رووداو دیجیتاڵ
مامۆستایەکی زانکۆی تاران دەڵێت، دەبێت ئەو وڵاتانەی کورد بەسەریاندا دابەشکراون، دەستی کورد ''ماچ بکەن''، چونکە بە مافی ئۆتۆنۆمی رازین؛ گوتیشی، ''کورد یەک نەتەوەیە و مافی خۆیەتی وڵاتێکی سەربەخۆی هەبێت''.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-02-2025، تەوەری یەکێک لە پانێلەکانی دوایین رۆژی کۆڕبەندی هەولێر بریتی بوو لە ''رکابەریی پرۆژەی رێگاکان و داهاتووی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان لە عێراق'' کە تێیدا ئەحمەد نەقیب زادە، مامۆستای زانکۆی تاران رایگەیاند، ''دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر ناجێگیرە و تاوەکو ئەوکاتەی پرسی شوناسی نەتەوەیی، کولتووری، زمانی کە لە ناوچەکەدا هەن چارەسەر نەکرێن، ئەو ناوچەیە بۆ سەرهەڵدانی دیکتاتۆرەکان لەبار دەمێنێتەوە.''
ئەحمەد نەقیب زادە گوتی، بەشێک لە دەسەڵاتداران بۆ خۆدزینەوە لە نەبوونی رەوایی خۆیان لە وڵاتەکەیاندا، روو دەکەنە دەستوەردانی دەرەکی و دەبنە هۆی قووڵترکردنەوەی قەیرانەکانی ناوچەکە. ''ئەگەر ئەو بابەتانە چارەسەر نەکرێن، بێگومان هیچ پلانێکی دروست لە ناوچەکەدا جێبەجێ ناکرێت.''
دوای هاتنە کایەی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە غەززە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی کردووە ئەمریکا دەست بەسەر کەرتی غەززەدا بگرێت، خەڵکەکەی رابگوێزێت و بیبووژێنێتەوە.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ دەڵێت،''ئەو کەمینانەی لە ناوچەکەدا هەن، هەندێکیان لە رێگەی ئازادی و دیموکراسییەوە کێشەکانیان چارەسەر دەکرێن، بەڵام هەندێکیان بۆخۆیان یەک میللەتن، ناتوانن فەلەستین وەلابنێن، ئەگەر بیانەوێت وەلایان بنێن یان پاکتاویان بکەن، ئاگری شەڕ ناوچەکە دەگرێتەوە.''
''کورد مافی خۆیەتی وڵاتێکی سەربەخۆی هەبێت''
ئەحمەد نەقیبزادە باسی لە پرسی کورد کرد و گوتی: ''کورد یەک نەتەوەیە و ئەو پێناسەیە دەیگرێتەوە کە لەدوای شۆڕشی فەرەنسا بۆ میللەت خرایەڕوو؛ واتا هیچ کامە لە نەتەوەکانی ناوچەکە ئەو تایبەتمەندییانەیان نییە، کە ئەوان هەیانە''. گوتیشی، کورد لە تورکیا، سووریا، عێراق و ئێران مێژوو، کولتوور، هونەر و جلوبەرگی هاوبەشیان هەیە بەڵام دابەشکراون، ''کەواتە ئەگەر کورد ئێستا بە مافی ئۆتۆنۆمی رازی دەبێت، پێویستە وڵاتان دەستیشیان ماچ بکەن.''
ساڵی 1916 رێککەوتنێکی نهێنی لە نێوان بەریتانیا و فەرەنسا بە رەزامەندیی ئیمپڕاتۆریی ئەوکاتی رووسیام بە ناوی سایکس-پیکۆ نووسرا کە ئەنجامەکەی، دابەشکردنی خاکی ئەو وڵاتانە بوو کە لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریی عوسمانیدا بوون. بەهۆی دابەشکردنەکەوە کوردستانیش بەسەر تورکیا، عێراق و سووریادا دابەشکرا، ئەمە جیا لە رۆژهەڵاتی کوردستان سەر بە ئێران بوو.
ئەحمەد نەقیبزاقدە جەختی لەوە کردەوە، ئێستا کورد زۆر بە ئاسانی دەتوانن داوای وڵاتێکی سەربەخۆ بکەن، ''بڕیاری سایکس پیکۆ هیچ پەیوەندییەکی بە ئەوانەوە نییە کە بیانەوێت پێیەوە پابەند بن.'' ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر ئەو قەیرانە بنچینەییانەی تابیەت بە شوناس لە ناوچەکە چارەسەر نەکرێن، ئاڵۆزی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نابڕێتەوە.
''رێگە ستراتیژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەراست دژی ئێران و هەرێمی کوردستانن''
هاوکات هەر لە پانێلەکەدا، د. ئەردەشیر پەشەنگ، لێکۆڵینڤان و و شارەزا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان ئاماژەی بەوە کرد، هەشت رێگەوبانی ستراتیژی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەن کە لە چینەوە دەستپێدەکەن.
بەگوتەی ئەردەشیر پەشەنگ، ئێران و هەرێمی کوردستان بە رێژەیەکی زۆر کەم و تەنیا لە یەک رێگەی ستراتیژیدا پشکیان هەیە و بەگشتی رێگەکانی دیکە ''دەوریان لێداونەتەوە'' و دژی ئەو دوو وڵاتەن.
ئەو لێکۆڵینڤانە هۆکاری بێبەشبوونی ئێران لە رێگەوبانە ستراتیژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ''لەگەڵ تورکیا رکابەرییەکی قووڵیان هەیە، سزایەکی زۆری نێودەوڵەتی بەسەردا سەپێندراوە و وڵاتە زلهێزەکان وەکو ئەکتەرێکی کۆن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست حەز بە بوونی ناکەن.''
سەبارەت بە ''گۆشەگیری''ـی هەرێمی کوردستانیش لە هەمبەر رێگەکانی گەشەپێداندا گوتی، ''ئەکتەرێکی نوێیە و گرنگییەکی کەمی لەوبارەوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە.''
ئەردەشیر پەشەنگ ''گوشاری زۆری دراوسێکان لەسەر هەرێمی کوردستان، کاریگەریی چارەسەرنەبوونی پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و گوشاری دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لەسەری'' بە هۆکاری بێبەشبوونی هەرێمی کوردستان لە سوودی رێگەوبانە ستراتیژییەکان دەزانێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ