رووداو دیجیتاڵ
چوار ئۆتۆمبێل لە سنووری شاری دێرکی رۆژئاوای کوردستان بۆردوومان کران. بە گوێرەی زانیارییەکان، 3 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە.
بۆردوومانەکە ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ی شوباتی 2024، بوو. دوو لەو ئۆتۆمبێلانە لە دەروازەی شارەکە، ئۆتۆمبێلێک لە نزیک وێستگەیەکی سووتەمەنی لە شارۆچکەی خانا سەرێ و ئۆتۆمبێلی چوارەمیش لە گوندی وانكێ کرانە ئامانج.
تاوەکو ئێستا هێزەکانی سووریای دیموکرات-هەسەدە و ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان لەبارەی هێرشەکانی ئەمڕۆوە هیچ راگەێیندراوێکیان بڵاونەکردوەتەوە.
ئەنجوومەنی سەربازیی سریان-سۆتۆرۆ کە سەر بە هەسەدەیە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، هێرشەکان لە رێگەی درۆن و لە لایەن تورکیاوە ئەنجامدراون و لە ئەنجامدا سێ شەڕڤانیان گیانیان لەدەستداوە و دوو شەڕڤانی دیکەش برینداربوون.
میدیای سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش دەڵێت، بەهۆی هێرشەکانەوە ژمارەیەک کەس کوژراون و بریندار بوون.
بەگوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان، لە هێرشەکاندا سێ هاونیشتمانیی سڤیل بە ناوەکانی حەیدەر رۆستەم تەمەن 16 ساڵ، رەشید عومەر تەمەن 49 ساڵ و محەممەدئەمین ئیسماعیل تەمەن 51 ساڵ بریندار بوون و بۆ نەخۆشخانەی دێرک گوێزراونەتەوە.
تورکیا دەڵێت، پەیەدە لقی رۆژئاوای کوردستان و سووریای پەکەکەیە. یەپەگەی باڵی چەکداریی پەیەدەش پێکهێنەری سەرەکیی هێزەکانی سووریای دیموکراتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ