رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەت دەڵێت، هەرێمی کوردستان "هیچ کات" مایەی هەڕەشە و مەترسی نەبووە بۆسەر هیچ لایەنێک و "وەکو قەوارەیەکی دەستووری و یاسایی لە عێراقدا، هەموو کات فاکتەری ئاسایش و ئارامیی عێراق و ناوچەکە بووە." ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەوڵی زیادکردنی ژمارەی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتن لە دەرەوە.
رۆژی یەکشەممە 28-01-2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سێیەمین کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەت لە دەرەوە کە لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، لە ساڵانی رابردوودا پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان پێشکەوتنیان بەخۆوە بینیوە و گەشەیان کردووە، "ژمارەی کۆنسوڵگەری و نێردە دیپلۆماسییەکان لە هەرێمی کودرستان لە زیادبوون و بەرفراوانبوونەوە دان."
حکومەتی هەرێمی کوردستان 14 نوێنەرایەتیی لە دەرەوە هەیە، لەوانە: ئەڵمانیا، ئەمریکا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا، ئوسترالیا، ئێران، بەریتانیا، فەرەنسا، سوێد، سویسرا، رووسیا، نەمسا و پۆڵەندا، لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەت لە یەکێتیی ئەوروپا.
مەسرور بارزانی ئەوەی خستەڕوو، هەوڵدەدەن لە داهاتوودا ژمارەی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی وڵات زیاتر بکەن و "لە چەند وڵاتێکی دۆست و گرنگ کە کۆنسوڵگەرییان لە هەرێمی کوردستان هەیە، نوێنەرایەتی بکەینەوە، بە مەبەستی برەودان بە دۆستایەتی و پەیوەندیی ئابووری، کولتووری، زانستی و ئەکادیمی."
"هەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەکی دەستووری و یاسایی لە عێراقدا، هەموو کات فاکتەری ئاسایش و ئارامی بووە لە عێراق و ناوچەکەدا و خوازیاری باشترین پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی،" ئەمەش وەکو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا ئاماژەی پێکرد.
بە گوتەی مەسرور بارزانی، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەلماندوویەتی کە هاوبەشێکی گرنگ و کارای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و لە چەندین بواردا جێگەی بایەخی وڵاتانی جیهانە، "بەتایبەتی کە هەرێمەکەمان ناوچەیەکی سەقامگیر و مەڵبەندی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە جیاوازەکانە."
سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە، "هەرێمی کوردستان هیچ کات مایەی هەڕەشە و مەترسی نەبووە بۆ هیچ لایەنێک و هەموو کات دەستی دۆستایەتیمان بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی درێژکردووە، بۆیە پێویستە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی جیهان لەبەرچاو بگیرێن و بپارێزرێن، پێویستیشە سەروەریی هەرێمی کوردستان و عێراق رێزی لێ بگیرێت و پێشێل نەکرێت."
مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆی بە پەرەپێدانی بنەمای دیموکراسی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان و سەروەریی یاسا و هەموو بەها هاوبەشەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیموکرات و پێشکەوتوو دووپات دەکاتەوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ستایشی رۆڵی رەوەندی کوردی لە تاراوگە کرد و رۆڵیانی بە "گرنگ و بەرچاو" لە وڵاتان ناوبرد، "هەندێک لەو وڵاتانەش لە بوارەکانی سیاسی، پەرلەمانی، زانستی و ئەکادیمیدا خاوەن پێگەیەکی دیار و رێزلێگیراون."
مەسرور بارزانی گوتیشی، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا بەرەوڕووی چەندین قەیرانی سیاسی، ئەمنی، ئابووری و دارایی بووەتەوە و "ناحەزان هەوڵیان داوە بە هەموو شێوەیەک کێشە و ئاستەنگ بۆ پێشکەوتن، ئاوەدانی و سەقامگیریی کوردستان دروست بکەن، بەڵام بە پشتیوانیی خودای گەورە، خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان، بەسەر هەموو ئاستەنگەکاندا زاڵ دەبین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ