رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری هێزێکی سوپای عێراق، دروێنەکردنی گەنم لە سنووری پێنج گوندی ناحیەی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک قەدەخەکرا.
نوێنەرێکی جووتیاران دەڵێت، ئەو زەوییانەی قەدەخەیان خراوەتەسەر، رووبەرەکەیان 50 هەزار دۆنمە.
بڕیارەی قەدەخەکردنی دروێنە لەو سنوورە ئەمڕۆ (یەکشەممە 28ـی نیسان) درا.
محەممەد ئەمین، سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سەرگەڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هیچ هۆکارێکیان پێ نەگوتووین؛ تەنیا گوتیان قەدەخەیە."
محەممەد ئەمین گوتی، بڕیارەکە لەلایەن فەرماندەی یەکەی هەشتی سوپای عێراقەوە دراوە.
زەوی بە گەنم و جۆ چێندراوی سنووری پارێزگای کەرکووک ئێستا کاتی دروێنەیەتی. محەممەد ئەمین دەڵێت، رووبەری زەوی ئەو پێنج گوندە نزیکەی 50 هەزار دۆنمە و بە دانەوێڵە چێندراوە.
سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سەرگەڕان ئاماژەی بەوەشکرد، لە رێگەی میدیاکانەوە داوا دەکەن بڕیارەکە هەڵبوەشێتەوە، ئەگەرنا سبەی خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەڕێوەدەبەن.
سنووری ناحیەی سەرگەڕان زۆرینەی گوندەکانی کوردنشینن، لە دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە چەندین جار رووبەڕووی کێشە و ئاستەنگی سوپای عێراق و عەرەبی هاوردە بوونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ