکان.
مادەی 22: هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان مافی هەیە لیستێکی تایبەت بە بەربژێرەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستانی عێراق پێشکێش بکات، کە رێژەیەک ئافرەتی تێدابێت رێژەیان 30٪ کەمتر نەبێت.
مادەی 36:
یەکەم: پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخان دەکرێت؛ بەربژێرەکانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
دووەم: پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخان دەکرێن؛ بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
سێیەم: یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەکرێت؛ بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کە یەکێک بوو لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە باسی لەوە کرد، یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یاسایەکی ئاڵۆزە و هەست بەوە دەکرێت پێویستە هەموار بکرێتەوە.
هێمن ئەسکەندەر گوتی، کورسیی کۆتا لە پەرلەمان مافی راستەقینەی پێکهاتەکانە، ''بەڵام ئەگەر لە دەرەوەی پێکهاتەکان دەستوەردان بکرێت، ئەوە داگیر دەکرێن و سەربەخۆ نامێنن.''
یەکێتی و هەندێک لە حیزبە کوردستانییەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەستوەردان لە کاروباری پێکهاتەکان و ''داگیرکردن''ـی کورسییەکانیان لە پەرلەمان تۆمەتبار دەکەن، ئەو بەرپرسەی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان گوتی، ''دەکرێت هەر پێکهاتەیەک لە نێو قەوارەی سیاسیی حیزبەکانی دیکەش خۆی بەربژێر بکات، بەڵام ئەو 11 کورسییەی لە پەرلەمان بۆ پێکهاتەکان داندراوە، دەبێت لەسەر پشکی ئەو هێزانە رکابەرایەتییان بۆ بکرێت کە سەر بە پێکهاتەکانن، نەک هێز و لایەنە کوردستانییەکانی دیکە.''
بەشێک لە هێز و لایەنی پێکهاتەکان دژی ئەوەن بە چەند بازنە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بن، وەک هێمن ئەسکەندەر دەڵێت، باشترە پێکهاتەکان خۆیان کۆببنەوە و لەسەر شێوەی بەشداریکردنیان بڕیار بدەن و بە ئەنجامێک بگەن، گوتیشی، ''ئەوان کەمینەن و دابەشکردنیان بەسەر بازنەکاندا رەنگە بەشێک لە نادادپەروەری تێدا بێت، بۆیە خۆیان بڕیار بدەن باشترە.''
هاوکات کارزان گەردی، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی گۆڕان لە هەولێر پێیوایە، پێکهاتەکان نەیانتوانیوە بەپێی پێویست نوێنەرایەتیی سیاسیی خۆیان بکەن، ئەوەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ''سپۆنسەریکردنی پارتی بۆ پێکهاتەکان.''
کارزان گەردی ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت پێکهاتەکان بە کردەوە خاوەنی بڕیار و سەربەخۆیی خۆیان بن، گوتیشی، لەگەڵ کەمکردنەوەی کورسیی پێکهاتەکان نین، بەڵام دەبێ هەندێک رێکار بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی پێکهاتەکان نوێنەرایەتیی راستەقینەی خۆیان بکەن.''
پەرلەمانی کوردستان 111 کورسی هەیە؛ 11یان کورسیی پێکهاتەکانن. پێشتر یەکێتی، پارتی، گۆڕان و پێکهاتەکان چەندین کۆبوونەوەیان کرد و نەگەیشتن بەرێگەچارە بۆ ئەو 11 کورسییە کە پێکهاتەکان دەڵێن، نابێت لایەنەکانی دیکە دەستوەردان لە کاروباریان بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ