رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای خەبات سەر بە پارێزگای هەولێر گەنجێک کەوتە نێو زێی گەورە و خنکا.
رووداوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی نیسانی 2024، روویدا. ئەو کەسەی خنکاوە ناوی کاکل حەسەن مامەیە و تەمەنی 16 ساڵە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی خەبات، دوای زیاتر لە سێ کاژێر گەڕان تەرمەکەیان نەدۆزیوەتەوە.
دەگوترێت گەنجەکە بە مەبەست خۆی خستووەتە نێو ئاوەکەوە، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار ئەوە پشتڕاست ناکەنەوە.
ساڵانە لەگەڵ دەستپێکی وەرزی گەرمادا، هاونیشتمانیان، بەتایبەت گەنجان روو لە دەریاچە و گۆماوەکان دەکەن بۆ مەلەکردن و چەندین رووداوی خنکان تۆمار دەکرێن.
رۆژی هەینی، 26-4-2024 ژنێک لە دەریاچەی دووکان خنکا. هەمان رۆژ تەرمی گەنجێک لە سنووری کۆیە دۆزرایەوە کە هەفتەیەک پێشتر خنکابوو.
20ـی نیسانیش هەر لە سنووری کۆیە، باوک و کوڕێک لە ئاودا خنکان.
ساڵی رابردوو تاوەکو سەرەتای مانگی ئاب، 61 کەس لە هەرێمی کوردستان خنکابوون؛ 27 کەسیان لە سنووری پارێزگای هەولێر؛ 19یان لە پارێزگای دهۆک؛ 14یان لە پارێزگای سلێمانی؛ لە پارێزگای هەڵەبجەش یەک کەس خنکابوو.
بەگوێرەی ئاماری پۆلیس، ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان 104 کەس لە ئاودا خنکابوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ