پڕۆژەی پەروەردەیی ڤیژن ئێجیوکەیشن لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران راگەیێندرا

28-10-2023
پەیمان محەممەد
 رێوڕەسمی دابینکردنی پێداویستیی 512 قوتابخانە و باخچەی ساوایان لە سۆران لەلایەن کۆمپانیای ڤیژن ئێجوکەیشنەوە
رێوڕەسمی دابینکردنی پێداویستیی 512 قوتابخانە و باخچەی ساوایان لە سۆران لەلایەن کۆمپانیای ڤیژن ئێجوکەیشنەوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پڕۆژەی پەروەردەیی ڤیژن ئێجیوکەیشن لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران راگەیێندرا کە 512 قوتابخانە دەگرێتەوە و زیاتر لە 70 هەزار قوتابی و ستافی کارگێڕیی ناوەندەکانی خوێندنی سنوورەکە لێی سوودمەند دەبن.
 
رۆژی شەممە، 28-10-2023، لە رێوڕەسمێکدا پڕۆژەی پەروەردەیی ڤیژن ئێجیوکەیشن لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران راگەیێندرا کە پێداویستیی 512 قوتابخانە و باخچەی منداڵان لە سنوورەکە دابین دەکات.
 
سەرەتای رێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب دەستیپێکرد؛ دواتر هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە گوتارێکدا باسی لە گرنگیی پڕۆژەکە کرد و گوتی، ''کەرتی پەروەردە و تەندروستی دوو لە گرنگترین کەرتەکانن کە ماوەی چەندین ساڵە لەم دەڤەرەدا کێشە و گرفتی زۆریان هەیە، بەتایبەتی لەبواری لۆجیستی و باڵەخانەوە".
 
هەڵگورد شێخ نەجیب گوتی، هەبوونی ئەم پڕۆژەیە لەلایەن کۆمپانیای ڤیژن ئێجیوکەیشنەوە یارمەتیدەرێکی باشە بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ''بۆ ئەوەی ئەو قوتابخانانەی کە نەمانتوانیوە ساڵی رابردوو هاوکارییان بکەین، ئەوان ئەمساڵ بە دابینکردنی پێداویستییەکان رۆڵێکی گرنگ بگێڕن".
 
هەرچەندە لە عێراق دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 کۆتایی هاتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا 700 ملیارەکەی بەغدا نەگەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و مووچەی مانگەکانی هەشت، نۆ و 10ی مووچەخۆران نەدراوە. سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سوپاسی ''جوامێرانە''ـی مامۆستایانی سنووری ئیدارەکەی دەکات کە ''بەرەنگاری هەڵمەتی دژبەران بوونەتەوە لە بڕینی قووت و مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان و پەیامەکەیان زۆر روون و ئاشکرایە کە بە هیچ شێوەیەک پڕۆسەی خوێندن لەم دەڤەرە ناوەستێت".
 
هەڵگورد شێخ نەجیب باسی لەوەش کرد، دوای بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە، دەست بە دابەشکردنی پێداویستییەکانی قوتابخانەکان دەکرێت کە لەلایەن کۆمپانیای ڤیژن ئێجوکەیشنەوە دابینکراون.
 
هەر لە رێوڕەسمەکەدا گوتاری ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئاکارا ئەلیشا کیۆ، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سۆران پێشکێشکرا و تێیدا بۆ دابینکردنی زیاتر لە چوار هەزار پێداویستیی جیاجیا بۆ قوتابخانەکانی سنووری ئیدارەکە، دەستخۆشی لە کۆمپانیای ڤیژن ئێجوکەیشن کرد.
 
لە درێژەی رێوڕەسمەکەدا سارا سەلاحەدین مستەفا، بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای ڤیژن ئێجیوکەیشن گوتی، ''کاک ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، دامەزرێنەر و سەرۆکی ڤیژن ئێجوکەیشن، باوەڕێکی پتەوی بە رۆڵی پەروەردە هەیە لە پڕۆسەی نیشتمانسازییدا. ئامانجی سەرۆکی ڤیژن دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار و تەندروستی فێربوون و خوێندنە بۆ سەرجەم قوتابیانی کورد و کوردستان بێ جیاوازی.''
 
سارا سەلاحەدین ئاماژەی بەوە کرد، هاوئاهەنگی و پێکەوەکارکردنی کەرتی گشتی و تایبەت پاڵنەرێکی گرنگە بۆ پێشخستنی سەرجەم سێکتەرەکان بەتایبەتی سێکتەری پەروەردە. گوتیشی، ''ڤیژن ئێجیوکەیشن هەوڵ دەدات ببێتە نموونەیەکی سەرکەوتوو لە بەیەکگەیاندنی ئەم دوو سێکتەرە.''
 
پێداویستییەکان بەمشێوەیە بەسەر ناوچەکاندا دابەش دەکرێن؛ مێرگەسۆر 176 ناوەندی پەروەردەیی، سۆران 110 ناوەندی پەروەردەیی، چۆمان 66 ناوەندی پەروەردەیی، سیدەکان 53 ناوەندی پەروەردەیی و رواندز 44 ناوەندی پەروەردەیی.
 
بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ناوچانە، کۆمپانیای ڤیژن ئێجیوکەیشن پەنای بۆ چەند فاکتەرێک بردووە، لەوانە لە رووی جوگرافییەوە تا چەندە ناوچەیەکی دوورەدەستن و دۆخی قوتابخانەکانی ئەو سنوورانە چۆنە.
 
دابەشکردنی پێداویستییەکان لە رێگەی چەند سەنتەرێکەوە دەبێت و ئەو قوتابخانانەی داواکارییەکانیان لەلایەن کۆمپانیاکەوە قبووڵکراوە دەتوانن راستەوخۆ لەم سەنتەرانەوە لە رۆژی دیاریکراودا پێداویستییەکانیان وەربگرن:
 
رۆژی شەممە 28-10-2023 سەنتەری سۆران لە کاژێر 12ـەوە بۆ 17:00.
رۆژی یەکشەمممە 29-10-2023، سەنتەری رواندز و خەلیفان لە کاژێر 09-00ـوە بۆ 17:00.
رۆژی دووشەممە سەنتەری سیدەکان و چۆمان لە کاژێر 09:00ـوە بۆ 17:00.
رۆژی سێشەممە سەنتەری مەزنێ و گۆڕەتوو لە کاژێر 09:00ـوە بۆ 17:00. 
رۆژی چوارشەممە سەنتەری پیران و بلێ لە کاژێر 09:00ـوە بۆ 17:00.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە