رووداو دیجیتاڵ
بەربژێرێکی سەربەخۆ لە بازنەی هەولێر بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، کشاوەتەوە لە خۆبەربژێرکردن.
سەردار ئازاد، بەربژێری سەربەخۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە بازنەی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی نیسانی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لێرە ئەوەی دەیبینم حیزب لە خەڵک و کۆمیسیۆن زاڵترە و هەلی دەرچوون بۆ سەربەخۆکان نییە، بۆیە کشامەوە."
زۆرینەی رێکارەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە تەواو کراون، ناوی بەربژێرانی سەربەخۆ و حیزبەکان تۆمار کراون. بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان و بەشێک لە پێکهاتەکان ناویان تۆمار نەکردووە و رەتیدەکەنەوە بەشداری بکەن تاوەکو داواکانیان جێبەجێ دەکرێت.
سەردار ئازاد خاوەنی پڕۆژەیەکی گەشتیاری و کۆمپانیایەکی عەقاراتە، 17ی ئادار دوای خۆبەربژێرکردنی بە رووداوی گوت، دەنگی پێویست دەهێنێت و سەردەکەوێت. گوتیشی، "لە کاری بازرگانی و خانووبەرەدا خزمەتی زۆرم کردووە، دەتوانم لە پەرلەماندا خزمەتی زیاتری خەڵک بکەم."
لە هەولێر 20 کەس و لە تەواوی هەرێمی کوردستان 57 کەس وەکو بەربژێرى سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ناوى خۆیان تۆمار کردووە، کە 8ى نیسان تیروپشکى ژمارەکانیان لەلایەن کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانەوە راکێشرا.
11ی ئەم مانگە عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤان کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە رووداوى راگەیاند، دواى راکێشانى تیروپشکى ژمارەى بەربژێران هەرکەس بکشێتەوە ناوی لەسەر فۆڕمی دەنگدان هەر دەمێنێت. ئەو پارەیەشی کە لێی وەردەگیرێت و یەک ملیۆن دینارە، بۆی ناگەڕێندرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ