رێبوار تەها داوا لە لایەنە ناڕازییەکان دەکات بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا بکەن

28-08-2024
پەیمان محەممەد
 رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەیدا
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەیدا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری کەرکووک دەڵێت، لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە نووسراو ئاراستەی لایەنە ناڕازییەکان کراوە بۆ ئەوەی بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن بن.
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە 28-08-2024) رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکە لەلایەن بەشێک لە لایەنەکانەوە رایگەیاند، ''بە فەرمی لەلایەن ئەنجوومەنەوە نووسراویان ئاراستە کراوە کە بەشداریی دانیشتنەکان بکەن.''  
 
رۆژی 10ـی ئاب، ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە ئامادەبوونى 9 ئەندام لە هۆتێل رەشید لە بەغدا کۆبووەوە و حکومەتى خۆجێیی هەڵبژارد. لە کۆبوونەوەکەدا پۆستى پارێزگار درا بە کورد لە پشکى یەکێتى و پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاش درا بە کەسێکی عەرەب، ئەوەش ناڕەزایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، هاوپەیمانیی عەرەبی و بەرەی تورکمانی لێکەوتەوە.
 
رێبوار تەها گوتی، داوایان لەو لایەنە ناڕازییانە کردووە بەربژێرانی خۆیان بۆ ئەو پۆستانە پێشکێش بکەن، کە بۆیان دانراون، ''چونکە پۆستەکان بە بەتاڵی ماونەتەوە. ئەو پۆستانەی بۆیان دیاریکراون، بە بەتاڵی دەمێننەوە تاوەکو بەربژێرەکانیان دەنێرن، بەڵام بەردەوامین لە کارەکانمان و حکومەت دەستبەکار بووە.''  
 
لەبارەی داهاتووی پۆستەکان لە ئەگەری پڕنەکردنەوەیان لەلایەن ئەو لایەنانەی ناچنە نێو کۆبوونەوەکانەوە، پارێزگاری کەرکووک گوتی، ''جارێ زووە بڵێین ئەم بایکۆتە بەردەوام دەبێت و هیوادارین درێژخایەن نەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بایکۆتکردن کارێکی دەستووری و یاساییە و دەبێ رێز لەوەش بگرین.'' 
 
دیارترین ئەو پۆستانەى لە حکومەتى خۆجێیی کەرکووک بەتاڵن؛ پێنج یاریدەدەر، جێگرێک و حەوت راوێژکارى پارێزگارن.
 
رێبوار تەها گوتی، "حەز دەکەین لە حکومەتی خۆجێیدا پێکەوە بین، بەڵام وەک کارکردن ناوەستین و دەستبەکار بووین؛ هەوڵیش دەدەین پۆستەکان هەر بهێڵینەوە بۆ ئەوان [لایەنە ناڕازییەکان] تاوەکو خۆیان یەکلایی دەکەنەوە.''
 
پارێزگاری کەرکووک گوتیشی، ''تەنیا یەک دروشممان هەیە؛ خزمەتگوزاری و دادپەروەری لە خزمەتگوزارییەکاندا بۆ ئەوەی بگەین بە پێکەوەژیانی راستەقینە کە خەونی هەموومانە و، ئەرکی سەرشانی ئێمەیە وەک حکومەت هەنگاوەکانمان بەو ئاراستەیە بنێین.'' 
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک 16 ئەندامە و ژمارەی یاسایی بۆ کۆبوونەوە، ئامادەبوونی 9 ئەندامە.

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە