prev
next
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت، کۆنگرەی پێنجەم، پێگەی یەکێتی لاواز دەکات. راوێژکارێکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبەش دەڵێت، چوار ساڵە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتیی یەکێتی، هیچ رۆڵێکیان لە بڕیاری ئەو حیزبەدا نییە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28-09-2023، سەردار هەرکی، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتی و رێزان شێخ دلێر، راوێژکاری پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، میوانی بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوون، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات.
سەردار هەرکی، کە بەشداری کۆنگرەی پێنجەمی حیزبەکەی نەکردووە، گوتی: "ئەم کۆنگرەیە پێگەی یەکێتی لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان و عێراق بەهێزتر ناکات، چونکە بەشێکی زۆر لە بەرپرسە هەرە باڵاکانی یەکێتی لە ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و سەرکردایەتی بەشداری کۆنگرەکەدا نین''.
بەگوتەی ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی، ''ئەم کۆنگرەیە ئامادەکاری تەواوی بۆ نەکراوە، لە نێو یەکێتیدا گرفتی زۆر و لێکترازان هەیە، پێویست بوو بەر لە کۆنگرە هەوڵ بدرێت ئەو لێکترازانە چارەسەر بکرێت و گوێ لە تێبینی و رەخنەی سەرجەم هەڤاڵان چ لە ئاستی سەرکردایەتی و چ لە ئاستی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی بگیرێت و هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتەکان بدرێت.''
دوێنێ چوارشەممە، 27ـی ئەیلوول، کۆنگرەی یەکێتی بە بەشداری 600 ئەندام لە هۆڵی هونەری شاری سلێمانی دەستیپێکرد و بڕیارە سێ رۆژ بخایەنێت.
وەک سەردار هەرکی دەڵێت، لەو بارودۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراقدا، ''نەک تەنیا کۆنگرەی یەکێتی، بەڵکو ئەستەمە کۆنگرەی هیچ حیزبێکی دیکەش سەرکەوتوو بێت.''
هەر دوێنێ، چوارشەممە، بە کۆی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە، بافڵ جەلال تاڵەبانی وەکو سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵبژێردرا، ئەو ئەندامەی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتی ئاماژەی بەوەدا، ئەم کۆنگرەیە بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ''مەرکەزییەت'' لە بڕیاردا بەستراوە و پێیوایە، ''مەرکەزییەت دەبێتە هۆی دروستبوونی گەندەڵی لە نێو حیزبدا و ئەوانەی دەسەڵاتیان لا کۆدەکرێتەوە، لەوانەیە زۆرجار بە خراپی بەکاریبهێنن، بۆیە دابەشکردنی دەسەڵات باشترە لەوەی کە لە یەک شوێن کۆبکرێتەوە.''
چەند سەرکردەیەکی دیاری یەکێتی دەستبەرداری کاری حیزبی بوون، دیارترینیان مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکان کە رۆژی دووشەممە، 25-09-2023، لە پەیامێکدا بەشدارینەکردنی خۆی لە کۆنگرەدا راگەیاند، هەروەها د. سۆران جەمال تاهیر، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و چەندین سەرکردەی دیکە بەشداری کۆنگرەی پێنجەمی حیزبەکەیان نەکرد.
سەردار هەرکی لەوبارەوە دەڵێت، ئەو سەرکردانەی کە بەشدارییان نەکردوووە، پێگەی زۆر بەهێزیان لە نێو حیزبدا هەبووە و بەشدارینەکردنیان بۆشاییەکی بەرچاو دروست دەکات، بە شێوەیەک کە ئەو حیزبە ناتوانێت خۆی لەگەڵ پێشهاتەکان بگونجێنێت.
وەک سەردار هەرکیش گوتی، لە ئەنجامی کۆنگرەی پێنجەم، پێگەی یەکێتی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و بەغدا "لاواز دەبێت" و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا دەنگەکانی کەم دەکەن.
بەڵام رێزان شێخ دلێر پێیوایە، بەشدارینەکردنی ئەو کەسانە لە کۆنگرەدا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر یەکێتی نابێت: ''چونکە چوار ساڵە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و ئەندامانی سەرکردایەتی، هیچ رۆڵێکیان لە بڕیارداندا نەبووە.''
رێزان شێخ دلێر گوتیشی: ''یەکێتی بووەتەوە حیزبی بنەماڵە و بەرەو تاکڕەوی دەڕوات، کە سەرۆک هەبێت و هەموو پابەندی بڕیارەکانی سەرۆک بن و خۆی لەسەر کۆی حیزبەکە بڕیار بدات، رەنگە بۆ ئەو [سەرۆک] باش بێت.''
لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیدا کە لە ساڵی 2019 بەسترا، بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەو حیزبە، سیستمی هاوسەرۆکی چەسپێنرا و لاهوور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانیی ئامۆزای بوونە هاوسەرۆک، بەڵام ئەو سیستمە زۆری نەخایاند و لە 8ـی تەممووزی 2021ـدا سیستەمەکە هەڵوەشێندرایەوە و، لاهوور شێخ جەنگی لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە دوورخرایەوە.
سەردار هەرکی لەبارەی ناکۆکییەکانی بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی دەڵێت، ''ئێستا یەکێتی لەسەر رێگەی لەتبوونێکی دیکەیە و بەرگەی ئەو لەتبوونە ناگرێت، بۆیە دەبێ چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە بدۆزرێتەوە.''
رێزان شێخ دلێر دەڵێت، ''سیستمی هاوسەرۆکی ئەزموونێکی زۆر هەڵە بوو، ئەو سیستمە بۆ ئەوەیە ژنان هان بدرێن بێنە نێو پڕۆسەی دەسەڵاتداری، دەبێ ژنێک و پیاوێک وەکو هاوسەرۆک دیاری بکرێن نەک دوو پیاو."
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە ساڵی 1975 دامەزراوە، تائێستا چوار کۆنگرەی بەستووە، لە سێ کۆنگرەدا، جەلال تاڵەبانی، بە سکرتێری ئەو حیزبە هەڵبژێردرا، لە کۆنگرەی چوارەمی ئەو حیزبەدا لەدوای 44 ساڵ لە دامەزراندنی، بۆ یەکەمجار سیستەمی هاوسەرۆکی پەیڕەو کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ