رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر دەڵێت، دوو برینداری دیکەی هۆڵی ئاهەنگگێڕانەکەی حەمدانیە لە هەولێر گیانیان لەدەستدا.
رۆژی پێنجشەممە 28-09-2023، دکتۆر کاروان نانەکەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر بە رووداوی راگەیاند، دوو لەو بریندارانەی لە قەزای حەمدانیەوە بۆ نەخۆشخانەکەیان گواسترابوونەوە، بەهۆی زۆری رێژەی سووتانیان کە سەرووی 90% بوو گیانیان لەدەستدا، یەکێکیان منداڵ بوو و ئەوی دیکە ئافرەت بوو.
شەوی سێشەممە 26-09-2023، هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە قەزای حەمدانیە لە پارێزگای نەینەوا ئاگری گرت و بەهۆیەوە نزیکەی 100 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 150 کەسیش بریندار بوون.
بەڕێوەبەری ئێمێرجنسیی هەولێر: تەنیا 25 برینداری رووداوەکەی حەمدانیە لە نەخۆشخانەکەمان ماون
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-09-2023، رەوەند حەوێزی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیمێرجنسیی هەولێر بە رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئێستا تەنیا 25 برینداری رووداوەکەی حەمدانیە لەو نەخۆشخانەیە ماون، کە رێژەی سووتانەکەیان زۆرە و پێویستیان بە چارەسەر و خاوێنکردنەوەی برینەکانیان هەیە.
رەوەند حەوێزی ئاماژەی بەوە کرد، لەو 25 کەسە، تەنیا ئافرەتێک و پیاوێک لە چاودێریی چڕدا ماون، کە یەکێکیان 60٪ و ئەوەی دیکەشیان 40٪ی جەستەی سووتاوە و تەندروستییان ناجێگیرە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیمێرجنسیی هەولێر، لەکاتی رووداوەکەوە تائێستا 47 نەخۆش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکەیان کە 22 کەسیان چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە و نێردراونەتەوە ماڵەوە.
رەوەند حەوێزی پێنج کەس لەوانەی لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی خەوێندراون پیاون و ئەوانەی دیکە زیاتر ئافرەت و منداڵن، گوتیشی تەندروستیی منداڵەکان بەراورد بە ئافرەتان و پیاوەکان جێگیرترە.
ئێوارەی دوێنێ (چوارشەممە، 27-09-2023) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی لە هەولێر، سەردانی بریندارانی رووداوەکەی حەمدانیەی کرد، دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەوەی پێویستە لە هەرێمی کوردستان بۆ قوربانییانی رووداوەکە دەیکەن و گوتی، "ئێمە داوامان کرد کە دەبێت لێکۆڵینەوەیەکی جدی لەم مەسەلەیە بکرێت و دەبێ قوربانییانی رووداوەکە قەرەبوو بکرێنەوە.''
عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق چووە شوێنی رووداوەکە و دواتر ئاشکرایکرد، دەزگە ئەمنییەکان 14 کەسیان دەستگیرکردووە، لەنێویاندا 10 کرێکار، خاوەنی هۆڵەکە و سێ کەسی دیکە کە بە گڕدانی یارییە ئاگرینەکان لە کاتی رووداوەکە تۆمەتبارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ