بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو مەترسی لەسەر پردی دەربەندی رانیە دروستکردووە

29-03-2019
بەختیار قادر
بەختیار قادر
ته‌نها دوو مه‌تر ماوه‌ ئاو بگاته‌ پرده‌كه
ته‌نها دوو مه‌تر ماوه‌ ئاو بگاته‌ پرده‌كه
نیشانەکردن رانیە بەنداوی دووکان بارانبارین
A+ A-

رووداو-رانیە

به‌رزی ئاوی ده‌ریاچه‌ی دووكان له‌ ژێر پردی ده‌ربه‌ندی رانیه‌ بووە‌ 25 مه‌تر، ته‌نها دوو مه‌تر ماوه‌ ئاو بگاته‌ پرده‌كه‌ و مه‌ترسی له‌سه‌ر پردی ده‌ربه‌ند دروستکردووە‌، هاتووچۆكردنی بارهه‌ڵگر تێدا قه‌ده‌خه‌كرا، پردەکە درێژیه‌كه‌ی 210 مه‌تره‌ و توانای هه‌ڵگردتنی 30ی تۆنی هه‌بوو، ئێستا به‌ته‌نها چوار تۆن ده‌توانێ هاتووچۆی لەسه‌ر بكات. 

به‌نداوی دووكان توانای گلدانه‌وه‌ی 7 ملیار مه‌تر سێجا ئاوی هه‌یه‌ خه‌ریكه‌ پڕ ده‌بێت، به‌و ئاسته‌ی ئێستای زیانی به‌ رووبه‌رێكی زۆر له‌ زه‌وی كشتوكاڵی و ره‌ز و باخ گه‌یاندووه‌، ساڵی 1959 به‌نداوی دووكان ته‌واو بووه‌ ئه‌مه‌ ساڵی دووه‌میه‌تی كه‌ ئاستی ئاوی به‌و شێوه‌یه‌ تێدا به‌رز ببێته‌وه‌.

به‌ختیار ئه‌حمه‌د، به‌رێوه‌به‌ری رێگاوبانی راپه‌ڕین بە رووداوی راگەیاند: "هاتووچۆكردنی بارهه‌ڵگرمان له‌ سه‌ری قه‌ده‌خه‌كرد، چونكه‌ مه‌ترسی كه‌وتووەته‌ سه‌ر پرده‌كه‌، ده‌بێت دووپایه‌ی دیكه‌ی بۆ زیاد بكرێت و له‌ 210 مه‌تره‌وه‌ بیكه‌ینه‌ 350 مه‌تر ئه‌وه‌ش مانگی هه‌شت ده‌ست به‌كاره‌كانی ده‌كرێت.

ئێستا زیاتر له‌  ٦ ملیار مه‌تر سێجا ئاو له‌م به‌نداوه‌دا هه‌یه‌، به‌شێك له‌ خانووه‌كانی گوندی قەرەگۆی رانیە ژێر ئاو كه‌وتوون و ژماره‌یه‌ك خانووش چۆڵكراوون، رووبه‌ری نزیكه‌ی 300 دۆنم زه‌وی كشتووكاڵی و باخ بووەته‌ ده‌ریاچه‌، ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌م ده‌ریاچه‌كه‌ سه‌ری ره‌شیان سپی كرد، ده‌ڵێن ته‌نها ساڵی 1988 به‌و ئاسته‌ ئاوی ده‌ریاچه‌كه‌ به‌رزبووەته‌وه‌.

به‌نداوی دووكان له‌ ساڵانی 1954 تاوەکو 1959 له‌سه‌ر رووباری زێی بچووك دروستكراوه‌، سه‌دا هه‌شتای ئاوه‌كه‌ی له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه‌ دێت، به‌نداوی كۆڵه‌سه‌ی سه‌رده‌شت پڕ ئاو بووه‌ و نزیك 20 ساڵیشه‌ ئاستی باران بارین هێنده‌ی ئه‌مساڵ نه‌بووه‌، بۆیە چاوهڕێ ده‌كرێت هێشتا ئاستی ئاوی تێدا به‌رزتر ببێته‌وه‌.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە