رووداو - هەولێر
شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی سەردانی هەریەك لە حیزبەكانی پارتی و شیوعی و زەحمەتكێشان دەكات.
سەمیر هەورامی، سكرتێری رۆژنامەڤانیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، رۆژی سێشمەممە 28-11-2017 شاندێكی سەرۆكایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەت و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت لە شاری هەولێر سەردانی پارتی دیموكراتی كوردستان، حیزبی شیوعی و حیزبی زەحمەتكێشان دەكات.
سەمیر هەورامی ئاماژەی بەوەدا کە سەردانەكە سەرەتا بۆ لای مەكتەبی سیاسی پارتی دەبێت، دواتر سەردانی حیزبەكانی شیوعی و زحمەتكێشان دەكرێت.
بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە و تێپەڕاندنی قەیرانەکان، تاوەکو ئێستا شاندەکەی حکومەت سەردانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانی کردووە، بڕیارە سەردانی سەرجەم لایەنەکانیش بکات.
ئەو سەردانانە لەكاتێكدان كە لەدوای گشتپرسی و رووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەرەوە، ئەمریكا پشتیوانی خۆی بۆ بەردەوامبوونی کابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بەسەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی دەربڕیوە، تاوەکو هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت.
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ