سیروان عەباس و جووتیار قارەمان
پەرلەمانتارێکی کوردستان دەڵێت: "دوای جەژن بەڕێوەبەرانی بانکەکان و دەروازە سنوورییەکان بانگهێشتی پەرلەمان دەکەین و لەبارەی کۆکردنەوەی داهات و دیارنەمانی داهاتی سلێمانی داوای زانیاری و روونکردنەوەیان لێدەکەین". سەرۆکی لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت تاوەکو ئێستا 18 جار بە نووسراوی فەرمی داوای ئاشکراکردنی داهاتی پارێزگاکەیان لە لایەنی پەیوەندیدار کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28.4.2022 جەلال محەممەد، بڕیاردەری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەرچەندە نزیکەی دوو مانگە، داوامانکردووە بەڕێوەبەرانی گشتیی بانكەكان و دەروازە سنوورییەكان بێنە پەرلەمانی کوردستان و وەڵامی پرسیاری لیژنەی دارایی بدەنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەهاتوون.
لەبارەی هۆکاری ئامادەنەبوونیشیان گوتی: "بەهۆی دەوامنەکردنی وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە".
دوای نزیکەی دوو مانگ دەوامنەکردن، رۆژی چوارشەممە 27-04-2022، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداریی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا کرد و گەڕایەوە سەر کارەکەی.
جەلال محەممەد، کە ئەندامی لیژنەی داراییشە دەڵێت: "ئێستا وەزیر گەڕاوەتەوە و هیچ بیانوویەک بۆ ئامادە نەبوون نەماوە، بۆیە دوای جەژن جەخت لە بانگهێشتەکەمان دەکەینەوە و لەو باوەڕەدام ئامادە ببن و لەبارەی کۆکردنەوەی داهاتی هەرێمی کوردستان بە گشتی و دیارنەمانی داهاتی سلێمانی و نەبوونی پارە لە بانکەکان، وەڵامی پرسیارەکانمان بدەنەوە".
رۆژی چوارشەممە 27-4-2022 د. شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "چەند بەرپرسێکی یەکێتی دەڵێن لەبەرئەوەی چەند بەرپرسێکی پارتی بڕێک لە داهاتی نەوت گلدەدەنەوە و تەنیا 350 ملیۆن دۆلار دەدەنە وەزارەتی دارایی، ئێمەش دەبێ داهاتی سلێمانی لەژێردەستی خۆمان بێت، لەولاشەوە چەند بەرپرسێکی پارتی دەڵێن، یەکێتی دەستی بەسەر داهاتی سلێمانی دەگرێت، بۆیە ئێمەش پارەی پێویست نانێرین بۆ پارێزگای سلێمانی".
د. شێرکۆ جەودەت دەڵێت: "بەرپرسیاری یەکەم لەو دۆخە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەیەتی، بۆ نموونە ئەگەر سلێمانیش گەندەڵی تێدا بکرێت و پارەی تێدا گلبدرێتەوە، سەرۆکی حکومەت بەرپرسیاری یەکەمە بەو هەموو بودجەیەی لەبەر دەستیەتی، مووچەی فەرمانبەران و پڕۆژەکانی سلێمانیش دابین بکات و لەگەڵ ئەوەش هەموو گوشارێک بکرێت بۆ لێپێچینەوە لە گەندەڵکارانی سلێمانی".
د. شێرکۆ جەودەت کە هاوکات ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانە هەروەها دەشڵێت: "پارەی داهاتی سلێمانی کەمترە لە خواستی پڕۆژەکان و مووچە، جگە لەوەی داهاتی بانکەکانی سلێمانی بەکاردەهێنرێت بۆ تەمویلی کۆمپانیا حیزبییەکانی سەر بە یەکێتی و ئینجا ئەوەی بمێنێتەوە دەنێردرێ بۆ مووچە، بۆیە پارەیان تێدا نامێنێت بۆ مووچە".
تاوەکو ئێستا چەندین ژمارە وەک داهاتی مانگانەی سلێمانی لەلایەن بەرپرسان و پەرلەمانتاران بڵاوکراوەتەوە، لەو بارەیەوە د. شێرکۆ جەودەت پێیوایە: "هەر ژمارەیەک لەسەر داهاتی سلێمانی و هەولێر و دهۆک و داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بگوترێت، درۆیە و راست نییە، لەبەر ئەوەی دیوانی چاودێری و دارایی پێداچوونەوە و وردبینی بۆ نەکردووە و دزییەکان دیاری نەکراون و تەنانەت رێگری لێکراوە پشکنین بۆ کەموکوڕییەکانی ئەو داهاتانە بکرێت، دووەم ئەوەی کە حکومەت نۆ ساڵە بودجەی هەرێمی کوردستانی نەناردووەتە پەرلەمان، بۆیە هەر ژمارەیەک دەگوترێت هیچی راست نییە".
ئەو پەرلەمانتارەی یەکگرتوو باس لەوەش دەکات، ئەو هەڵەیەی زۆر لە پەرلەمانتاران تێیدەکەون بۆ بەدواداچوونی داهات، ئەوەیە کە تەلەفۆنێک بۆ بەرپرسێک لە وەزارەتی دارایی یان پارێزگای سلێمانی دەکەن و لێی دەپرسن داهاتتان چەندە، ئەوانیش ژمارەیەکیان پێدەدەن، ئەوە دواکەوتووترین شێوازی دۆزینەوەی داهاتە، دامەزراوە دەبێ داهات دیاریبکات و دەبێ دیوانی چاودێری و دارایی بەراورد و وردبینی بۆ بکات.
هەر سەبارەت بە داهاتی سلێمانی، کاسترۆ مەعرووف، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لە چوار ساڵی کارکردنماندا 18 جار نووسراومان بۆ وەزیری دارایی ناردووە کە داهاتی سلێمانیمان بۆ روون بکاتەوە، بەڵام وەڵامی نەداوینەتەوە." گوتیشی: "پێیان گوتووین تاوەکو لە سەرووی خۆیانەوە رێگەیان پێنەدرێت ناتوانن بیدەن بە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی."
سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەدا، تەنانەت کە نووسراو بۆ روونکردنەوەی بابەتی دارایی بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانیش دەنێرن، ئەوانیش ناتوانن ئەو وردەکارییانە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بخەنەڕوو.
کاسترۆ مەعرووف جەختی لەوە کردەوە، بە پلەی یەکەم کاری وەزیری داراییە ئەو گرژییە کەم بکاتەوە کە لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەیە.
سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گوتی: "دەکرا وەزیری دارایی لە رێگەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسییەوە لەم بارەیەوە بەرچاوڕوونیی بە خەڵکی سنووری پارێزگای سلێمانی بدایە. ئەم دۆخە خزمەت بە خەڵکی سنوورەکە ناکات."
بە بۆچوونی کاسترۆ مەعرووف، دەکرا لە بری ئەوەی لایەنە سیاسییەکان قسە لەسەر پرسی داهاتی سلێمانی بکەن وەزیری دارایی ئەم بابەتە یەکلایی بکاتەوە. ئەوەی بووتە قوربانیی ئەم دۆخە خەڵکەکەن.
سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گوتی: "ناکرێت ئێمە لە رێگەی پەیوەندیی کەسیمانەوە بزانین داهاتی دەروازەیەک چەندە."
کاسترۆ مەعرووف گوتیشی: "نەک هەر ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کە ئاگای لە داهاتی فەرمانگەکانی و دەروازە سنوورییەکانی سلێمانی نییە، بەڵکو ئەندامانی پارێزگەکانی دیکەیش ئاگایان لە داهاتی پارێزگاکانیان نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ