ژمارەیەک لە خاوەن موەلیدەکانی هەولێر گردبوونەوە

28-10-2024
پەیمان محەممەد
نوێنەرێکی خاوەن موەلیدە تایبەتەکانی هەولێر و دەوروبەری پەیامی خاوەن موەلیدەکان دەخوێنێتەوە
نوێنەرێکی خاوەن موەلیدە تایبەتەکانی هەولێر و دەوروبەری پەیامی خاوەن موەلیدەکان دەخوێنێتەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەرێکی خاوەن موەلیدە تایبەتەکانی هەولێر دەڵێت، ئەگەر کارەبای نیشتمانی بکرێتە 24 کاژێری، زیاتر لە 10 هەزار کەس بێکار دەبن. داواش دەکات لانیکەم خشتەیەکی چەند کاژێری بۆ کارپێکردنی موەلیدە تایبەتەکان دیاری بکرێت.
 
ئەمڕۆ (دووشەممە، 28-10-2024) ژمارەیەک لە خاوەن موەلیدە تایبەتەکانی هەولێر و دەوروبەری  گردبوونەوە.
 
نەسرەت کاکەمین جەبار، نوێنەرێکی خاوەن موەلیدە تایبەتەکانی هەولێر و دەوروبەری، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا راگەیێندراوێکی خوێندەوە کە تێیدا هاتووە، ''چەند ساڵە بەردەوام گوێبیستی رێنماییەکان و ناچارکردنی لایەنی پەیوەندیدار و حکومەت بووین بۆ دروستکردنی بینای نوێ، بێدەنگکردنی موەلیدەکان و نەهێشتنی دووکەڵ. لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دڵنیایان کردینەوە لە مانەوەی موەلیدەکانمان.''
 
نەسەرت کاکەمین گوتی: ''ئێستا بەبێ لەبەرچاوگرتنی زیانی خاوەن موەلیدەکان و رەنجی چەند ساڵەمان، بڕیاری نەهێشتنی موەلیدە ئەهلییەکان دراوە.'' 
 
بەگوتەی ئەو نوێنەرەی خاوەن موەلیدە تایبەتەکان، ''بەهۆی جێبەجێکردنی پرۆژەی کارەبای 24 کاژێری، زیاتر لە 10 هەزار خێزانی خاوەن موەلیدەکان، کارپێکەرەکانی موەلیدە، کارەباچی، فیتەر و گازفرۆش برسی و بێکار دەبن.''
 
خاوەن موەلیدە تایبەتەکانی هەولێر و دەوروبەری داوا لە حکومەت دەکەن ''لانیکەم خشتەیەکی چەند کاژێری بۆ کارپێکردنی موەلیدەکان دابنرێت یان جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بۆ چەند ساڵ دوابخرێت بۆ ئەوەی بتوانین قەرزە کەڵەکەبووەکانمان بگەڕێنینەوە.'' 
 
رۆژی 17ـی تشرینی یەکەم مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی سەردانێکی بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، پڕۆژەیەکی بەناوی (پڕۆژەی رووناکی) راگەیاند. ئامانج لە پڕۆژەکە "دابینکردنی کارەبای 24 کاژێریی نیشتمانییە بۆ هەموو هەرێمی کوردستان."
 
بەگوێرەی رووپێوییەکی دەستەی ئامار، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 7 هەزار موەلیدەی تایبەت هەن و لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا کار دەکەن.
 
گوتەی خاوەن موەلیدەکان لەکاتێکدایە بە گوتەی د. سالار عەدنان، پڕۆفیسۆر لە كیمیایی ژیانی پزیشكی، ‏هەوای پیس هۆكارە بۆ تووشبوون بە نزیكەی چوار ‏هەزار جۆر نەخۆشی كە ‏بەشێكی زۆری ئەو هەوا پیسە بەهۆی ‏دووكەڵی موەلیدە ئەهلییەكانەوە دەردەدرێت.
 
هەروەها د. رێبین سەمەد، سەرۆكی بەشی ‏ئەندازایاریی ‏‏رووپێوان ‏لە ‏زانكۆی ‏‏پۆلیتەكنیكیی هەولێر پێشتر لەڕێگەی رووداو ئاشکرای کردبوو "موەلیدەیەك 12 كاژێر كار ‏بكات، زیاتر لە یەك تۆن مادەی زیانبەخش دەخاتە هەواوە." 
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی گازفرۆشانی هەولێر کە ناوی سەرباز کەریم ـە پێشتر لە بەرنامەیەکی تایبەتی لەگەڵ رەنج سەبارەت "پیسبوونی هەوا لەرێگەی موەلیدە ئەهلییەكانەوە" نەیشاردەوە خاوەن موەلیدە هەیە گازی زۆر خراپ ‏بەكاردەهێنێت. ئەو دەڵێت ‏‏"بەرمیلی گاز هەیە بە 90 هەزار دینار‌ و ‏هەشە بە 160 هەزار دینارە، كەسێك ‏ئەگەر ویژدانی نەبێت دەتوانێ‌ ‏بەرمیلی گازی 90 هەزار دیناری ‏بەكاربهێنێ‌".‏
 
هەر لە بەرنامەکەی لەگەڵ رەنج ئامارێكی مەترسیداری زیادبوونی ‏تووشبووانی ‏شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان خرایەڕوو، كە ‏لە ماوەی 10 ساڵدا بەرێژەی ‏‏549% زیادی كردووە و پسپۆڕێكی بەشی بایۆلۆجیی ‏زانكۆی ‏كۆیە جەختی لەوە ‏كردەوە، ئەگەر بەزوویی خەمێك لە ژینگە نەخورێ‌، ‏‏"تاوەكو ‏‏2035 هیچ ماڵێكی كوردستان نابینی نەخۆشێكی قورسی ‏تێدا ‏نەبێت".‏

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێک لە زەویوزاری جووتیارانی کورد لە سنووری کەرکووک. وێنە: رووداو

عێراق لیژنەیەک بۆ جێبەجێکردنی یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ پێکدەهێنێت و داوای نوێنەر دەکات

ئەرکی سەرەکی ئەم لیژنەیە، وەک لە نووسراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە، ئامادەکردنی رەشنووسی پڕۆژەی رێنماییەکانە بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە سێی ساڵی 2025، تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەعسی هەڵوەشاوە و گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان.