رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پەروەردەی شارباژێڕ دەڵێت، لە سنووری سلێمانی جگە لە قۆناخەكانی 12ـی ئامادەیی و نۆی بنەڕەتی، دەوامی ناوەندەكانی خوێندن ئاسایی نییە. ئاماژە بەوەش دەکات: "چاوەڕێ دەكەین هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی یەک رابگەیێندرێ تاوەكو خوێندن ئاسایی بكەینەوە".
لەتیف حوسێن، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارباژێڕ لە سنووری سلێمانی، لەكاتی بەشداریکردنی لە پۆدكاستی (بە كاتیی سلێمانی) كە رۆژانی سێشەممە ئاسۆ سەراوی لە رادیۆی رووداو پێشكێشی دەكات رایگەیاند، لە دەستپێكی وەرزی دووەمی خوێندن دوو گرفت بۆ پڕۆسەی پەروەردە دروست بوون: "گرفتی یەكەمیان دواكەوتنی مووچەیە و گرفتی دوومیشیان خانەنشینبوونی سێ تەمەنی جیاواز بەیەكەوە كە لە سنووری سلێمانی نزیكەی دوو هەزار مامۆستا خانەنشین دەبن".
بەڕێوەبەری پەروەردەی شارباژێڕ باسی لەوەش كرد، بۆ دەستپێكردنەوەی خوێندن لە وەرزی دووەم چاوەڕێ دەكەن هەفتەی داهاتوو مووچە رابگەیێندرێت و گوتیشی: "بۆ دەستپێكردنی پڕۆسەی خوێندن بە تایبەت بۆ وەرزی دوومی خوێندن، هێشتا بیرمان لەوە نەكردوەتەوە كە پڕۆگرامی خوێندن كەمبكەینەوە، بەتایبەت بۆ ئەو قۆناخانەی تاقیكردنەوەی نیشتمانییان هەیە وەک 12ـی ئامادەیی و نۆی بنەڕەتی، بەڵكو چاوەڕێی ئەوە دەكەین كە مووچە بێت و دەست بە خوێندن بكەینەوە".
ئەو بەڕێوەبەرەی پەروەردەیی سنووری سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو کە لە 38 هەزار مامۆستای گرێبەست، نزیكەی 10 هەزاریان لە سنووری سلێمانیدان و گوتیشی: "لەبەرئەوەی مووچەی گرێبەستەكان لەسەر داهاتی نێوخۆیە و پەیوەندی بە عێراقەوە نییە، داوا دەكەین ئەگەر مووچەكانیان پێش نەخرێت، دواش نەخرێت و لەكاتی دابەشكردنی مووچەی مامۆستایان مووچەی گرێبەستەكانیش بدرێت، چونكە بەشی زۆری گرێبەستەكان لە دەرەوەی شارەكانن و لانیكەم تەنیا بۆ هاتووچۆ مانگی 150هەزار دیناریان پێویستە".
25-09-2024 وەرزی یەكەمی خوێندن دەستپێكرد، بەڵام هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە عێراق چەندین رۆژ بووە هۆكاری راوەستانی خوێندن و ئێستاش بەهۆی دواكەوتنی مووچەوە وەرزی دوومی خوێندن لە 10پەروەردەی سنووری سلێمانی پەكی یكەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ