لەگەڵ رەنج؛ لە كەرتی تایبەت تاوەكو چەند مافی كرێكاران پارێزراوە؟

28-07-2024
ئاسۆ سەراوی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

چۆنیەتیی خانەنشینكردنی كرێكاری رۆژانە لە یاسای نوێی كاردا، مافەكانی ‏كرێكاران، قسەی وەزیری كار بۆ ئەو خاوەنكارانەی كرێكارەكانیان ‏دەستەبەرناكەن، هۆكاری درەنگ یەكلایی بوونەوەی كێشەی كرێكاران لە ‏دادگای كار، ئەگەر كرێكارێك لەلایەن خاوەنكارەكەی ‌غەدری لێكرا ‏پەیوەندی بە چ ژمارەیەكەوە بكات؟، كرێكار دەبێت لە هەفتەیەكدا چەند ‏كاژێر كار بكات؟ ئایا لە كەرتی تایبەت تاوەكو چەند مافەكانی كرێكار ‏پارێزراوە؟ ئەمانە هەموو ئەو مژارانە بوون كە لەم بەرنامەیەدا تیشکیان ‏خرایەسەر.
 
كرێكارێك دەڵێت: "شوێنی زۆر گرنگ هەیە گرێبەستی كار بۆ كرێكارەكانی ‏ناكات". 
 
وەزیری كار جەخت لەوە دەكاتەوە تاوەكو كرێكار گرێبەست ‏نەكات ‌و دواتر دەستەبەرنەكرێت هیچ مافێكی پارێزراو نابێت. ئاشكراشی ‏دەكات كاتێك فەرمانبەریان ناردووەتە شوێنكارێك بۆ دەستەبەركردنی ‏كرێكارەكانی، خاوەنكارەكە تاوەكو ئاستی مردن لە فەرمانبەرەكەیان داوە، ‏نوێنەری سەندیكای كرێكارانیش جەخت لەوە دەكاتەوە 95٪ـی ‏خاوەنكارەكان پابەندی یاسای كار و یاسای خانەنشینی نابن. مامۆستایەكی ‏زانكۆش كە شارەزای یاسای كاری عێراقییە، جەخت لەوە دەكاتەوە "ئەگەر ‏یاسای كاری ساڵی1987یش جێبەجێ‌ بكرێت 90٪ـی خواستی كرێكاران ‏بەدی دێت".
 
'شتی سەیر' لەسەر چەوسانەوەی كرێكارانی ژن
 
‏"لە هەندێ‌ شوێنی كەرتی تایبەت مۆڵەتی دایكایەتی هەر نییە، ‏هەفتەی دوو رۆژ پشوو هەر نییە، لە سووپەرماركێتەكاندا پشووی جەژن ‌و ‏بۆنەكان ‌و هەینی هەر نییە"؛ شنۆ عومەر، پشكنەر لە لقی سلێمانیی ‏سەندیكای كرێكارانی كوردستان لە دەستپێكی ئەم بەرنامەیە ئەو قسانەی ‏كرد ‌و گوتیشی: "ئەوەندەی ئێمە بەدواداچوونمان كردووە، كرێكاری ژن دووجار ‏دەچەوسێندرێتەوە وەكو ژن ‌و وەكو كرێكاریش". 
 
بەپێی گێڕانەوەكانی شنۆ ‏عومەر، لە بەشێك  لە كارگەكانی نان، حەوتی بەیانی بۆ شەشی ئێوارە كار بە ‏كرێكار دەكرێت لە هەندێ‌ شوێنیش 10 كاژێر كار بە كرێكار دەكرێت مانگی ‏بە 150 هەزار دینار، شنۆ عومەر بە روخسارێكی خەماوییەوە دەڵێت: "كەس ‏ئاگای لە كێشەكانی ژنانی كرێكار نییە". ئەو پشكنەرە باس لەوەش ‏دەكات ژن هەیە هێندە كاری قورسیان پێكراوە تووشی نەخۆشیی ژنانە ‏بووە. 

 

 
لەبارەی ئەوەش بۆچی ژنانی كرێكار لە پای پێشلكردنی مافەكانیان ‏سكاڵا تۆمار ناكەن، گوتی: "زۆربەی كرێكاران ناتوانن سكاڵا تۆمار بكەن، ‏چونكە دەترسن كارەكانیان لەدەست بدەن، كرێكار هەبووە ناومان بۆ ‏دەستەبەركردن تۆمار كردووە، لەسەر ئەوە دەریان كردووە". لە كۆتایی ‏قسەكانی، شنۆ عومەر جەخت لەوە دەكاتەوە خاوەن كار هەیە "وەكو كۆیلە" ‏مامەڵە لەگەڵ كرێكارەكانی دەكات.‏
 
'16 كاژێر كاركردن بە 10 هەزار دینار'‏
 
هەر لە بەرنامەكە دا بەشێك لە كرێكاران قسەی دڵیان كرد؛ كرێكارێك دەڵێت: ‏‏"كرێكار هەیە 16 كاژێر بە 10 هەزار دینار كار دەكات". 
 
بەشێك لەو ‏كرێكارانەی لەم بەرنامەیەدا بەشداربوون كرێكاری رۆژانەی بێ‌ ‏خاوەنكاربوون، ئەوان جەختیان لەوە دەكردەوە ئیشیان زۆر كەمە: ‏‏"كرێكاری رۆژانە هەیە لە مانگێكدا رۆژێك كاری دەستدەكەوێت". ئەو ‏كرێكارانە ئەوەشیان خستەڕوو سەندیكای كرێكاران كەمترین بەرگری لە ‏كرێكاری رۆژانە دەكات كرێكارێك گوتی: "لەكاتی كاردا كەوتمە خوارەوە ‏ساڵێك ‌و شەش مانگ لەقاچ كەوتم، كەسێك نەبوو لێم بپرسێتەوە". لەبارەی ‏دەستەبەركردنی كرێكاران ‌و كردنی گرێبەستی كاركردن بەتایبەت بۆ ئەو ‏كرێكارانەی كە خاوەنكاری هەمیشەییان هەیە، كرێكارێك دەڵێت: "شوێنی زۆر ‏گرنگ هەیە گرێبەستی كار بۆ كرێكارەكانی ناكات".‏
 
'پەرلەمان نەینارد خۆمان بەنیازین بینێرین'
 
كوێستان محەممەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستان ‏ئەوەی خستەڕوو یاسایەكی كاری زۆر باشیان ئامادەكردبوو، ناردبوویانە ‏پەرلەمان، بەڵام پەرلەمان نەیناردووەتە رۆژنامەی وەقائیعی كوردستان. ئەو ‏گوتی: ‏"وەكو ئەنجوومەنی وەزیران بەنیازین خۆمان یاسا بنێرین بۆ رۆژنامەی ‏وەقائیعی كوردستان."
 
ئێستا لە كوردستان بەپێی یاسای كاری ساڵی ‏‏1987ی عێراق كار دەكرێت بەپێی لێكدانەوەكانی كوێستان محەممەد، ئەو ‏یاسایە كەمتر مافی داوەتە كرێكاری نەوجەوان ‌و كرێكاری ژن.
 
وەزیری كار ‏جەخت لەوە دەكاتەوە پێش هاتنی بۆ وەزارەت بەڕێوەبەرایەتیی كار ‌و ‏دەستەبەری كۆمەڵایەتی بەتەواوەتی پەراوێز خرابوو، تەنانەت وەك خۆی ‏دەڵێت: "كەس نەیدەزانی خانەنشینی كرێكار چییە، سەلامەتیی تەندروستی ‏هەر ناوی نەبوو، لە زۆربەی شوێنەكان بەڕێوەبەرایەتیی كار هەر نەبوو ئێمە ‏دامانمەزراند، تەنانەت لەسەردەمی ئێمەوە پشكنەری كار هەیە". 

 

 
وەزیری ‏كار زۆر بە شانازییەوە دەڵێت: "سێ‌ بەرامبەری هەموو كابینەكانی پێش ‏خۆمان كارمان كردووە، پێش ئێمە 10٪ـی كرێكار دەستەبەر كرابوون، ئێستا ‏‏60٪یان دەستەبەر كراون".
 
'تاوەكو ئاستی مردن لە فەرمانبەرەكەیان داوە'
 
كوێستان محەممەد ئاماژەبەوەش دەكات زۆر خاوەن كار خۆیان لە ‏دەستەبەركردنی كرێكارەكانیان دەدزنەوە. تەنانەت باس لە قایمقامی ‏قەزایەكی كوردستان دەكات كە گوتوویەتی دەستەبەركردن سەرانەیە لە ‏خەڵكی وەردەگیرێ‌. گوتیشی: "فەرمانبەرمان هەیە كە چووە بۆ ‏دەستەبەركردنی كرێكاران تاوەكو ئاستی مردن لێیان داوە، جگە لەوە، خاوەن ‏كار هەیە كە خۆی موفەوەزی ئاسایشە كەچی لە كارمەندی ئێمەی داوە". 
 
‏دۆسییە دادیەكانی كرێكاران لە دادگەی كار بە سەدانن ‌و یەكلایی ناكرێنەوە ‏هۆكارەكەشی بۆ كەمیی دادوەری كار دەگەڕێتەوە هەروەك كوێستان محەممەد ‏دەڵێت: "هەزاران دۆسیەمان لە دادگەی كار هەیە ‌و یەكلایی نەكراونەتەوە ‏هۆكارەكەشی بۆ كەمیی دادوەری كار دەگەڕێتەوە. ئێستا لە هەڵەبجە دادوەری ‏كارمان نییە لە سلێمانی، هەولێر ‌و دهۆك هەریەكەی یەك دادوەرمان هەیە، ‏داوامان لە ئەنجوومەنی دادوەری كردووە دادوەرمان بۆ زیاد بكەن، چونكە ‏داوەر هەیە هەر خۆی بەتەنیا پێنج هەزار دۆسیەی لایە، دەڵێت لە مانگێكدا ‏هەر دەتوانم 10 دۆسیە یەكلایی بكەمەوە".‏ 
 
هۆشیارییەك لە وەزیری كارە وە بۆ كرێكاران 
 
كوێستان محەممەد رێنمایی كرێكاران دەكات بەردەوام ئاگاداری ئەوە بن كە ‏بەبێ‌ گرێبەستی كار بەهیچ جۆرێك كارنەكەن، چونكە "یاسا ناتوانێ‌ بەرگری ‏لە كرێكارێك بكات كە گرێبەستی كاری نەبێت". لەبارەی كەمترین مووچەی ‏كرێكاری ناكارامەش كوێستان محەممەد روونیكردەوە پێش ئەو 275 هەزار ‏دینار بوو، دواتر كردویانەتە 350 هەزار دینار. گوتیشی: "ئێستا لیژنەیەك ‏هەیە پێداچوونەوە بەو 350 هەزار دینارەش دەكات، چونكە بۆ رۆژگاری ‏ئەمڕۆ كەمە بەبۆچوونی خۆم لە 500 هەزار دینار كەمتر بێت باش نییە".‏
 
'ئاگاداری ژمارە 5500 بن'
 
كوێستان محەممەد داوا لە كرێكاران دەكات لە هەر شوێنێك مافەكانیان ‏پێشلكرا ئەوا پەیوەندی بە ژمارە 5500 بكەن ‌و دەڵێت: "بۆ دڵنیاییەوە ‏بەدواداچوون بۆ كێشەكانیان دەكرێت‌و ناویشیان پارێزراو دەبێت".‏
 
سەبارەت بەوەی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند هاوكارن ‏بۆ دەستەبەركردنی ئەو كرێكارانەی كەرتی تایبەت كە پەیوەندی بەوانەوە ‏هەیە، وەزیری كار روونیكردەوە، بۆ دەستەبەركردنی كرێكار "وەزارەتی ‏پەروەردە باشترینە،" چونكە مامۆستایانی قوتابخانە ئەهلییەكان دەستەبەر ‏كراون هاوكات هەردوو وەزارەتی تەندروستی ‌و بازرگانیش لەو رووەوە ‏هەنگاوی باشیانناوە. گوتیشی: "هەر بۆ نموونە لە سنووری سلێمانی ‏‏22 هەزار شوێنكار پارەی دەستەبەری كرێكار دەدەن".‏
 
هەفتەی 48 كاژێر كاركردن هەیە
 
هەر لەم بەرنامەیەدا، كوێستان محەممەد جەختی لەوە كردەوە هەر کرێكارێك لە ‏هەفتەیەكدا زیاتر لە 48 كاژێر كاری پێكرا دەبێت پارەی زیادەی پێبدرێت.
 
سەبارەت بە پارەی نێو سندووقی خانەنشینی، وەزیری كار ئەوەی خستەڕوو ‏كە سندووقەكە ئێستا ترلیۆنێك ‌و161 ملیار دیناری تێدایە: "لە ‏شەش مانگی 2024دا 13ملیار‌ و 355 ملیۆن ‌و 742 هەزار‌ و 989 دینارمان ‏داوەتە راژەی كۆتای كرێكار". 
 
كوێستان محەممەد باسی لەوەش كرد، ‏خانەنشینیی كرێكاران بەهیچ جۆرێك دوانەكەوتووە ‌و پاشەكەوتیشی ‏لێنەكراوە هەر بۆ نموونە خانەنشینێك لە 2013دا نۆ مووچەی وەرگرتووە، ‏بەڵام كرێكارێكی خانەنشین 12 مووچەی وەرگرتووە. كوێستان محەممەد ‏جەختی لەوەش كردەوە، هەموو كارگەیەك دەبێت 75٪ـی كرێكارەكانی، ‏كرێكاری نێوخۆیی بن ‌و 70٪ـی ئەو 75٪ـەش دەبێت گەنجی دانەمەزراوبن.
 
 
ئەو كرێكارانەی خاوەنكاریان نییە چۆن خانەنشین دەبن؟
 
لە بەشێكی دیكەی بەرنامەكەدا كوێستان محەممەد ئاشكرای دەكات كە ‏یاسای خانەنشینییان بە جۆرە داڕشتووە كە كرێكاری رۆژانەش خانەنشین ‏بكرێت: "ئەو كرێكارەی خاوەنكاری نییە، حكومەت 12٪ـی پارەی ‏خانەنشینی بۆ دەدات. خۆیشی 5٪ ئەوەش هەنگاوێكی زۆر باشە بۆ ئەوەی ‏هیچ كرێكارێك نەبێت بەبێ‌ خانەنشین".‏
 
ئایا هێنانی كرێكاری بیانی كاری وەزارەتی كارە یان وەزارەتی ناوخۆ؟ بۆ ‏وەڵامی ئەو پرسیارە كوێستان محەممەد جەخت لەوە دەكاتەوە كە هێنانی ‏كرێكاری بیانی كاری ئەوانە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ بەناوی پێدانی مافی ‏مانەوەی گەشتیاری بەردەوامە لە هێنانی كرێكاری بیانی، كوێستان ‏محەممەد دەڵێت: "چوار ساڵە لەگەڵ وەزیری ناوخۆ لە كێشمەكێشمی ئەوەدام ‏ئەو پرسە یەكلایی بكەمەوە، لە 2023دا تەنیا یەك كرێكار لە رێگای ئێمەوە ‏هاتووە، لەكاتێكدا وەزیری ناوخۆ خۆی دەڵێت 100 هەزار كرێكار هاتووە".‏
 
هەر بەپێی قسەی وەزیری كار، "زیاتر لە 6 هەزار كەس لەم كابینەیەدا لە ‏وەزارەتی كار خولی جۆراوجۆریان بینیوە 30٪ـیان بوونەتە خاوەنی كاری خۆیان‏.
 
بۆ پارەی خێزانە كەمدەرامەتەكان وەزیری كار دەچێتە بەغدا
 
لە بەشی كۆتایی بەرنامەكەدا كوێستان محەممەد ئەوەی خستەڕوو لە مانگی ‏‏9ی 2015 پارەی چاودێریی كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان وەستاوە كە ‏پێشتر 88 هەزار خێزان سوودمەند دەبوون ‌و پارەیان لێوەردەگرت، بەڵام ‏پێدانی ئەو پارەیە لەلای حكومەتی عێراق بەردەوامە بەجۆرێك دوو ملیۆن ‏خێزان لێی سوودمەند دەبن. ئەو گوتی: "بۆ گەڕانەوەی ئەو پارەیە بۆ ‏هەرێمی كوردستانیش لە سەرەتای مانگی هەشتی دەچمە بەغداد".‏
 
'‏٪95ـی خاوەن كارەكان پابەندی یاسای كار ‌و خانەنشینی نابن'
 
چالاك رەئوف، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كرێكارانی كوردستان وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە جەخت لەوە دەكاتەوە وەكو سەندیكا لە ‏دۆخی كرێكاران رازی نین، چونكە زۆرینەی خاوەنكارەكان پابەندی یاسای ‏كار نابن هەروەك ئەو گوتی "95% خاوەنكارەكان پابەندی یاسای كارو ‏یاسای خانەنشینی نابن". چالاك رەئوف نموونە بە پشووی رۆژی یەكی ئایار ‏دەهێنێتەوە كە سەرباری ئەوەی پشووە، بەڵام كار بە كرێكارەكانیان دەكەن.
چالاك رەئوف ئەوەش ناشارێتەوە كە لەم كابینەیەدا وەزارەتی كار، كاری ‏باشی بۆ بەرژەوەندیی كرێكاران كردووە: "كابینەكە نا، بەڵام ‏وەزارەتی كار ئیشی زۆر باشی بۆ كرێكاران كردووە".‏
 
سەبارەت بە كارەكانی خۆشیان، چالاك رەئوف باسی لەوە كرد لە ‏‏1/11/2023وە بۆ 1/6/2024، 12هەزار و 483 شوێنكاریان بەسەر ‏كردووەتەوە هەر لەو ماوەیەشدا ناوی 12 هەزار و 165 كرێكاریان بۆ ‏دەستەبەركردن تۆمار كردووە. چالاك رەئوف ئاشكراشی كرد خودی حكومەت ‏هەرێمی كوردستان كرێكاری گرێبەستی هەیە، بەڵام خانەنشینان ناكات.‏
 
 
'سەندیكا كرێكاران بەسەرچوون ناتوانن بەرگری لە كرێكار بكەن'
 
نەوزاد بابان، كە وەك  هەڵسوڕاوێكی مافەكانی كرێكاران لە بەرنامەكەدا ‏بەشداربوو باسی لەوە كرد سەندیكایەك كە خۆ ماوەی بەسەرچووبێت چۆن ‏دەتوانێ‌ بەرگری لە مافی كرێكاران بكات: "سەندیكای كرێكاران ‏لە1992یەوە هەڵبژاردنی نەكردووە، ئیتر چۆن دەتوانێ‌ بەرگری لە كرێكاران ‏بكات". 
 
نەوزاد بابان ئەوەشی خستەڕوو، هەندێك لە خاوەنكاران بەتایبەت ‏ئافرەتی كرێكار بۆ كار كردن وەرناگرن، بەڵكو مەبەستیانە بۆ كاری دیكە ‏بەكاریان بهێنن: "كچێكی ناسیاوی خۆمان هەیە بۆ كاركردن چووەتە ‏ماركێتێك، دواتر هەر ئەو كچە پاش ماوەیەك وازی لە كارەكەی هێنا. كە ‏لێیان پرسی بوو گوتبووی منیان بۆ شتی دیكە دەوێت نەك كاركردن." 
 
لە كۆتایی قسەكانی دا، هەڵسوڕاوەكەی مافەكانی كرێكاران جەختی لەوە ‏كردەوە چارەسەری كێشەی كرێكار بە لیژنە و لیژنەكار ناكرێت، بەڵكو ‏‏"دەبێت كرێكاران خۆیان رێكخراو بكەن".‏
 
'ئافرەت تەنیا بۆ بازاڕگەرمی خۆیان وەردەگرن'
 
د. ژیا عەباس، سەرۆكی بەشی كاری كۆمەڵایەتی لە زانكۆی سلێمانی وەك ‏میوانێكی دیكەی بەرنامەكە ئەوەی خستەڕوو هەندێ‌ شوێن كار ئافرەت تەنیا ‏بۆ بازاڕگەرمیی خۆیان وەردەگرن و بەكاردەهێنن: "هەندێ‌ جار ‏تۆمەت بۆ ئافرەتی كرێكار دروست دەكرێت". 
 
 
سەبارەت بەوەش بۆچی ‏ئافرەتانی كرێكار ناچن سكاڵا تۆمار بكەن، د. ژیا عەباس ئەوەی خستەڕوو ‏ئافرەتان لە ترسی لەدەستدانی كارەكانیان كەمترین جار سكاڵا تۆمار ‏دەكەن: "بەراورد بە پیاوان هەلی كار بۆ ژنان كەمترە، بۆیە كەمجار ‏دەبینی ئافرەتان سكاڵا لە خاوەنكارەكان بكەن، چونكە بەردەوام ترسیان ‏لەوە هەیە كارەكانیان لەدەستبدەن".‏
 
د. ژیا عەباس داواكاریشە دەرچوونی كاری كۆمەڵایەتی دەرفەتی ‏دامەزراندنیان لە كەرتی تایبەت بۆ بڕەخسێ‌.‏
 
‏'یاسا كۆنەكەش جێبەجێ‌ بكرێت بۆ كرێكاران باشە'
 
د. ئومێد عەزیز، مامۆستا لە كۆلێژی تەكنیكیی ‏كارگێڕی زانكۆی پۆلیتەكنیكی ‏سلێمانی وەك میوانێكی دیكەی ئەم بەرنامەیە ئەوەی خستەڕوو‏: "ئەگەر ‏یاسای كاری ساڵی1987ش جێبەجێ‌ بكرێت 90٪ـی خواستی كرێكاران بەدی ‏دێت". ئەو مامۆستایەی زانكۆ وەك خۆی باسی دەكات، چاوەڕێی زیاتریان ‏لە وەزارەتی كار هەبووە: "وەزارەتی كار لە ئاست گەورەیی ‏كێشەكانی كرێكاران كاریان نەكردوە، بەتایبەت وەزیری كار لە زۆر شوێن ‏دەتوانێ‌ دەسەڵاتەكانی خۆی باشتر بەكاربهێنێ‌، ئەگەر لە شوێنكارێك ‏سەرپێچی كرا ئەوا راستەوخۆ دەتوانێ‌ ئەو شوێنە دابخات".‏
 
 

 

 

.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە