لە سێ رۆژدا لە مهاباد و بانە 7 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە

28-10-2022
رووداو @Rudawkurdish
بردنی تەرمی یەکێک لەو کەسانەی گیانی لەدەستداوە بۆ گۆڕستان
بردنی تەرمی یەکێک لەو کەسانەی گیانی لەدەستداوە بۆ گۆڕستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

شاهۆ خزری تەمەن 23 ساڵ لە خۆپێشاندانی رۆژی پێنجشەممەی مهاباد لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانی لەدەستدا. ئەمڕۆ لە گۆڕستانی گوندی شیلاناوێی مهاباد بەخاک سپێردرا. 
 
لە خۆپێشاندانەکانی پێنجشەممەی مهاباد، چوار هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا. یەکێکی دیکەیان فریشتە ئەحمەدی بوو. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، فریشتە شەوی رابردوو بۆ فڕێدانی زبڵ چووەتە بەر دەرگەی ماڵەکەیان لە گەڕەکی بەری شیلانانی مهاباد، لەو کاتەدا تەقەی لێکراوە و گیانی لەدەستدا. 
 
کوبرا شێخەش یەکێکی دیکەبوو لەوانەی لە گەڕەکی سێ ئاشان کرایە ئامانج. زانیار ئەبوبەکریش هەر رۆژی پێنجشەممە گیانی لەدەستدا. 
 
رۆژی هەینی، گەنجێک بە ناوی مەسعود ئەحمەدزادە، کە پیشەی پزیشکی ددان بوو، گیانی لەدەستدا کە لە خۆپێشاندانەکانی پێنجشەممە و لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی ئێران بریندارکرابوو. 
 
محەممەد ساڵح قادری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حدکا لە هەولێر بە رووداوی گوت، "جیا لەو کەسانەی شەهید بوون، ژمارەیەکی زۆر برینداریش هەن. بۆ ئەوەی بریندارانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی رژێمی ئێرانەوە دەستگیر نەکرێن، بۆ نەخۆشخانەکان نابردرێن. بەڵکو لە نێو ماڵەکان و گوند و شارەکان بە نهێنی چارەسەر دەکرێن، هەندێکیش لەژێر چاودێریی هێزەکاندان تاوەکو دەستگیر بکرێن." 
 
ئێوارەی پێنجشەممە، لە بانە خۆپێشاندان هەبوو. لەو شارەش دوو هاونیشتمانی لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی ئێران گیانیان لەدەستدا. فەرەیدوون فەرەجی، خەڵکی سەقز بوو و لە بانە لە دووکانێکی پیتزا کاری دەکرد. شایەتحاڵەکان دەڵێن، لەبەردەم دووکانی پیتزاکەدا تەقەی لێکراوە. 
 
موتەلیب سەعیدپیرۆش ئێوارەی پێنجشەممە و لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی ئێران گیانی لەدەستدا. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بانەوە بە رووداو گەیشتوون، ئەو هاونیشتمانییە لە خۆپێشانداندا بەشدار نەبووە، بەڵکو کاتێک لە ئۆتۆمبێلەکەی دابەزیوە بچێتەوە ماڵەوە، گوللەی بەرکەوتووە و گیانی لەدەستداوە. 
 
مەهدی رەمەزانی، جێگری پارێزگاری سنە دەڵێت، "کوژرانی ئەو دوو کەسە جێی گومانە". بەگوتەی مەهدی رەمەزانی، "چەند کەسێکی چەکدار لەنێو گردبوونەوەکەی بانەدا بوون و تەقەیان کردووە و دوو کەس لە هێزەکانی سوپا و پۆلیس بە سەختی بریندارکراون"، بەڵام شایەتحاڵان دەڵێن، هێزەکانی ئێران لە بانە بە هەڕەمەکی تەقەیان کردووە.
 
لە 42 رۆژی رابردوودا کە خۆپێشاندان و ناڕەزایی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردووە، زیاتر لە 50 هاونیشتمانی لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی بەفری وان. وێنە و ڤیدیۆ: AA

یەکەم بەفری ساڵ لە وان باری

تەواوی رۆژ لە پارێزگای وان بەگشتی و ناوچە شاخاوییەکاندا شەپۆلێکی بەهێزی لێزمەباران باری. تەوژمێکی بەهێزی سەرما و سۆڵە روویکردە شارۆچکەی ئیپەک یۆڵو کە لە دامێنی چیای ئەرەک-ە و یەکەم بەفری ساڵ تێیدا باری.