رووداو دیجیتاڵ
لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هێزەکانی ئێران تەقەیان لە چەند هاونیشتمانییەکی هەرێمی کوردستان کرد. قایمقامی شارباژێڕ دەڵێت، گەنجێک گیانی لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
شاهۆ عوسمان، قایمقامی شارباژێڕ بە رووداوی راگەیاند، لە سنووری گوندی چۆمانی رۆژهەڵاتی کوردستان سوپای پاسدارانی ئێران تەقەیان لە چەند هاووڵاتییەک کردووە و بەوهۆیەوە گەنجێک گیانی لەدەستداوە.
لەبارەی ئەو گەنجەی گیانی لەدەستداوە، قایمقامی شارباژێڕ دەڵێت، ناوی "داستان رەسوول"ـە، خەڵکی گوندی مەروێ-یە و تەمەنی لە نێوان 30 بۆ 33 ساڵ بووە. هەروەها تەرمەکەی بۆ دادپزیشکی سلێمانی گواستراوەتەوە و خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە.
جگە لەو گەنجەی گیانی لەدەستداوە، وەک شاهۆ عوسمان باسی لێوە کرد، دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
لەبارەی بریندارەکانەوە، شاهۆ عوسمان گوتی تەمەنیان 50 بۆ 55 ساڵە و هەردوو بریندارەکە بۆ نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی گواستراونەتەوە.
داستان رەسوول لەگەڵ سێ کەسی دیکە بۆ پرسە چووبوونە گوندی چۆمانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە تەقەیان لێکراوە و بەهۆیەوە داستان گیانی لەدەستداوە و سێ کەسەکەی دیکەش برینداربوون pic.twitter.com/VxqRejFNCe
— Rudaw (@Rudawkurdish) October 28, 2022
هەروەها ئاوات مەحموود، بەڕێوەبەری تەندروستیی چوارتا بە رووداوی راگەیاند: ئەو دانیشتووانەی گوندی مەروێ ویستوویانە بۆ بەشداریکردن لە پرسەی خزمێکیاندا بچنە گوندی چۆمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام پێش ئەوەی بچنە سنووری رۆژهەڵاتی کوردستانەوە "هێزەکانی سەرسنووری ئێران بەبیکەیسی تەقەیان لەو کەسانە کردووە."
لای خۆشیەوە، سۆران عوسمان، خەڵکی گوندی مەروێ-یە و لە بەردەم دادپزیشکی سلێمانی بە رووداوی گوت: نزیکی 20 کەس دەبوون کە چوون بۆ پرسە و دواتر ئێران تەقەی کرد. کەسێک گیانی لەدەستدا و سێ کەس برینداربوون، بەڵام برینی یەکێکیان زۆر سووکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ